لە ساڵانی سییەكانەوە وێنەی نەبووە؛ عێراق لە 2025 روبەڕووی توندترین وشكەساڵی دەبێتەوە

#ئاو#عێراق#وشکەساڵی
14 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكانی عێراق، بەردەوام لە روونكردنەوە سەبارەت بە هەوڵەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو فشارانەی لەسەریەتی، كە بەهۆی قەیرانی خنكێنەری ئاو روبەڕووی بوونەتەوە بەشێوەیەك كە چەندین دەیەیە عێراق وشكەساڵی بەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
Primary Asset

کاریگەری وشکەساڵی لە هۆرەکانی پارێزگای زیقار - وێنە: AFP

سبەی

عێراق لە ساڵی 2025 روبەڕووی توندترین وشكەساڵی دەبێتەوە، كە لە ساڵانی سییەكانەوە بەخۆیەوە نەبینیوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكانی عێراقیش دەڵێت ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی ئاوی عێراقن لەگەڵ كەمبوونەوەی باران هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی خەزنكراون لە عێراق.

وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكانی عێراق، بەردەوام لە روونكردنەوە سەبارەت بە هەوڵەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو فشارانەی لەسەریەتی، كە بەهۆی قەیرانی خنكێنەری ئاو روبەڕووی بوونەتەوە بەشێوەیەك كە چەندین دەیەیە عێراق وشكەساڵی بەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

هەرچەندە چەندین جار هۆكارەكانی دووبارە روونكردووەتەوە، كە باس لە كەمبارانی و سیاسەتی ئاویی ئێران و توركیایە، بەڵام رێگر نەبووە لەوەی رەخنەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە لێبگیرێت بەوەی "شكستیهێناوە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو".

لە دواین راگەیەندراویدا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق هۆشداری دەدات، "لە كەمبوونەوەی ئاو و هاوكارینەكردنی ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی ئاوەكانی عێراقن، بەوەش مەترسیی ئاسایشی ئاو لەسەر عێراق زیادیكردووە و قەیرانی گەورەی دروستكردووە".

خالید شیمال، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكانی عێراق دەڵێت "هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی كۆگاكراو لە عێراق كەمبوونەوەی باران و كەم بەردانەوەی ئاوە لەلایەن دەوڵەتانی سەرچاوە كە هەریەك لە توركیا و ئێران و تا ڕادەیەكیش سوریان".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق، ئەو وشكەساڵییەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، توندترین لە ساڵی 1933 ەوە.

بەوتەی خالید شیمال "ئەو ئاوەی گەیشتووەتە هەردوو روباری دیجلە و فوڕات بەراورد بە ساڵی رابردوو تەنها 27% ە".

وتیشی "ئاوی كۆگاكراوی بەنداو و كۆگاكان بریتییە لە 8% ی توانای خەزنكردنی ئاو لەكاتێكدا ساڵی رابردوو 57% بوو".

"دابەزینی ئاستی ئاوی كۆگاكراو و كەمبارانی و بەرنەدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی سەرچاوەوە، بەشێوەیەكی قورس كاریگەری كردووەتەسەر دابینكردنی پێداویستییە ئاوییەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، بەتایبەتیش لە ناوەڕاست و باشور، هەروەها كاریگەری لەسەر ئیكۆسیستمی هۆرەكان و سروشتی شەتولعەرەبیش هەبووە". خالید شیمال وا دەڵێت.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق داوای زیادكردنی سەرجەم هەوڵەكان دەكات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، لەوانەش زیادكردنی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی سەرچاوەوە، هەروەها هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتەكە بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیادەڕەویانەی كراونەتە سەر رێرەوە ئاوییەكان، لەگەڵ بە زانستیكردنی بەكارهێنانی ئاو لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و شارەوانییەكان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی