مەسرور بارزانیی
سبەی
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵێكی سعودی، رایدەگەیەنێت، "حكومەتی فیدراڵی عێراق مووچە وەك كارتی فشار بەرامبەر بە موچەخۆرانی هەرێم بەكار دەهێنێت". دەشڵێت " ئەوە جێگەی قبوڵكردن نییە".
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەناڵی (الشرق)ی سعودی راگەیاند:" بەغداد هەموو كارتێكی فشار بەكاردەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەكی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە".
مەسرور بارزانی وتیشی:" بەكارهێنانی پرسی مووچە وەك كارتی فشاری سیاسی، جێگەی داخە و ناكرێت موچە ببێتە كارتی فشار لەناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد".
"بەكارهێنانی موچەی خەڵكی وەك كارتی فشار جێگەی قبوڵكردن نییە، چونكە بەپێی دەستوری عێراق خەڵكی مافی خۆیانە مووچە وەربگرن بەبێ دواكەوتن و هیچ فشارێك". مەسرور بارزانی وا دەڵێت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها وتویەتی " ئێمە دەزانین كێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرانە سەر دامەزراوە نەوتییەكان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین لەم پرسەدا، هێرشەكان هاوكات بوون لەگەڵ واژۆكردنی گرێبەستی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كەرتی وزەدا".
بەوتەی مەسرور بارزانی "هیچ ئیرادەیەكی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 سەبارەت بە كەركوك."
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا مەسرور بارزانی لە چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێت "ئەمەریكا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەكەین سەبارەت بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانمان، چونكە هەندێك لەو كێڵگانەی هێرشیان كراوەتە سەر لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو " دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە كراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەكی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز، پێویستە بەغدا سەركەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بە سەركەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەك هەنگاوێك بەرەو بوونیادنانی متمانە".
لەلایەكی دیكەوە، دەربارەی دۆخی ناوچەكە بەتایبەتیش پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و پەیوەندیەكانیان لەگەل ئێران، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی چەند پرسیارێكی داوەتەوە.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەڵێت " پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆكانی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەكەین و داوا لە حكومەتی سوریا دەكەین دەرگا بۆ كوردەكان بكاتەوە و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات".
سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران، مەسرور بارزانی وتی "كوردستان ڕێز لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێكان دەگرێت، هەرێمی كوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ كام لە وڵاتانی دراوسێ." هەروەها دووریی هەرێمی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیاند و وتی "ئێمە بەشێك نین لە كێشەكە و پشتگیریی هیچ جەنگێك ناكەین."
وتەكانی مەسرور بارزانی لەكاتێكدایە، دوای زیاتر لە 80 رۆژ حكومەتی فیدراڵی عێراق مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نارد، ئەوەش دوای رێككەوتنێك كە هەرێم پابەندكراوە بە پێدانی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ و رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ".