
قەرزى مووچە و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 30 ترلیۆن دینار تێدەپەرێنێت
سبەى
قەرزى مووچە و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 30 ترلیۆن دینار تێدەپەرێنێت، لەگەڵ دیارنەبوونى چارەنووسى دوو مووچەى ئەمساڵ و بێدەنگى هەریەکە لە هەرێم و بەغداد لەو بارەیەوە.
رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە 27ى ئەیلولى ئەمساڵ، کۆتایی بە کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نەهێنا، فەرمانبەران و خانەنشینان لەکۆتا رۆژەکانى ساڵى 2025، مووچەى مانگى 10 یان وەرگرت و چارەنووسى مووچەى مانگەکانى 11 و 12 بە نادیارى ماوەتەوە.
پاشەکەوت و لێبڕین
چیرۆکى قەرزى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لە تەمموزى ساڵى 2015 دەستیپێکرد، کاتێک بە پاساوى بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لەلایەن بەغداد، قەیرانى دارایی و دابەزینى نرخى نەوتەوە، حکومەتى هەرێم دەستیکرد بە بڕینى بەشێک لە مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان.
چارەکە مووچە
ساڵى 2015 لەکۆى 12 مووچە، چوار مووچە پاشەکەوتکرا، ساڵى 2016 مووچە بە لێبڕینەوە دابەشکرا کە لەناو فەرمانبەراندا بە چارەکە مووچە ناسراوە، ساڵى 2017، 11 مووچە هەر بەو شێوەیە دابەشکراو و مووچەیەکیش پاشەکەوتکرا. ساڵى 2018، 11 مووچە بەپاشەکەوتکردنى بەشێکى دابەشکرا.
ساڵێکى سەقامگیر و ساڵێکى سەخت
ساڵى 2019 حکومەتى ئەوکاتى هەرێم کۆتایی هاتنى پاشەکەوت و لێبڕینى مووچەى راگەیاند و لەو ساڵەدا سەرجەم مووچەکان دابەشکران، بەڵام ئەوە تەنها ساڵێک بڕى کرد و ساڵێکى دیکەى سەخت بۆ فەرمانبەران دەستیپێکردەوە.
لەو ساڵەدا (2020) تەنها مووچەیەک بەتەواوى دابەشکرا، لەگەڵ سێ مووچە بە لێبڕینى 21%، یەکێک بە لێبڕینى 18%، حەوت مووچەش دابەشنەکرا.
ساڵى 2021، رەوشەکە کەمێک گۆڕانکاریی بەسەردا هات، دواى دابەشکردنى شەش مووچە بە لێبڕینى 21%، شەش مووچەکەى تر بەتەواوى دابەشکران.
فەوتانى سێ مووچە
دواى تێپەڕاندنى ئەو ساڵە، ساڵێکى دیکەى سەقامگیریی بۆ فەرمانبەران دەستیپێکرد، کاتێک لە ساڵى 2022 سەرجەم مووچەکانیان بەتەواوى وەرگرت، ئەو رەوشە تا چارەکى کۆتایی ساڵى دواتر بەردەوام بوو، کاتێک فەرمانبەران بێبەشبوون لە مووچەى سێ مانگى کۆتایی 2023. هەمان ساڵ کە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان راگیرا.
بەڵام ئەو رەوشە لەساڵى دواتر (2024) کۆتایی هات و فەرمانبەران 11 مووچەیان بەتەواوى وەرگرت، بەڵام مووچەى مانگى 12 دابەشنەکرا و هەرێم و بەغداد یەکتریان بە هۆکارى دابەشنەکردنى تۆمەتبارکرد، ئەگەرچى بەغداد نیوەى پارەى مووچەى ناردبوو، بەڵام هەرێم مووچەى مانگى 11ى پێ دابەشکرد.
رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە ئەیلولى ئەمساڵدا نەبووە هۆى کۆتایی هێنان بە کێشەى تەواوەتى مووچەى فەرمانبەران و دوو مووچەى کۆتایی ئەمساڵ دابەشنەکراوە، لەکاتێکدا ئەمساڵ کۆتایی دێت.
زیاتر لە 30 تریلیۆن دینار
کۆى قەرزى مووچەى فەرمانبەران لەلاى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەگاتە زیاتر لە24 ترلیۆن و 411 ملیار دینار، لەگەڵ زیاتر لە شەش ترلیۆن دینارى شایستەى پلەبەرزکردنەوە، کە پێکەوە دەگاتە زیاتر لە 30 ترلیۆن دینار.
پێشنیاز و چارەسەر
لە ساڵانى رابردوودا چەندین پێشنیاز لەسەر ئاستى پەرلەمانتار و پسپۆڕان بۆ چارەسەرى کێشەى قەرزى مووچە خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا حکومەتى هەرێم بەفەرمى هیچ پێشنیازێکى لەو بارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
پێشنیازەکان خۆیان دەبیننەوە لە، پاکتاوکردنى بەشێک لە قەرزى مووچەى فەرمانبەران لەگەڵ ئەو قەرزانەى حکومەت کە لەلاى مووچەخۆرانە، لەگەڵ پێدانەوەى بەشێک لە قەرزەکە لەگەڵ مووچەى مانگانە.
ساڵى 2018، وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم دڵنیاییدا كە پاشەكەوتی موچە بەپێی یاسا مافێكی فەرمانبەرانەو بەهیچ جۆرێك نافەوتێت و دەدرێتەوە، بەڵام شێوازی دانەوەكەی لەسەر داهاتی حكومەت ڕەنگە درەنگ بكەوێت یان میكانیزمی تایبەتی بۆ بگیرێتەبەر.
