برسێتى لە غەززە؛ روخسارێکى دیکەى مەرگ

#غەززە#
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ئامارەکانى وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، کۆی گشتی ئەو کەسانەى تا رۆژى سێشەممە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گەیشتە 101 کەس، کە 80 یان منداڵن.
Primary Asset

بەپێی ئامارەکان 900 هەزار منداڵ لە غەززە بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن و 70 هەزاریان کەوتوونەتە دۆخی بەدخۆراکییەوە

سبەى

لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا هیچ شتێک لە ژیان ناچێت. برسێتی بووەتە ڕوخسارێکی تری مەرگ، خۆی دەخزێنێتە ناو چادرەکانی ئاوارەکان و جەستەیان ماندوو دەکات و دایکان و باوکان ناتوانن خۆراک بدەن بە منداڵەکانیان.

شایەتحاڵەکان باس لە ئازارە بەردەوامەکانی خەڵک دەکەن لەو کەرتە گەمارۆدراوە، بەهۆی سنووردارکردنی ئیسرائیل بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان، لە کاتێکدا خۆراک و هیچ ئامرازێک بۆ مانەوە لە ژیان نەماوە.

یەکێک لە دانیشتووانی کەرتی گەمارۆدراوی غەززە بە ناڕەحەتی و ئازارەوە بە بی بی سی وتووە: "هەست دەکەم ڕۆژێک دێت دەچمە دەرەوە خواردن بۆ منداڵەکانم بهێنم، جانتایەک هەڵدەگرم بۆ هەڵگرتنى خواردن، بەڵام لەهەمان جانتادا وەکو تەرم کە لەسەر پشتی خەڵک هەڵدەگیرێن دەگەڕێمەوە".

دەشڵێت "تا ئێستا هیچ کام لە پێداویستییەکانی ژیانم وەرنەگرتووە، ڕاستگۆیانە یەک شتم نەخواردووە". پیاوێکی دیکە پشتڕاستی کردەوە کە بەدەستهێنانی خۆراک بووەتە مەحاڵ. "ئێمە دەچینە دەرەوە بەدوای ناندا بۆ ئەوەی خۆراک بدەین بە منداڵەکانمان. ئێمە زۆر شتمان دەوێت، بەڵام ناتوانین هیچ شتێک بهێنین. نرخەکان زۆر گرانن و سەختییەکان لە هەموو لایەکەوە دەوریان داوە. ژیان بووەتە شتێکی مەحاڵ".

هەندێک لە هاووڵاتییان ئامادە نەبوون باسی ئازارەکانیان بکەن لە ژێر برسێتیدا. یەکێکیان بە نائومێدیەوە وتی "چیرۆکەکانمان لە هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن دووبارە دەبنەوە، بەڵام هیچمان دەست نەکەوتووە، برسێتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، هیچ هیوایەکی نییە".

کارەساتەکە لەوەش گەورەترە بۆ دایکێک کە باسی کوڕەکەی دەکات، کە ڕۆژ بە ڕۆژ سەیری وشکبوونەوەی جەستەی دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر کێشی 40 کیلۆگرام بوو، بەڵام ئێستا کێشی لە 10 کیلۆ زیاتر نییە".

 "هەزاران جار هاوار دەکەم، ڕۆژانە هەزار جار دەمرم کاتێک دەیبینم توانای ڕۆیشتنی نییە، دوای ئەوەی وەک هەر منداڵێکی ئاسایی دەجووڵایەوە و یاری دەکرد".

ئوم موناوەر، دایکی پێنج منداڵە، دەڵێت "ئێمە نانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە ناخۆین، گرنگترین شت بۆ من خواردنی منداڵەکانمانە؛ گرنگ نییە نان بخۆین، کچەکەم لە برسێتیدا دەگری... هیوادارین رێڕەوەکان بکرێنەوە".

هاوڵاتییەک گلەیی لە بەرزى نرخ دەکات کە تەنانەت سەرەتاییترین شتومەکی خۆراکیش کاریگەری لەسەر دروستکردووە و دەڵێت "ئارد و تەنانەت فەلافلیش نرخیان زۆر گرانبەهایە. ئێمە باینجانمان کڕیوە و کوڵماندووە و بە تەنیا خواردمان. جەستەمان بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە لاواز بووە، هیچ چارەسەرێکیش نییە".

ژنێکی تر دەڵێت "هیچ شتێک نییە منداڵەکان تێر بکات، نرخەکان زۆرن، پارەش نییە، خەڵک ناتوانێت بە پێ بڕوات".

لە بەیت حانونەوە، نەبیل ئەبو جەرادی تەمەن 76 ساڵ، باسى خۆى دەکات و دەڵێت "زیاتر لە 15 ڕۆژە نانم نەخواردووە، بەرگەی برسێتی و سەرگێژخواردن ناگرم بەهۆی کەمی شەکری خوێنەوە. بەسە خەڵکینە. بەخوا ئێمە ماندووین و دەمرین".

لە کاتێکدا غەززەییەکان ئازارەکانیان بەڵگە دەکەن لە نێوان کەمی خۆراک و برسێتی بەربڵاودا، پزیشکێکی مەیدانی رایگەیاند، کە حاڵەتەکانی بەدخۆراکی زۆر زیادی کردووە، کە چیتر تەنها بۆ منداڵان سنووردار نییە بەڵکو کاریگەری لەسەر گەورەکانیش هەبووە. ڕوونیشیکردەوە، "نزیکەی 20 نەخۆشمان هەیە کە بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا زۆر قورسە بە لەبەرچاوگرتنی کەمی دەرمان و پێداویستی".

کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵ کە لە شەڕەکەدا بریندار بووە، لە سەر تەختی نەخۆشخانەکەیەوە قسەی کرد و وتی، "بارودۆخەکە زۆر خراپە، خواردن نییە، دەرمان نییە، بەدخۆراکیم هەیە و برینەکەم ساڕێژ نابێت، چونکە پێویستم بە خۆراکە، داوای هیچ شتێک ناکەم جگە لە پارچە نانێک".

ئایا یوسف، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ، لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە خێمەیەکی ئاوارەکانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە قۆڵی بڕایەوە جەختدەکاتەوە، "غەززە چیتر شوێنی نیشتەجێبوون نییە، ئێمە لە برسێتیداین، کیلۆیەک برنج نرخی 75 دۆلارە، من بریندارم، جەستەم پێویستی بە پرۆتین و تەواوکەری خۆراکی هەیە، بەڵام هیچ شتێک لەبەردەستدا نییە، ناتوانم نەخۆشخانە بەجێبهێڵم".

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، کۆی گشتی ئەو کەسانەى تا رۆژى سێشەممە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گەیشتە 101 کەس، کە 80 یان منداڵن.

هەر بەپێی ئامارەکان، 900 هەزار منداڵ بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، 70 هەزاریان کەوتوونەتە دۆخی بەدخۆراکییەوە. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت دۆخى کارەساتبارى غەززە لەمێژووى نوێدا هاوشێوەى نییە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی