سبەی
وزارەتی ناوخۆی عێراق دووچاری حاڵەتی هەڵاوسانی پلە سەربازییەکان بووە کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە، ئەوەش بەهۆی بەرزکردنەوەی پلەی سەربازیی ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتەکە لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لیستی نوێی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرانی وەزارەتەکەوە دزەیان کردووە، 20 ئەفسەر پلەکانیان فەریقە، 20 ئەفسەری دیکەش چاوەڕوانی مەرسومی بەرزکردنەوەی پلەکانیانن بۆ فەریق، سەرجەمیشیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ئەرکدان.
ئەوەی بووەتە مایەی شۆک لەناو وەزارەتی ناوخۆ، بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرێکی لە دایکبووی ساڵی 1990 بۆ پلەی لیوا، بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرە گەنجە، ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو ئەفسەرەکاندا درووست کردووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی خزمەتەکانیان زۆر زیاترە، بەڵام پلەکانیان بەرزنەکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرێکی تەمەن 35 ساڵ بۆ لیوا، لەلایەن سودانییەوە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتوەتەوە، چونکە بەپێی ریزبەندی لایەنی کەم پێویستی بە 30 ساڵ یان زیاتر خزمەت هەیە دوای تەواوکردنی کۆلێژی پۆلیس یان سەربازیی تا ئەو پلەیە وەربگرێت، بەڵام ئەفسەرەکە بەو تەمەنە کەمەوە بەدەر کراوە لە یاسا و پلەیەکی باڵای پێدراوە.
سایتی "عالەم جەدید" بڵاوی کردەوە، هۆکاری بەرزکردنەوەی نائاسایی پلەی ئەو ئەفسەرانە دەگەڕێتەوە بۆ مەحسوبیەت و لایەنداریی سیاسی هەر ئەوەش لە پشت بەرزکردنەوەی پلەیەک ژمارەیەک ئەفسەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرییەوەیە.
پشک پشکێنەی سیاسی و دابەشکاریی پۆستەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان عێراق، بووەتە بەشێک لە سیستمی پلەبەندی و پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش پلە بەسەر ئەفسەراندا دەبەخشنەوە بۆ کڕینی وەلا و ئینتیمایان، بەتایبەتی بەرپرسانی سەربازی، نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانیش ئەوەندەی دیکە دیاردەکەی زیاتر کردووە.
بەپێی سەرچاوەی "عالەم جەدید" پێشتر وەزارەتی ناوخۆ 20 ئەفسەری هەبووە بە پلەی فەریق، بەڵام لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموز پلەی نزیکەی 20 ئەفسەری دیکە بۆ فەریق بەرزکراوەتەوە، زۆرینەشیان لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە یاسا و رێنماییەکان بەدەرکراون.
میدیا عێراقییەکە، لیستی 19 ئەفسەری بڵاوکردوەتەوە لە وەزارەتەکە کە پلەکانیان فەریقە، زۆرینەیان وەک یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری دارایی، ئابوری، پۆلیس، نوسینگەی وەزیر، بەڕێوەبەری نوسینگە، پرۆسەکان، نوسینگەی تایبەت، پۆلیسی فیدراڵی، راویژکار، فەرماندەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پۆلیس، هاتوچۆ، رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە، مەشق و راهێنان، سەرچاوە مرۆییەکان، تاوانەکان، ئاڕاستەکردن، شانەی راگەیاندنی جەنگی، ئەمینداری گشتی، ماددە هۆشبەرەکان و بەشەکانی دیکەی دیوانی وەزارەت) کاردەکەن.
بەپێی یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆی عێراق، بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرێکی لە ملازمەوە بۆ فەریق لایەنی کەم پێویستی بە 35 ساڵ خزمەتی بێدابڕان و بێ سزا و شایستەیی هەیە.