سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوا لە حكومەت دەكات لە بڕیاری نەناردنی مووچە بۆ هەرێم پاشگەز ببێتەوە

#عێراق#هەرێم#مووچە#پەرلەمان
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەو راگەیەندراوە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بە دوو مەرج، یەكەمیان كە ئەو پارەیە بەشێوەی قەرز بێت و لەدەرەوەی حسابە فەرمییەكان، دووەمیش پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی بەغداد و هەرێم بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی ئەو كێشەیە بكرێت.
Primary Asset

پەرلەمانی عێراق

سبەی

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا نیگەرانی خۆی لە بڕیاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی عێراق دەردەبڕێت، سەبارەت بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، داوای لێدەكات لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە و بەخێرایی بینێرێت.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە: "سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت بە بڕیاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەو رێوشوێنە بە دڵنیایی زیان بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، قەیرانی دارایی دروست دەكات و ئەوەش پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستورە كە مافی سەرجەم هاوڵاتیانی لە پارێزگاكان مسۆگەر كردووە".

راگەیەندراوەكە دەڵێت "سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە، بەتایبەت كە بەرەو جەژنی قوربان دەڕۆین، نابێت قوتی گەل و شایستەكانی ببەسترێتەوە بە پرسی سیاسی و تەكنیكیەوە، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و تێگەیشتن تاكە رێگەیە بۆ چارەسەری كێشەكان و پرسەكانی نێوان بەغداد و هەولێر".

ئەو راگەیەندراوە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بە دوو مەرج، یەكەمیان كە ئەو پارەیە بەشێوەی قەرز بێت و لەدەرەوەی حسابە فەرمییەكان، دووەمیش پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی بەغداد و هەرێم بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی ئەو كێشەیە بكرێت.

لە 28 ی ئایاری ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێك حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردەوە، كە چیتر ناتوانێت پارەی مووچە بنێرێت، پاساوەكەشی ئەوەبوو كە لە بودجەی 12.67 ی سێ ساڵی پشكی هەرێم كۆتایی هاتووە و زیاتر لە 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە، جگە لەوەی هەرێم لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا واتە لە 2023 ەوە تا نیسانی 2025 داهاتی نەوتی و نانەوتی 19 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام تەنها 598 ملیار دیناری بۆ بەغداد ناردووە.

بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، ناڕەزایەتی حكومەتی هەرێم و پارتی و چەند لایەنێكی دیكەی لێكەوتەوە، فراكسیۆنە كوردییەكانیش رۆژێك دواتر ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای دەستێوەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد بۆ چارەسەری كیشەكە و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستانیان بە نایاسی و نادەستوری ناوبرد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی