قۆناغی دووەم بە پارە دەبێت؛ قۆناغی یەكەمی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلكترۆنی كۆتایی دێت

#فۆڕمی خۆراک#کوردستان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی لەلایەن هاوڵاتییانەوە رایگەیاند:"78٪ـی هاوڵاتییان فۆڕمی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە و دوا وادە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم یەكی ئاب دەبێت و ئەگەریش هەیە وادەی پڕكردنەوەی فۆڕم درێژنەكرێتەوە".
Primary Asset

فۆرمی خۆراک

سبەی

نزیكەی دوو مانگە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "78% ی هاوڵاتیان پڕیان كردووەتەوە و رەنگە وادەكە درێژ نەكرێتەوە".

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی لەلایەن هاوڵاتییانەوە رایگەیاند:"78٪ـی هاوڵاتییان فۆڕمی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە و دوا وادە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم یەكی ئاب دەبێت و ئەگەریش هەیە وادەی پڕكردنەوەی فۆڕم درێژنەكرێتەوە".

بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستان وتیشی:" هاوڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم بەدەنگەوەهاتنێكی زۆر باشیان بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك هەبووە و تاوەكوو ئێستا ٨٥٪ـی هاووڵاتییانی هەڵەبجە، ٧٨٪ـی هاوڵاتییانی سلێمانی، ٨١٪ـی هاووڵاتییانی هەولێر و ٧٢٪ـی هاووڵاتییانی دهۆك پڕیانكردووەتەوە، كە بە تێكڕا ڕێژەكە دەكاتە ٧٨٪.

نەوزاد شێخ كامیل دەشڵێت: "كۆتا وادە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم یەكـی ئاب دەبێت و ڕەنگە دوای ئەوە وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمەكە دێژنەكرێتەوە و دوای ئەوە قۆناغی دووەمی پڕۆسەكە دەست پێبكاتەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لەوەشكرد، "هەموو هاووڵاتییەك دەتوانێت ببێتە خاوەنی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك ئەگەر كارتی نیشتمانیی هەبێت و خۆی ویستی لەسەر بوونی هەبێت".

"ئەگەر رێژەكە بگاتە 85% قۆناغی دووەم دەستپێدەكات و ئەو كەسانەی كارتی نیشتمانییان هەیە و هاوڵاتی هەرێمن و لە كوردستان دادەنیشن دەتوانن فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە". نەوزاد شێخ كامیل وا دەڵێت.

بەوتەی بەرێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستان "ئەوانەی لە قۆناغی یەكەمدا ناویان سڕدراوەتەوە لە قۆناغی دووەمدا رێنماییان پێدەدەین چی بكەن، واتە هەموو كەسێك ئەگەر بیەوێت بە شێوازێك لە شێوازەكان رێگەی بۆ دەدۆزرێتەوە فۆڕمەكە پڕبكاتەوە".

نزیكەی مانگێك لەمەوبەر محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند:"لەچوارچێوەی پڕ‌ۆژەی نوێكردنەوەی زانیاریی گشتگیری هاوڵاتیان لە رێگەی ئەپڵیكەیشنی كارتی بەشەخۆراكی ئەلكترۆنییەوە، تائێستا 33 ملیۆن هاووڵاتی فۆڕمی خۆراكیان پڕكردووەتەوە، لەكاتێكدا زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار حاڵەتی سڕینەوەی ئەندامانی خێزانەكان ئەنجامدراوە".

وەزارەتی بازرگانی عیراق راشیگەیاندووە:"ئەپەكە تا 1ی ئابی ئەمساڵ بەكارایی دەمێنێتەوە و لەگەڵ ئەوەی سیستمەكە رێگری دەكات لەناوی دووبارە، كارئاسانی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان كردووە كە لەماڵەكانیانەوە فۆڕمەكە پڕبكەنەوە".

وابڕ‌‌یاربوو رۆژی 5ی 7ی 2025 كۆتا وادەی پڕ‌كردنەوەی فۆڕ‌‌می ئەلكترۆنی خۆراك بێت، بەڵام وادەكەی بۆ سەرەتای مانگی هەشت درێژكرایەوە و هاووڵاتیان دەتوانن لەقۆناغی یەكەمدا تا ئەو وادەیە فۆڕمی ئەلكترۆنی خۆراك بە خۆڕایی پڕبكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" له‌ قۆناغی دووه‌م هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی فۆڕ‌‌می ئه‌لیكترۆنی خۆراك ده‌بێت به‌پاره‌و بۆ زیادكردنی هه‌ر ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆك خێزانه‌كه‌ بڕ‌ی 10 بۆ 11 هه‌زار دینار بدات.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی