گەورەترین دەریاچەی ئێران و سێیەم دەریاچەی سوێری جیهان دوا هەناسەكانی دەدات

#ئێران#رۆژهەڵاتی کوردستان#ورمێ#دەریاچەی ورمێ
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دەریاچەی ورمێ وەک گەورەترین دەریاچەی ئێران و سێیەم دەریاچەی سوێری جیهان ساڵانێکە لە دۆخێکی مەترسیداردایە و هۆشداری شارەزایانی ژێنگەش بۆ مەترسییەکانی وشکبونی دریاچەکە نەیتوانیوە هیچ جۆرە هەنگاوێکی جددی بەرپرسانی ئێرانی لێبکەوێتەوە.
Primary Asset

دیمەنێکی دەریاچەی ورمێ

سبەی

 دەریاچەی ورمێ وەک گەورەترین دەریاچەی ئێران و سێیەم دەریاچەی سوێری جیهان، تا چەند رۆژ و هەفتەی دیکە بەتەواوەتی کۆتایی بە ژیانی دێت و وشک دەبێت، بەمەش نەک تەنها سەرچاوەیەکی گەورەی سروشتی لەناو دەچێت، بەڵکو مەترسی بۆ سەر گیانی ملیۆنان کەس دروست دەبێت.

حوججەت جەباری، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی پارێزگای ورمێ، بە میدیای ئێرانی راگەیاندووە" دەریاچەی ورمێ هەناسەکانی لە کۆتاییدایە و ئێستا خەریکە بە تەواوەتی وشک دەبێت." 

دەریاچەی ورمێ وەک گەورەترین دەریاچەی ئێران و سێیەم دەریاچەی سوێری جیهان ساڵانێکە لە دۆخێکی مەترسیداردایە و هۆشداری شارەزایانی ژێنگەش بۆ مەترسییەکانی وشکبونی دریاچەکە نەیتوانیوە هیچ جۆرە هەنگاوێکی جددی بەرپرسانی ئێرانی لێبکەوێتەوە.

بە گوێرەی شارەزایانی بواری ژینگە لە دەیەکانی ڕابردوودا و لە ئەنجامی بەڕێوەبردنی نەشیاوی دەریاچەکە و لەبەرچاونەگرتنی بنەما ژینگەییەکان، دەریاچەکە ڕووی لەوشکبوون کردووە.

بەشی باکوری دەریاچەکە، کە تەنیا 100 کیلۆمەتری چوارگۆشەی ڕووبەری گشتیی دەریاچەکە پێکدەهێنێت، ڕێژەیەکی یەکجار کەم، بە قووڵیی پێنج سانتیمەر ئاوی تێدا ماوە و بەم زووانە ئەویش دەبێتە هەڵم، پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری لەوە دەدەن، تا کۆتایی ئەم هاوینە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، دەریاچەکە وشک دەبێت و دەشتێکی شۆرەزار(خوێیاوی) جێگەی دەگرێتەوە.

بە گوێرەی ئەو شارەزایانە دروستکردنی دەیان بەنداو لە بەرانبەر ئەو رووبارانەی کە بەرەو دەریاچەکە دەڕۆن، هاوکات هەڵکەندنی زیاتر لە 102 هەزار بیر لە ناوچەی حەوزی دەریاچەی ورمێ ئەو کارەساتەی خولقاندووە.

هاوکات زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە و لەوەڕگاکان وشک کراون و دواتر کراونەتە زەویی کشتوکاڵی، هەروەها گواستنەوەی ئاوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانەش بۆکان و میاندواو بۆ تەبرێز و کەم ئاوی و بێبارانی ساڵانی رابردووش کاریگەری گەورەی لەسەر وشکبوونی دەریاچەکە داناوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندان نەخشە و بەڵێنی جۆراوجۆر بۆ زیندووکردنەوەی دەریاچەکە پێشنیاز کران، بەڵام وەک دەردەکەوێت، هیچ کام لەوانە نەیانتوانیوە ڕێگە لە مەرگی لەسەرخۆی ئەم ڕووبەرە ئاوییە گرنگە بگرن.

هەندێک لە شارەزایانی ژینگە پێشبینی دەکەن ئەگەر دەریاچەکە وشک بێت، کەشوهەوای مامناوەندی ناوچەکە دەگۆڕێت بۆ کەشوهەوای گەرم و بای خوێ سەرهەڵدەدات و  ژینگەی ناوچەکەش دەگۆڕێت.

 جگە لە خوێ، زۆرێک لە پیسکەرەکان، لەوانە کانزا قورسە ژەهراویەکان کە لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێن و ماددە ژەهراویەکانی کە لە کشتوکاڵدا کەڵکیان لێوەردەگیرێت، چونەتە ناو ئاوەکانی سەر ڕووی زەوی و ژێرزەوی پەیوەست بە دەریاچەکەوە و ئەگەر دەریاچەکە وشک بێتەوە، زۆرێک لە ماددە ژەهراویەکان دەبنە هۆی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و زیانی مەترسیدار بۆ سەر ژینگە و خەڵکی ناوچەکە دروست دەکەن.

هەروەها شارەزایان و چالاکانی بواری ژینگە پێیان وایە، مەترسی وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ هەڕەشە لە ناوچەیەک دەکات لە دووری ٥٠٠ کیلۆمەتری ئەو دەریاچەیە، پێشبینیش دەکرێت ئەگەر دەریاچەکە وشک بێتەوە، ئەوا بارانێکی خوێ لە زۆرێک لە پارێزگاکانی ناوچەكە ببارێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی 13 ملیۆن کەس.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی