دانوستانەکان دەگەڕێنەوە سەر رێڕەوى خۆى؛ ئیسرائیل ئاگربەستى کاتى و تەکتیکى لە غەززە راگەیاند

#ئیسرائیل#غەززە#حەماس#ئەمەریکا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تەمموز جێبەجێکردنى ئاگربەستى مرۆیی لە غەززە راگەیاند بە ئامانجى گەیاندنى هاوکاریی مرۆیی، لەو ناوچانەى کە سوپاى ئیسرائیل ئۆپراسیۆنى تێدا نییە.
Primary Asset

نەخشەى ئاگربەستى ئیسرائیل لە غەززە

سبەى

ئیسرائیل ئاگربەستى کاتى و تەکتیکى لە غەززە راگەیاند، ئەمەریکاش دەڵێت دانوستانەکانى حەماس و ئیسرائیل دەگەڕێنەوەسەر رێڕەوى خۆى.

وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تەمموز جێبەجێکردنى ئاگربەستى مرۆیی لە غەززە راگەیاند بە ئامانجى گەیاندنى هاوکاریی مرۆیی، لەو ناوچانەى کە سوپاى ئیسرائیل ئۆپراسیۆنى تێدا نییە.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لە زاری ستیڤ ویتکۆف نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند "ئەو دانوستانانەى لەگەڵ حەماس وەستابوو، بەرەو ڕێڕەوی خۆی دەگەڕێتەوە".

هەروەها کەناڵەکە لە زاری مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە گواستییەوە، پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکانی غەززەدا بەدیهاتووە .

ڕۆبیۆ لەبارەی دانوستانەکانی غەززە دەشڵێت "هیوادارین بگەینە ئاگربەستێک کە تیایدا نیوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن، دواتر ئەوانی دیکە لە کۆتایی 60 ڕۆژەکەدا ئازاد بکرێن".

 ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەری ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات زۆر سادەیە: "بارمتەکان ئازاد بکەن، چەکەکانتان دابنێن و شەڕەکە کۆتایی دێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێنجشەممەی ڕابردوو شاندی ئیسرائیل دوای ئەوەی وەڵامی حەماسیان وەرگرت سەبارەت بە پێشنیاری گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و ئاگربەست دەوحەیان بەجێهێشت  و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا حەماسی بە نەبوونی ئیرادە و نیازپاکی تۆمەتبار کرد و هۆشداریشی لەناوچوونی بزووتنەوەکەیدا.

لە بەرانبەردا حەماس رەتیکردەوە ئاستەنگی لەبەردەم دانوستانەکانی ئاگربەست دروست کردبێت و پێدراگری بزووتنەوەکەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاگربەست دوپاتکردەوە.

لە درێژەی هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە ڕۆژی هەینی، شەش ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کرد فشار بخاتە سەر  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل  بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و گەڕاندنەوەی دیلەکان لە زووترین کاتدا و بارودۆخی مرۆیی غەززەیان بە "ترسناک و قبوڵنەکراو" وەسف کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی عەرەبی زمانی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ بەیانی رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی بە هاوکاری ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکان حەوت پالێتی یارمەتی مڕۆیی کە ئارد، شەکرد و خۆراکی قوتووی تێدابووە لە ڕێگەی فڕۆکە لە ئاسمانەوە لە غەززە بەرداوەتە خوارەوە .

ئەوەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی ولاتانی ئەوروپی و زیاتر لە 100 ڕێکخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی هۆشداریان داوە لە کارەساتی مرۆیی غەززە و وەزارەتی تەندروستی غەززەش ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 123 کەس بە هۆی برسێتی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی