لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڤلادیمێر پوتین هەوڵێکی گەورەیدا بۆ گەڕاندنەوەی هەژموونی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سبەى
لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و دواتر ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لەم دواییانەشدا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بێدەنگی روسیا، بێتوانایی مۆسکۆ لە پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی دەرکەوت، کە چاوەڕواندەکرێت کاریگەرى لەسەر هەژموونى ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دورستبکات.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ڤلادیمێر پوتین هەوڵێکی گەورەیدا بۆ گەڕاندنەوەی هەژموونی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرەتاشەوە دەستکەوتی گەورەی بەدەست هێنا و توانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ یاریزانە جیاوازەکانی ناوچەکە دروست بکات و مۆسکۆ وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەمەریکا بخاتەڕوو.
مۆسکۆ هەوڵیدا لە رێگەی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینەکانی وەک ئێران و سوریا لە هەمانکاتدا پەیوەندی دۆستانەتر لەگەڵ ئیسرائیل و سعودییە دروستبکات، لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەو وڵاتانەش روسیا جێگرەوەیەکى گونجاوتر بوو لە ئەمەریکا کە زۆر کات بە بیانووی دیموکراسییەوە ئەو وڵاتانەى دەخستە ژێر گوشارەوە.
سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بێدەنگ بوون لە داگیرکارییە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 و تەنانەت ئیسرائیل کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە، نەک هەر ڕەخنەی لە ڕووسیا نەگرت، بەڵکو بەشداری لە سزاکانی ڕۆژئاواشدا نەکرد لە دژی مۆسکۆ، ئەم ستراتیژە ڕێگەی بە روسیا داوە کە وەک بەرپەرچدانەوەیەکی کاریگەر بۆ ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەربکەوێت و لە هەمان کاتدا لە نزیک سنوورەکانیشی دەستکەوتی بەدەستهێنا.
سەرەتای دەستپێکردنی کۆتایی هەژموونی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پێگەی روسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی بیست مانگی ڕابردوودا زۆر دابەزیوە، لە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر کە ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی دەستپێکرد و تێیدا سەرەتا دژی حەماس لە غەززە و دواتر دژی حزبوڵڵا لە لوبنان، ئەمەش بووە هۆی لەناوچوونی قەوارەی فەرماندەیی و سەرکردایەتی هەردوو گروپەکە، ئەو کات پوتین هەوڵیدا خۆی لە لایەنی ململانێکانەوە بەدوور بگرێت و پێشنیاری نێوەندگیری لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کرد، پێشنیارێک کە نە ناتانیاهۆ و نە کۆمەڵگای ئیسرائیل ئامادە نەبوون قبوڵی بکەن، هەروەها هیچ هاوکارییەکی بەرچاوی بە حەماس و حزبوڵڵا نەکرد.
پاشان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ ڕژێمی ئەسەد ڕووخا کە بووە هۆی لەناوچوونی سەرمایەگوزاری دەیان ساڵەی روسیا لە پشتیوانیکردنی دیکتاتۆرییەتدا تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، پوتین مافی پەنابەری بە ئەسەد و بنەماڵەکەی لە vوسیا دا، بەڵام هیچی نەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە یاخیبووانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتبوو، دەستوەرنەدانی پوتین کاردانەوەی بەرفراوانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەبوو، حیزبوڵڵای لوبنان زۆر لاواز بوو و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاشکرا گلەیییان لە بێتوانایی ڕووسیا لە ڕزگارکردنی هاوبەشەکانی کرد.
روسیا زیانی زیاتری بە متمانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاند کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردومانکرد. تەنها چەند ڕۆژێک دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ناوەندى ئەتۆمى فۆردۆ، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی گەیاندە مۆسکۆ بۆ ئەوەی پوتین رازیبکات پشتیوانی وڵاتەکەی بکات، لەبەرانبەردا پشتیوانییەکەی پوتین تەنها وەک هەمیشە ئیدانەی زارەکی ئەمەریکا بوو، بەڵام هیچ هاوکارییەکی سەربازی نوێی پێشکەش بە گرنگترین هاوپەیمانی ناوچەیی خۆی نەکرد، لەکاتێکدا ئێران ئامادەی بوو بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی ڕاستەوخۆی ڕوسیا لە جەنگی ئۆکراینادا.
بەوتەى بەشێک لە شیکەرەوان، لە ئێستادا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەرکەوتووە کە روسیا هاوپەیمانێکە تەنیا لە هەلومەرجێکی لەباردا دەتوانرێت حسابی بۆ بکرێت، لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکییەکان دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە مۆسکۆ بێلایەن بمێنێتەوە یا خود خۆی لە گۆڕەپانی جەنگ دووربخاتەوە هەروەک چۆن سوریا جێهێشت و پشتیوانی ئێرانی نەکرد.