چوپێکی کۆچبەران گەیشتووەتە کەناراوەکانی بەریتانیا
سبەی
بەریتانیا سزا بەسەر تۆرێكی قاچاغدا دەسەپێنێت و ناوی ژمارەیەك قاچاغچی كوردیش بڵاودەكاتەوە. كە بەوتەی ئەوان "بەشێوەی نایاسایی خەڵك دەبەنە بەریتانیا".
میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، حكومەتەكەیان 25 كەس و کۆمپانیا لە تۆڕێكی قاچاغیی سزا دەدات، كە بە شێوەیەكی نایاسایی خەڵك دەبەنە نێو بەریتانیاوە.
بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی بەریتانیا، سزاكان جەخت لەسەر ئەو كەس و ڕێكخراوانە دەكاتەوە كە لە قاچاغچێتی خەڵك و هاندانی كۆچكردنی نایاسایی بۆ بەریتانیا تێوەگلاون، لەوانەش كۆمپانیای دابینكەری بەلەمی بچووك لە ئاسیا، كۆمپانیاكانی گواستنەوەی پارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەركردەی "چەتە"كان لە بالكان و باكوری ئەفریقیا.هەروەها سزاكان بلۆككردنی موڵك و هەژمارە بانكیی و داراییەكانی دیكە و هەروەها قەدەغەی گەشتكردن بۆ بەریتانیا لەخۆ دەگرێت.
ناوی قاچاغچییەكان
بەریتانیا هاوكات ناوی ژمارەیەك لەو كەسانەشی بڵاوكردووەتەوە كە كاری قاچاغچێتی دەكەن، ئەوانیش:" گۆران ئەسعەد جەلال، بەشێك بووە لە گروپێكی تاوانی ڕێكخراو كە كۆچبەرانی لە لۆرییە ساردكەرەوەكاندا شاردووەتەوە و لە كەناڵی ئینگلیزەوە واتە لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیای بردوون، لانیكەم لە نێوان كانوونی دووەم و ئازاری 2019، 10 جار ئەمەی كردووە.
یەكێكی دیكە لەو كەسانەی حكومەتی بەریتانیا ناوەكەی بڵاوكردوونەتەوە، هێمن عەلی ساڵحە، "یارمەتی بەقاچاغبردنی كۆچبەرانی بۆ ناو بەڕیتانیا داوە لە پشتی لۆرییەكانەوە.
"دێدەوان دزەیی، قاچاغچییەكە كە خانوویەكی لە باكوری فەڕەنسا دابین كردووە تا كۆچبەران پێش ئەوەی بە قاچاخ ببرێنە بەڕیتانیا، لەوێ بمێننەوە".
حكومەتی بەریتانیا هەروەها دەشڵێت " ڕۆمان ڕانیەیی، قاچاخچییەكی عێراقییە كە بەرپرسیارە لە بەقاچاخبردنی كۆچبەران لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا".
ئازاد خۆشناو یەكێكی دیكەیە لەو قاچاغچیانەی بەریتانیا ناوەكەی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت " لەبەر دابینكردنی بەلەمی چووپ، ماتۆڕی بەلەم و كەرەستەی دەریایی دیكە بۆ بەكارهێنانیان لە بەقاچاغبردنی كۆچبەران لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیایە".
هەروەها نەوزاد خۆشناو، "كاری دابینكردنی پێداویستی بووە بۆ مافیاكان لە باكوری فەڕەنسا وەك ماتۆڕی بەلەم، بەلەمی چووپ و پێداویستیی دیكەی دەریایی بۆ بەكارهێنانیان لە بەقاچاغبردنی كۆچبەران بۆ نێو بەڕیتانیا".
نیهاد موحسین خۆشناو، یەكێكی دیكەیە لەو كەسانەی بەریتانیا ناوی وەك قاچاغچی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت " بەلەمی چووپ، ماتۆڕی بەلەم و كەرەستەی دیكەی دەریایی دابین كردووە كە كۆچبەران بەكاریان دەهێنا بۆ پەڕینەوە لە كەناڵی ئینگلیز لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا".
تۆڕی ئاڵوگۆڕی پارە
محەممەد خدر پیرۆت، یەكێكە لەو كەسانەی بەریتانیا ناوەكەی وەك تۆڕی حەواڵە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت " بانكداری حەواڵە بووە كە كۆنترۆڵی پارەدانەكان دەكات بۆ ئەو كەسانەی كە بە قاچاخ لە هەرێمی كوردستانەوە، لە ڕێگەی توركیاوە، دەبرێن بۆ ئەوروپا".
مەریوان جەمال، یەكێكی دیكەیە لە ناوەكان و حكومەتی بەریتانیا دەڵێت " كۆنترۆڵی جوڵەی پارە دەكات لە ڕێگەی بانكداری حەواڵەوە بۆ پارەدان بەو قاچاغچییانەی كە كۆچبەران لە عێراقەوە دەگوازنەوە".
ڕەفیق شەقڵاوەیی، "بەشدار بووە لە كاری حەواڵەدا وەك ڕاوێژكار بۆ ئەو كۆچبەرانەی كە دەیانەوێت پارە بدەن بە قاچاغچییەكان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە ڕێگەی توركیاوە". ئەمەش بەوتەی حكومەتی بەریتانیا.
ساڵێک لەمەوبەر سەرۆک وەزیران بەڵێنیدا
لەنێو لیستی سزادراون، 20 کەس، چوار باند و کۆمپانیایەک هەن.
کییەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ساڵێک لەمەوبەر دەسەڵاتی گرتەدەست و بەڵێنی دا لە رێگەی "هەڵوەشاندنەوەی باندەکان" رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات.