ماكرۆن و شەرع بە تەلەفۆن قسەیان كردووە؛ ماكرۆن: گرنگە دانوستانەكانی هەسەدە و دیمەشق بە نیەتێكی باشەوە بەڕێوەبچێت

#سوریا#فەرەنسا#کورد#شەرع#ماکرۆن
14 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" بڵاویكردووەتەوە:" گفتوگۆ سیانییەكانی دوێنێ یارمەتیدەر بوون بۆ دیاریكردنی هەنگاوەكانی داهاتوو، توندوتیژییەكانی رابردوو فشەڵیی ماوەی راگوزەری سوریای دەرخست پێویستە مەدەنییەكانی سوریا بپارێزرێن".
Primary Asset

ماکرۆن و شەرع

سبەی

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كردووە. لەو پەیوەندیەدا جەختی كردووەتەوە " گرنگە دانوستانەكانی هەسەدە و دیمەشق بە نیەتێكی باشەوە بەڕێوەبچێت".

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" بڵاویكردووەتەوە:" گفتوگۆ سیانییەكانی دوێنێ یارمەتیدەر بوون بۆ دیاریكردنی هەنگاوەكانی داهاتوو، توندوتیژییەكانی رابردوو فشەڵیی ماوەی راگوزەری سوریای دەرخست پێویستە مەدەنییەكانی سوریا بپارێزرێن".

سەبارەت بە رووداوەكانی سوەیدا ماكرۆن دەڵێت "راگرتنی شەڕ لە سوەیدا ئاماژەیەكی ئەرێنییە، پێویستە ئێستا گفتوگۆیەكی ئارام بەڕێوەبچێت بە ئامانجی بەدەستهێنانی سوریایەكی یەكگرتوو، كە مافی سەرجەم پێكهاتەكان پارێزراوبێت".

"لەگەڵ سەرۆكی سوریا باسمان لەوەكرد پێویستە بگەن بە چارەسەرێكی سیاسی، ئەوەش بە هاوكاری بكەرە ناوخۆییەكان لەچوارچێوەیەكی نیشتمانی كە حوكمڕانییەكی باش و ئاسایش دابین بكات".

سەبارەت بە شەڕی تیرۆر سەرۆكی فەرەنسا نوسیویەتی "لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختمان لەوەكردەوە پێویستە بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە، پێویستیشە لەو بوارەدا هەماهەنگی هاوبەش هەبێت".

کۆبوونەوەکەی پاریس دواخرا

پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە لەكاتێكدایە، بەبێ دیاریكردنی هۆكارەكەی، كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوەكەی رۆژی هەینی نێوان بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی كاتی سوریا لە فەرەنسا دواخرا.

پێشتر، كەناڵی روناهی بڵاوی كردەوە: مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، یاوەریی شاندی ئیدارەی خۆسەر دەكات بۆ كۆبونەوە لەگەڵ شاندی حكومەتی كاتی سوریا، كە بڕیار بوو بە بەشداریی تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا و بە چاودێریی فەرەنسا دانوستانی نێوان هەردوو شاند بەڕێوەبچێت. 

باراك هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ قایلكردنی هەسەدە

رۆژی سێشەممە، پێگەی مۆنیتۆری ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، تۆم باراك هەموو هەولێك دەدات بۆ قایلكردنی هەسەدە بۆ تێكەڵبوونی بە سوپای سوریا، بەڵام تائێستا هەوڵەكانی ئاكامێكی ئەوەتۆیان نەبووە.

بەپێی راپۆرتی مۆنیتۆر، ئاڵۆزییەكانی سوەیدا و شەڕی نێوان دروزی و بەدەوییەكان و پاڵپشتی حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع لە بەدەوییەكان، هەڵوێستی هەسەدەی بەهێزكردووە و لە كۆبونەوەی نێوان تۆم باراك و مەزڵوم عەبدی كە رۆژی 19ـی تەمموز لە عومانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، پرسی سوەیدا تەوەری سەرەكیی ئەو كۆبونەوەیە بووە.

پێشتریش دووجار شاندی رۆژئاوای كوردستان سەردانی دیمەشقیان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی كاتی سوریا كۆبونەتەوە، بەڵام تائێستا كۆبونەوەكانیان بێ ئەنجام بوون. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی