مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع
سبەی
رۆژی هەینی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت، لە گفتوگۆكەشدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ فەڕەنسا بەشدار دەبن، ئەمەش بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت.
ئەو رۆژنامەیە بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی كوردی بڵاویكردووەتەوە: پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رۆژی هەینی داهاتوو دیداری نێوان شاندی باڵای حكومەتی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە بەخۆوە دەبینێت، كە تێیدا تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا و ژان نۆیل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش بەشدار دەبن، ئەویش بۆ بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی تێكەڵكردنی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریا، بەپێی ئەو رێككەوتنەی 10 ی ئاداری رابردوو لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا واژۆكرا.
مەزڵوم عەبدی دەچێتە پاریس
سەرچاوە كوردیەكان باس لەوەدەکەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و فەوزە یوسف سەرۆكی شاندی دانوستانكاری رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ دیمەشق بەشداردەبن، ئەویش دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوەیەی لە عەمانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، كە تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا هەریەك لە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدەی كۆكردەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەكان، كۆبوونەوەكەی ئوردن ئەرێنی بووە، ئەمەش سێیەم كۆبوونەوە بوو لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا لەنێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و ئیدارەی نوێی دیمەشق.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكەن، فەڕەنسا كە پەیوەندیە مێژووییەكانی لە دۆسیەی سوریا پاراستووە و لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش چالاكە و پشتیوانی هەسەدە دەكات، رۆڵێكی میحوەری دەبینێت بۆ نێوبژیوانیكردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و ئیدارەی نوێ لە دیمەشق.
كۆبوونەوەكەی عەمان سەركەوتوو بووە
وەك سەرچاوەكان ئاماژەی پێدەكەن، كۆبوونەوەكەی عەمان سەركەوتوو بووە لە راستكردنەوەی رێڕەوی گفتوگۆكان لەنێوان حكومەتی كاتیی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كوردی، دوای شكستی یەكەم گەڕی گفتوگۆكان لە نۆی ئەم مانگە لە دیمەشق، هەردوولاش لەسەر چەند دۆسیەیەك رێككەوتوون، لەوانەش رێكخستنی كۆبوونەوەیەكی سەربازیی لەنێوان فەرماندەكانی هەسەدە و وەزارەتی بەرگریی سوریا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی و شێوازی تێكەڵكردنی هێزەكانیان، هەروەها ئیدارەدانی هاوبەشی دەروازە سنوریەكان، لەگەڵ پێویستیی تێكەڵكردنی كاری دامەزراوەكانی دەوڵەت، هەروەها بەكارخستنەوەی دامەزراوەكانی حكومەتی سوریا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سەرەتاش پێویستە سەرجەم ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، لەوانەش خەڵكی عەفرین و سەرێكانی و گرێسپی.
پێویستە دامەزراوە سەربازیی و مەدەنییەكان تێكەڵ بكرێن
بەپێی رێككەوتنی 10 ی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، پێویستە دامەزراوە سەربازیی و مەدەنییەكان تێكەڵ بكرێن، ئەوەش پێش كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هەروەها بەڕێوەبردنی ناوچە سنوریەكان و كێڵگە نەوتییەكان و سەرچاوەكانی وزە.
بەوتەی سەرچاوەكان، لە كۆبوونەوەی یەكەمدا هەردوولایەنی هەسەدە و حكومەتی سوریا رێككەوتوون كە هێزەكانی هەسەدە بە تایبەتمەندی خۆیانەوە وەكو فەیلەقێكی سوپای سوریا لە ناوچەكانیان بمێننەوە لە پارێزگاكانی رەقە و دێرەزور و حەسەكە، واتە ئەو ناوچانەی ئێستا تێیدا باڵادەستن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات رەتیانكردووەتەوە چەكەكانیان رادەستی دەوڵەتی سوریا بكەن
بەوتەی ئەبجەر داود، وتەبێژی هەسەدە، هێزەكانی سوریای دیموكرات رەتیانكردووەتەوە چەكەكانیان رادەستی دەوڵەتی سوریا بكەن، لەكاتێكدا توندوتیژیەكان لە سوریا و بەتایبەت لە سوەیدا پەرەدەستێنن، لەگەڵ ئەوەی هێشتاش هەڕەشەی داعش بەردەوامە. هەروەها رەتیشیكردەوە هیچ مۆڵەتێك بۆ هەسەدە دانرابێت تا تێكەڵ بە سوپای سوریا ببن.
سەبارەت بە ئایندەی پلەی سەربازیی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، كە ئایا لەناو وەزارەتی بەرگریی سوریا پلەكەی چی دەبێت، سەرچاوەكان جەخت دەكەنەوە "هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەوە زووە". چونكە "پێویستی بە رێككەوتنی یاساییە كە سەرجەم لایەنەكان پێی رازی بن و رەزامەندی دەستوریشی هەبێت، ئەوەش پاش تێكەڵبوونی سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەبێت".
یەکەم کۆبوونەوە شاندێکی تورکیاش بە ناڕاستەوخۆ بەشداربوون
لە كۆبوونەوەی یەكەمی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئیدارەی نوێی دیمەشق، كە لە ناوچەی بەنداوی تشرین بەرێوەچووە و بێ ئەنجام بووە، بەوتەی سەرچاوەكان "چەند وەزیرێكی سوریا لەوانەش وەزیری بەرگریی و ناوخۆ و سەرۆكی هەواڵگری بەشداربوون، لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەوانەش هەریەك لە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئیدارەكە و فەوزە یوسف سەرۆكی شاندی دانوستانكاری رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ دیمەشق و عەبدحامد مەهباش سەرۆكی پێشووی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، لەگەڵ هەریەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا و فەڕەنسا، هەروەها شاندێكی توركیاش لە ژوورێكی تەنیشتی كۆبوونەوەی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حكومەتی سوریا بوون و چاودێری گفتوگۆكانیان كردووە.