
سبەی
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، هاوسەرۆکانی دەم پارتی هیوادارین لە ساڵی نوێدا هەموو کەسێک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارامی و سەقامگیرییدا بژین و دەڵێن: ڕۆژە خۆشەکان نزیکن، پێکەوە ڕۆژگاری نوێ بونیات دەنێین.
تولای هاتیمئۆغلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە بۆنەی ساڵی نوێیوە پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: بە هیوایەکی پتەوەوە پێ دەنێینە ساڵی نوێ. ساڵی ڕابردوومان ساڵێکی لێوان لێو بوو لە شەڕ و ناداپەروەری، کە زۆر دوایخستین، بەڵام وانەوەرگرتنی زۆریشی تێدابوو؛ جارێکی دیکە هێزی یەکگرتوویی، بەهای پێکەوەیی و گرنگی باوەڕبوونمان بە ئاشتی تێدا بینییەوە.
ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ئێستادا لە ئایندەمان دەڕوانین، ساڵێکی نوێ و دەستپێکێکی نوێیە. هیوادارین لە ساڵی نوێدا هەموو کەسێک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارامی و سەقامگیرییدا بژین. خودی ئەمە تەنها ئاواتێک نییە، بەڵکو بەڵێنی کارکردمانە بۆ پێکهێنانی.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەڵێن: لەو باوەڕەداین هیچ کێشەیەک نییە کە بە گفتوگۆ چارەسەر نەکرێت. لە پرسی کوردەوە بیگرە تا بگاتە کێشەکانی بواری کار و کرێکاران، لە مافەکانی ئازادیی ژنانەوە تا بگات بە ئایندەی گەنجان، لە هەر پرسێکییاندا پێکەوە کارکردنی هاوبەش ڕێگە چارەسەرە.
جەختیان لەوە کردووەتەوە، وەک دەم پارتی بە هەموو هێزی خۆیانەوە بۆ چارەسەری و سیاسەتێک کاردەکەن کە هەمووان لە خۆ بگرێت، "هەمیشە لە بەرەی ڕەنجپارێزی، یەکسانی و دادپەروەرییدا دەبین، چونکە دەزانین ئاشتی ڕاستەقینە لەو وڵاتێکدا کاتێک دێتەدی کە هەموومان تێیدا ئازاد و یەکسان بین."
لە کۆتایی پەیامی هاوسەرۆکانی دەم پارتیدا هاتووە: "با ساڵی نوێ بۆ هەموومان ببێتە ساڵی ئاشتی، دیموکراسی و یەکسانیی. هیوامان مەزنە و بە بڕیارین. بە دڵ و گیان ساڵی نوێ لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین. ڕۆژە خۆشەکان نزیکن، پێکەوە ڕۆژگاری نوێ بونیات دەنێین."
