سبەی
گروپ و رێکخراوەکان لە سەرانسەری جیهان توانیویانە بە بەردەوامی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى کارەکانیان، لەوانە بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی بۆ گواستنەوەی پارە و تەنانەت بەکارهێنانی چاپی سێ رەهەندی بۆ دروستکردنی چەک.
بەپێی راپۆرتێکى ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی، رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستیان کردووە بە سود وەرگرتن لە تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، گروپە “تیرۆریستییەکان”بەپێی وتەى بەرپرسانی دژە تیرۆری حکومەتی ئەمەریکا ئێستا زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ پلاندانان بۆ هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانیان. بەڵام ئەم بەکارهێنانە تا چەند بەربڵاوە؟
ریکلامکردن بە زیرەکی دەستکرد
ئەم گروپانە زۆر پشت بە دامەزراندنی خۆبەخش لە سەرانسەری جیهان و پێشخستنی کارەکانیان لە رێگەی دەرکەوتنەکانیانەوە دەبەستن. لە کاتێکدا لە رابردوودا هەوڵێکی زۆری دەویست بۆ گرتنی وێنە و ڤیدیۆ و ئامادەکردنی رێکلامە راستەوخۆکان، ئەمەش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکرد گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
بەپێی راپۆرتەکە، تیرۆریستان "چات جی پی تی" بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی هەوڵە پڕوپاگەندەییەکانیان و وەرگرتنی خۆبەخشی زیاتر بۆ ریزەکانیان. ئەم مۆدێلە بۆ بەرهەمهێنانی وێنە و دەق بە زمان و شێوەزاری جیاواز بەکاردەهێنن. هەروەها ئەم مۆدێلە دەتوانێت پەیامەکانی ناو ریکلامە جیاوازەکان بگۆڕێت بۆ ئەوەی کاریگەری جیاواز لەسەر هەر کەسێک دروستبکات یان بەدوای ئامانجێکی دیاریکراودا بگەڕێت، ئەمەش دەتوانرێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا ئەنجام بدرێت و بەبێ پێویستی بە ریکلام.
ئەم بەکارهێنانە تەنها لە چێت بۆتەکان سنووردار نییە. هەروەها ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنن کە دەق دەگۆڕن بۆ فایلە دەنگی و ڤیدیۆییەکان، بەمەبەستی گۆڕینی پەیامی ریکلامی دەقی بۆ ڤیدیۆ و دەنگ کە بە ئاسانی دەتوانرێت لێبدرێت.
لەناو ئەو رێکخراوانەدا داعش رێنماییەکی تایبەتی هەیە بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد و مەترسییەکانی، کە راستەوخۆ بەسەر ئەندامان و ئەوانەی ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە دابەش دەکرێت.
فراوانکردنی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد
راپۆرتەکە ئاماژە بە ژوورەکانی گفتوگۆی سەر بە گروپە "تیرۆریستییەکان" دەکات کە بەکارهێنەران باس لە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەن و چۆن دەتوانرێت بەکاربهێنرێن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى ئۆپەراسیۆنەکان بە کەمترین کات و ماندووبوون.
لە کاتێکدا کە تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی گشتی بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران و ئاسانکردنی ژیانیان داڕێژراون، بەڵام ئەمە لەلایەن ئەندامانی ئەم گروپانەوە بێ ئاگا نەبووە. ئەوان دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی چاتبۆتی بەهێزی زیرەکى دەستکرد وەک یاریدەدەری کەسی یان یاریدەدەری توێژینەوە.
ئەم بەکارهێنانە بە روونی لە رێنمایی داعش بۆ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرددا دەبینرێت، کە بە روونی باس لەوە کراوە کە ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت پێشبینی دەرئەنجامی داهاتووی شەڕەکان بکات و چۆن بووەتە چەکێکی سەرەکی لە شەڕەکانی داهاتوودا.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە لێکۆڵینەوەی خێرا و راستەوخۆدا دەکات، بۆ داڕشتنی نەخشە و گەڕان لە جیاتی کۆکردنەوەی زانیاری بە دەست لە بوارەکەدا، لەوێدا ئەم تەکنەلۆژیایە ئێستا دەتوانێت ئەم پرۆسەیە خێراتر بکات و ئەنجامی بێوێنە بهێنێتە ئاراوە.
زاڵبوون بەسەر سنووردارکردنەکاندا
کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد وەک OpenAIکۆمەڵێک سنووریان بۆ مۆدێلەکانیان داناوە بۆ ئەوەی نەتوانن یارمەتی دروستکردنی بۆمب یان چەکی بایۆلۆجی بدەن.
بەڵام بەگوێرەی گاردیانی بەریتانی، گرووپە تیرۆریستییەکان رێگایەکیان دۆزیوەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنووردارکردنانە. لەبری ئەوەی راستەوخۆ پرسیار لە مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد بکەن کە چۆن بۆمب و چەک دروست بکەن، نەخشەی مۆدێلەکە دەدەن و داوای لێدەکەن وردبینی و سەلامەتییان بپشکنێت.
سەرەڕای ئەوەش دەتوانن رێگەی جۆراوجۆر بەکاربهێنن بۆ فێڵکردن لە زیرەکی دەستکرد بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم نەخشە و زانیاریانە بۆ مەبەستی زیانبەخش بەکارناهێنرێن. ئەمەش لە چەندین مۆدێلی جیاوازدا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا روویداوە.
لە کاتێکدا کۆمپانیاکان تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بەهێزتر و بەتواناتر پەرەپێدەدەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی گونجاوتر، هەندێکجار رێنماییەکانی سەلامەتی جیهانی پشتگوێ دەخرێن. وک چۆن گۆڕینی بۆتی "گرۆک" گۆرا بۆ ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامێکى توند دژى جووەکان لەسەر پلاتفۆرمی "X".