سعودیە و ئیمارات؛ لە دۆستایەتییەوە بۆ دوژمنایەتی

#ئیمارات#سعودیە#یەمەن#دەوحە#قەتەر#ئەبو زەبی
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • لە ساڵانی رابردوودا، سعودیە و ئیمارات وەک هاوپەیمانێکی نزیک لە کەنداو دەبینران، رووداوەکانی ئەم دواییانە دەرخەری ناکۆکییەکی قووڵی ئەو دوو لایەنەیە
Primary Asset

سبەی

ناکۆکییەکانی سعودیە و ئیمارات لە بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە (30ـی کانوونی یەکەمی 2025) دەستیپێکرد، کاتێک فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی "هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعیەت" لە یەمەن بە سەرۆکایەتیی سعودیە، هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر دوو کەشتیی بارهەڵگر، کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی سەربازییان گەیاندبووە بەندەری مەکەلای یەمەن، بۆ پاڵپشتیی ئەنجومەنی کاتیی قۆناغی گواستنەوەی حەزرەمووت و مەهرە و بەشێکی زۆری کەرەستە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان لەناوبرد.

لە ساڵانی رابردوودا، سعودیە و ئیمارات وەک هاوپەیمانێکی نزیک لە کەنداو دەبینران، رووداوەکانی ئەم دواییانە دەرخەری ناکۆکییەکی قووڵی ئەو دوو لایەنەیە.

کرۆنۆلۆجیای پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیمارات لە ساڵەکانی رابردوودا:

2011: لەگەڵ فراوانبوونی بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی کەنداو، سعودیە و ئیمارات بەرەیەکی هاوبەشیان دژی جووڵانەوە ئیسلامییەکان پێکهێنا.

2013: هێزێکی هاوبەشیان لە بەحرەین جێگیرکرد بۆ پاڵپشتیکردنی عەبدولفەتاح سیسی، فەرماندەی سەربازیی میسر بۆ دوورخستنەوەی ئیخوان موسلمین لە دەسەڵات، سەرکەوتووش بوون لەو هەوڵەیاندا.

2015: سعودیە و ئیمارات بۆ رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان لە یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان ئەنجامدا. هێزەکانی ئیمارات لە زەوییەوە و هێزەکانی سعودیە لە ئاسمانەوە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن حوسییەکانەوە لەکارخرابوو.

2017: هاوپەیمانیی سعودیە و ئیمارات سەریکێشا بۆ بایکۆتکردنی قەتەر و تۆمەتباریان کرد بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر. ئەو هەنگاوە پەیوەندییەکانی نێوان محەمەد سەلمان، شازادەی سعودیە و محەمەد زاید، سەرۆکی ئیماراتی بەهێزتر کرد.

2019: ئیمارات هێزەکانی لە یەمەن کشاندەوە، بەڵام لە رێگەی ئەنجوومەنی کاتیی باشوور، لە سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر یەمەندا بەردەوام بوو. دوای کشاندنەوەی هێزەکانی ئیمارات، سعودیە بە تەنها مایەوە لە جەنگ دژی حوسییەکان.

2020: ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر رێڕەوەی ئەبراهامدا و بەسەرپەرشتیی ئەمەریکا ئاسایی کردەوە. سعودیە رەتی کردەوە شوێنپێی ئیمارات هەڵبگرێت، جەختی کردەوە لە بە دەوڵەتبوونی فەلەستین، ئەوەش کەناڵێکی تایبەتی بە ئەبو زەبی بەخشی بۆ واشنتن.

کانوونی دوومی 2021: سعودیە لوتکەی عولای بەڕێوەبرد بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ قەتەر. ئیمارات بە دوودڵییەوە هەنگاوی نا بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر.

شوباتی 2021: ریاز دژی چالاکییە بازرگانییەکانی ئیمارات دەستی بە جووڵە کرد، بە کۆمپانیا دەرەکییەکانی راگەیاند تا 2024، ئەگەر بنکەکانیان نەگوازنەوە بۆ سعودیە گرێبەستەکانیان لەگەڵ سعودیە هەڵدەوەشێنرێتەوە.

حوزەیرانی 2021: رکابەرییە ئابوورییەکان گەیشتە لووتکە. سعودیە باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانە هەڵگرت کە لە رێگای زۆنە خۆڕاییەکانەوە (free trade zone) دەهاتن، ئەوەش زیانی ستراتیژیی هەبوو بۆ ئابووریی ئیمارات. لە هەمانکاتدا، ناکۆکییەکانی ئەبو زەبی و ریاز گەیشتە ئۆپێک؛ ئیمارات رێککەوتنەکانی سعودیەی لەسەر داواکردنی زیادکردنی بەرهەمهێنان راگرت.

2023: لە سودان، ریاز میوانداریی گفتوگۆکانی ئاگربەستی کرد، لەکاتێکدا پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیماراتیان بە پێدانی چەک بە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا تۆمەتبار دەکرد.

هەشتی کانوونی یەکەمی 2025: ناکۆکییەکانی سعودیە و ئیمارات لە یەمەن گەیشتە لوتکە، کاتێک ئەو گرووپەی ئیمارات پشتیوانی لێدەکات دەستیگرت بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی حەزرەموت، چونکە ئەوە بەلای سعودیە و تێپەڕاندنی "هێڵی سور" بوو.

30 کانوونی یەکەمی 2025: فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە، هێرشیان کردە سەر کەشتییەک لە موکەلا. هاوپەیمانان رایانگەیاند، کەشتییەکە چەکی قورسی گواستووەتەوە بۆ ئەو گرووپەی ئیمارات پشتیوانی دەکات، ئەوەش یەکەم پێکدادانی راستەوخۆی نێوان سعودیە و ئیمارات بوو.

31 کانوونی یەکەمی 2025: ئیمارات کشانەوەی هێزەکانی لە یەمەن راگەیاند.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی