پێکهاتەى لیژنەى پەرلەمانی تورکیا بۆ رەخساندنى زەمینەی یاسایی چەکدانانی پەکەکە راگەیەنرا

#تورکیا#
18 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 18 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، پەرلەمان دەست دەکات بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان و لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی پەکەکەیشدا، تورکیا لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەنگاوی دیکە دەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
Primary Asset

سبەى

لیژنەى پەرلەمانى تورکیا بۆ پڕۆسەى ئاشتى و رەخساندنى زەمینەی یاسایی چەکدانانی پەکەکە لە 51 ئەندام پێکدێت کە زۆرترینیان ئەندامى ئاک پارتى دەبن، ئەوەش بەپێی نوسراوێکى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا کە ئاڕاستەى لایەنەکانى کردووە.

بەپێی نوسراوەکە کە نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمان، نامەیەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردووە کۆمیسیۆنەکە کە 51 ئەندام پێکدێت بەم شێوەیە: 

 لایەنەکان دەتوانن تا ٣١ی تەمموز، سەرۆکی ئەنجوومەن لەو ناوانە ئاگادار بکەنەوە کە دەیدەن بە کۆمیسیۆن. 

ئى پارتی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەشدارى پێکهێنانى لیژنەکە ناکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت لیژنەکە لە 48 ئەندام پێکبێت.

فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا 

هەرچەند 12 پارتی جیاواز خاوەن کورسین لە پەرلەمان کە لە 600 کورسی پێک هاتووە، بەڵام تەنها پێنجیان فراکسیۆنیان هەیە و فراکسیۆنی پارتی ڕێگای نوێش لە ئەنجامی یەکگرتنی پەرلەمانتارانی هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت، دەڤا و پارتی ئایندە پێکهێنراوە.

فراکسیۆنی ئاک پارتی خاوەنی 272 کورسی، جەهەپە خاوەنی 135 کورسی، دەم پارتی 56 کورسی، مەهەپە 47 کورسی، ئیی پارتی 29 کورسی و ڕێگای نوێش 22 کورسییە.

پێکهێنانی فراکسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا پێویستی بە 20 کورسییە. 

تورکیا بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە دێت

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت و بە مەرج ئازاد بکرێت.

ئۆجەلانیش لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم داواکارییەکەی باخچەلییەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی و سیاسی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

12ـی ئایار پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

لە بەرامبەر ئەمەدا دەولەت باخچەلی 18ـی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکان و ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.

لای خۆیشیەوە دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی باخچەلی ڕاگەیاند.

دوای ئەوەی 11ـی تەمووزی 2025 یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و دواتر چەکەکانیان سووتاند، ڕۆژێک دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم پرۆسەیە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت و وتی: "وەک هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتی و مەهەپە) لەگەڵ دەم پارتی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەن".

ئەمەش لە کاتێکدا بوو ڕۆژێک پێشتر نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی کارەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەکە لە پەرلەمان و بەمزووانە لیژنەکە پێک دەهێندرێت. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە.

میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، پەرلەمان دەست دەکات بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان و لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی پەکەکەیشدا، تورکیا لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەنگاوی دیکە دەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی