شاندی ئیمراڵی دوای بینینی ئۆجەلان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

#ئۆجەلان#پەیام#دەم پارتی#شاندی ئیمرالی
12 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دوای شەش کاتژمێر لە کۆبونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی دوای گەڕانەوەیان لە ئیمرالی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بۆچوونی ئۆجەلانیان لەسەر پرسی سوتاندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گەریلا و کۆی پرۆسەکە بڵاو کردەوە.
Primary Asset

سبەی

دوای شەش کاتژمێر لە کۆبونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی دوای گەڕانەوەیان لە ئیمرالی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بۆچوونی ئۆجەلانیان لەسەر پرسی سوتاندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گەریلا و کۆی پرۆسەکە بڵاو کردەوە.

شاندی دەم پارتی پێکهاتبوون، لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار پەرلەمانتاری مێردینی دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ پارێزەر لە نوسینگەی یاسایی سەدە، بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی شاندی دەم پارتی  دیدارەکە لە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی دەستی پێکرد و نزیکەی 6 کاتژمێری خایاندووە و تیایدا ئەو دیدارانەیان تاوتوێ کردووە کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و وەزیری داد و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ئەنجامانداوە.

شاندی دەم پارتی بڵاوی کردەوە، سەبارەت بە مەراسیمی لەناوبردنی چەک کە لە 11ـی تەمموزی بەڕێوەچوو، زانیاری لەسەر تێبینی و کاریگەرییەکانی مەراسیمەکە درا. ئۆجەلان باسی لەوە کرد کە شێوازی مەراسیمەکە نیشانەی ئیرادەیەکی بەهێز بووە و جێی بایەخە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکات کارەکانی کۆمسیۆن لە پەرلەمان بەرفراوان بن و بەشدارییەکی بەرچاو لە ئاشتی و دیموکراسیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بکەن و لە کۆتایی دیدارەکەشدا سڵاوی خۆی بۆ خەڵک و سەرجەم بازنەکانی کۆمەڵایەتی ناردووە.

دوای پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، ئەمە یەکەم دیداری شاندی ئیمرالییە لەگەڵ ئۆجەلان.

چەند رۆژێک پێش پرۆسەی سوتاندنی چەک لەلایەن 30 گەریلای پەکەکەوە بە سەرۆکایەتی بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، دیدارێكی دوو كاتژمێر و نیوی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دا، دواتر ئۆجەلان پەیامێك بڵاوکردەوە.

دواتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوو رۆژی پێش مەراسیمەکە و لە (9ـی تەمموزی 2025) پەیامێکی ڤیدیۆیی لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی بڵاوکردەوە، کە هاوشانی ئەو شەش هاوڕێی دیکەی وەستابوون.

پەیامەکەی ئۆجەلان لە (19ـی حوزەیرانی 2025) تۆمارکرابوو ئەو رۆژە بڵاکرایەوە، کە تیایدا ئۆجەلان دەڵێت: لێرەدا كۆتایی به‌ته‌ڤگه‌ری پەکەکە دەهێنین کە وەک کاردانەوەیەک له‌ دژی نكۆڵیكردن له‌ هه‌بوونی کورد دەرکەوت و بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شه‌ڕی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بوو. ئێدی دان بە هەبوونی گەلی کورددا نراو و لەم سۆنگه‌یه‌وه‌ ئامانجە سەرەکییەکە بەدی هاتووە. لەم واتایەدایە کە ماوەکەی بەسەر چووە. 

كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری

لە 22ـی تشرینی یەكەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند كە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەكەن بۆ ڕێكخستنەوەی یاساكان بە جۆرێك بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە كاتێكدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیكردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەك لەو كەسانە دەزانێت كە بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی قورسكراو حوكم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەكی مەرجدار ئازاد دەكرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواكارییەكەی كردووە و ئاماژەی بەوە دا لە كاتێكدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەكەن، توركیا لە هەموو شوێنێك زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەكەی جەخت لە یەكڕیزی كورد و تورك دەكاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەكەوە هات، داوای لە پەكەكە كرد كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت و كۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن توركیاوە بە پێویست زانی.

لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەكەكە وەك پابەندبوون بە بانگەوازەكەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاكلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو كاتەوە نەك توركیا هێرشەكانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵكو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەكەكە جەختیان لەوە دەكردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەك دابنرێت، پرۆسەكە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاكی و كۆتایی هێنانی توركیایە بە هێرشەكانی و پێویستە خودی ئۆجەلان كۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بەڕێوە ببات.

9ـی ئایاری 2025 پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەكی سەركەوتوو كۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری كوردستان كە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێك باسی لەو بڕیارانە نەكرد كە لە كۆنگرەكەدا دراون.

ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا و وەك بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەكەی ئۆجەلان بڕیاری دا كۆتایی بە خەباتی چەكداریی بهێنێت، چەك دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی