سبەى
تورکیا لە ساڵى رابردوەوە چووەتە نێو دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانى رۆژئاواى کوردستان، لەنێویاندا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دواى ساڵانێکى زۆر لە دوژمنایەتى لەنێوانیاندا.
ئەم دانوستانانە کە لە ساڵی 2024 بە نهێنی دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە، بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دەیان ساڵەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەوەش بەپێی پێگەى ئەلمۆنیتۆر.
ئەلمۆنیتۆر بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردوەتەوە، کۆبوونەوە سەرەتاییەکان لە ئەوروپا - لە فەڕەنسا و سویسرا - لە نێوان بەرپرسانی تورکیا و نوێنەرانی باڵای ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتی کوردەکان بەڕێوەچوو.
ئەو کۆبوونەوانە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی مانگی ئازاری 2024ی تورکیا بەڕێوەچوون، کە تیایدا پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی وڵات بە پشتیوانی دەم پارتى سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان وایکرد حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کەناڵێکی نوێی دانوستان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بکاتەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ وەرگرتنەوەی پشتیوانی کورد و گرەنتیکردنى دەسەڵاتی ئەردۆغان لەدواى تەواوبوونى ویلایەتەکەى لە 2028.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، تورکیا هەوڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کوردەکانی سوریادا، سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکوری سوریا، کە هەزاران کەسی ئاوارە کردووە و ژێرخانی مەدەنیی ناوچەکەى لەناوبردووە.
گفتوگۆکان لەگەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ئەو هێزەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێت و بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کۆنترۆڵکردووە، دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی 2024 چووە قۆناغێکى نوێوە، ئەوەش بەپێی پێگەى میدل ئیست ئای.
جێگرتنەوەی ڕژێمی ئەسەد بە حکومەتێکی سەرکردایەتی سوننە لە سەردەمی ئەحمەد شەرع، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا هەبوو، ترسەکانی ئەنقەرەی لەبارەى هەسەدە کەمکردەوە.
دەوڵەت باخچەلی، هاوپەیمانی ئەردۆغان و نەیارێکی دێرینی مافەکانی کورد، لە ئۆکتۆبەری 2024 چاودێرانی سەرسوڕمان کرد، کاتێک داوایکرد ئۆجەلان ڕێگەی پێبدرێت وتار بدات لە پەرلەمان و ئەگەر هەیە لێبوردنیشی پێبدرێت ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە کۆتاییهێنان بە شەڕى تورکیا و پەکەکە.
ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا بانگەوازێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاوکردەوە. سەرکردایەتی پەکەکە کە بارەگاى سەرەکى لە چیای قەندیلە، لە ١٢ی ئایاردا بە ئاشکرا بانگەوازەکەی ئۆجەلانی قبوڵ کرد.
لە چوارچێوەی ئەم پرۆسە فراوانترەدا، مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە مانگی شوباتدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی نوێی سوریا واژۆکرد، بەڵێنیدا هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکبخات لەگەڵ سوپای نیشتمانی سوریادا.
هەروەها ڕێککەوتنەکە بناغەی داڕشت بۆ ئەوەی حوکمڕانی بە سەرۆکایەتی کورد لە چوارچێوەیەکی لامەرکەزیدا لە ژێر چاودێری دیمەشقدا کاربکات کە ئەنقەرە ساڵانێکە دژی وەستاوەتەوە.
بەپێی میدل ئیست ئای، هەڵوێستی تورکیا لە گۆڕاندایە، ئێستا ئەنقەرە کراوەیە بۆ ئۆتۆنۆمی نافەرمی کورد، بە مەرجێک لە دەستووردا نەچەسپێنرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆبوونەوە ڕاستەوخۆکانی تورکیا و هەسەدە کە هەفتەی ڕابردوو لە باشووری تورکیا بەڕێوەچوو، لەلایەن ئەمەریکاوە ئاسانکاری بۆ کراوە.
کارنامەى کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە ئەگەری کشانەوەی سەربازی ئەمەریکا لە سوریا، گواستنەوەی دەستبەسەرکراوان و کەمپەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا، هەروەها یەکخستنی هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا.
مەزڵوم کۆبانێ رۆژى 30ى ئایار گفتوگۆ بەردەوامەکانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ تورکیا زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە و دەکرێت پەرەبسێنێت بۆ چارەسەرێکى بەردەوام.
بەپێی زانیارییەکانی ئەلمۆنیتۆر، لەئەگەری پێشکەوتنی دانوستانەکان، رەنگە هەریەک لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا یان ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگری تورکیا لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆبنەوە.
کردنەوەی دەروازەی سنووری نوسەیبین - کە لە ساڵی 2012 ەوە داخراوە - لەنێو ئەو پرسانەدایە کە باسی لێوە دەکرێت، هەنگاوێکە کە دەتوانێت کەرتى بازرگانی ناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیندوو بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا داواکاری سەرەکی ئەنقەرە وەک خۆی ماوەتەوە، کە خۆى دەبینێتەوە لە نەهێشتنی تەواوی کاریگەریی پەکەکە لەناو ئیدارەی خۆسەردا.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە "میدل ئیست ئای"ی ڕاگەیاندووە، پێشوازی لە هەوڵەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و سوریا دەکەن.
تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا لە سوریا بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندووە، بەردەوامی مانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا بەندە بە پێشکەوتن لەگەڵ دیمەشق و هۆشداریدا لەوەی کە بوونی سەربازی ئەمەریکا کەمدەکرێتەوە و ئەگەر هەیە تەنها یەک بنکە بمێنێتەوە.
سەرەڕای ساڵانێک دوژمنایەتی، دانوستانەکانی تورکیا و هەسەدە کە پێشتر بە مەحاڵ دادەنرا بە هێمنی کەوتووەتە سەرپێ، ئەوەش لە ڕێگەی زنجیرەیەک رێککەوتن و ئاگربەست، کەناڵەکانى پشتەوەى دیپلۆماسی و نیگەرانییە هاوبەشەکان سەبارەت بە ئاسایشی دوای داعش و سەقامگیریی ناوچەکە.