هێزێکی تورکیا لە سوریا
سبەی
وەزیری بەرگریی توركیا ئاشكرایكردووە، تائێستا هیچ پلانێكیان نییە بۆ كشانەوە یاخود گواستنەوەی هێزەكانیان لە سوریا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە.
یەشار گیولەر، وەزیری بەرگریی توركیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە:"توركیا راهێنان بە هێزەكانی سوپای سوریا دەكات و راوێژیان پێشكەش دەكات، هەروەها كار بۆ ئەوە دەكات بەرگریی ئاسمانی سوریا بەهێز بكات، هیچ پلانێكیشی نییە بۆ كشانەوە یاخود گواستنەوەی هێزەكانی سوپای توركیا لە سوریا بەمزووانە".
توركیا لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە كۆتایی ساڵی رابردوو، بە یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكومەتی نوێ لە دیمەشق دادەنرێت.
پێش نزیكەی هەفتەیەك، میدیاكانی توركیا ئاشكرایانكرد، سوپای توركیا پلانی هەیە بنكەیەكی سەربازیی لە سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" دروست بكات.
وەك ئەو میدیایانەی توركیا باسیان لێوەكردبوو، توركیا بنكەیەكی دەریایی و بنكەیەكی ئاسمانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" دروست دەكات، ئەوەش بە مەبەستی روبەڕووبوونەوەی "داعش".
هەروەك میدیاكانی توركیا ئاماژەیان پێكردووە، توركیا هاوكاری دەسەڵاتدارانی سوریا دەكات، هێزی ئەمنیی و سوپاكەیان رێكبخەنەوە.
بوونی سەربازیی توركیا بەشێوەیەكی سەرەكیی لە باكوری سوریایە، هاوكات لەساڵی 2018 ەوە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیان داگیركردووە، لەوانەش شاری عەفرین.
بەوتەی میدیاكانی توركیا، كۆبوونەوە لەنێوان پێنج وڵات ئەنجامدراوە بۆ هەماهەنگیكردن لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، كە توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانە. بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەكانی دیكە ئاشكرا بكات.
ئامادەكاری توركیا بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی لە سوریا لەكاتێكدایە، پێشتر هەوڵی دروستكردنی بنكە لەلایەن توركیاوە روبەڕووی ناڕەزایەتی ئیسرائیل بوەوە، چەند جارێك ئەو شوێنانە بۆردومانكران كە توركیا بەنیازبوو بنكەی نوێی تێدا دروست بكات.