ژمارەیەک منداڵی سودانی
سبەی
لە نیسانی 2023ـەوە، سودان رووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی سەخت بووەتەوە، ئەوەش کارەساتێکی مرۆیی گەورەی دروست کردووە. بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا، 25 ملیۆن هاوڵاتیی لە سودان پێویستی بەپەلەیان بە هاوکاریی مرۆییە، ملیۆنان منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکییە دەناڵێنن.
شەڕی ناوخۆ لە سودان بە هاوکاریی و پاڵپشتی وڵاتانی دیکە لەوانەش ئیمارات بەردەوامە، بەڵام یەکێکە لە پەراوێزخراوترین شەڕەکان لە شەقامەکانی جیهان و میدیاکانیش هێندە باسی ناکەن.
هەرچەندە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەران، بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانەوە، زیاتر لە 10 ملیۆن هاوڵاتیی سودان ئاوارەی ناوخۆیی بوون، بەڵام کونسوڵی پەنابەرانی نەورویجی ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان بە 15 ملیۆن هاوڵاتیی دەخەمڵێنێت کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن.
رۆژانە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە، ژمارەیەکی زۆر سودانی لە نێویاندا منداڵ و بەتەمەن، گیانلەدەستدەدەن، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی نیوەی دانیشتوانی سودان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
شەڕ و ناکۆکییەکانی سودان تەنها قەیرانێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی هەرێمی.
بەپێی راپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سودانەوە، 11 ملیۆن هاوڵاتیی سودانی ئاوارەی وڵاتانی دیکەی وەک چاد، باشوری سودان، میسر و ئەسیوپیا بوون.
سودانییەکان لەو کامپانەی بۆیان دیاریکراوە لەو وڵاتانە، رووبەڕووی کەمی سەرچاوەکانی ژیان دەبن و پێیەوە دەناڵێنن. خێزانە سودانییەکان جگە لە جلەکانی خۆیان ناتوانن هیچ شتێکی دیکە لەگەڵ خۆیان ببەن، چونکە زۆرجار سودانییەکان بە هەفتە و بە مانگ بەپێ دەڕۆن بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی پارێزراو.
کاریگەری شەڕی ناوخۆیی و نەبوونی خۆراکی پێویست لەسەر منداڵان قورسە.
بەپێی راپۆرتی یونسێف (UNICEF)، زیاتر لە 14 ملیۆن منداڵ پێویستی بەپەلەیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لەو ژمارەیە بەلایەنی کەمەوە چوار ملیۆنیان بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و چاوەڕێی مردنێکی چاوەڕوانکراو دەکەن.