وێنەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران
سبەی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی كوردستان نادەستوریی و نایاساییە و سزادانی بە كۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە، دەشڵێت "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێشینەی هاوسەرگیری بۆ كو ڕو كچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەدات".
ئەمڕۆ چوارشەممە چواری حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، "بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سەرەتا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ كردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەكانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێككەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاكرا بۆ دابینكردنی تەواوی مووچەی مانگەكانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی كە ڕێگە نادات ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە، هۆكار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەكسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەكان جێگیركردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی كردووەتەوە لەسەر مامەڵەكردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەك هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەك، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش كە چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حكومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەكۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە".
هەر لەوبارەیەوە، بەپێی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران؛" بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی كوردستان بە نا دەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای كرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بكات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەكانی خۆیان وكار بە دوا ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بكرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەكی فەرمی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بكرێت كە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەكان ڕوونبكرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر كردنی گرفتی مووچەی هەرێم بكرێت لە چوارچێوەی دەستور".
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، "تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كە پێشنیاریان كردووە لێخۆشبوون بۆ كوڕو كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بكرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی كە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێك لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحموود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەكە دا". ئەمەش بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی كارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و كرێی رۆژانە.
راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران نوسیویەتی "پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواكاری ئەو كارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێكی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەكان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ئامادەكاری باشتری بۆ بكرێت لە ڕووی یەكخستنی ژمارە و ئامارەكان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەكان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەكە، تا لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەكلاییكەرەوەی لەسەر بدرێت".
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەكاتەوە.