هاوڕێیەکی ئۆجەلان دوای 31 ساڵ زیندانیکردن ئازادکرا

#وەیسی ئاکتاش#ئۆجەلان#ئیمرالی#ئازادکردن
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دوای بەسەربردنی 31 ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا و دوای دەرکەوتنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوایین پەیامی ڤیدیۆییدا، وەیسی ئاکتاش لە زیندانی ئیمرالی ئازاد کرا.
Primary Asset

سبەی

دوای بەسەربردنی 31 ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا و دوای دەرکەوتنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوایین پەیامی ڤیدیۆییدا، وەیسی ئاکتاش لە زیندانی ئیمرالی ئازاد کرا.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە، وەیسی ئاکتاش کە ماوەی 10 ساڵە لە گرتووخانەی ئاسایشی باڵای جۆی ئێفی ئیمراڵی راگیراوە، دوای 31 ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن ئازاد کرا.

وەیسی ئاکتاش لە دایکبووی شاری ئامەدی باکوری کوردستانە، یەکێکە لە زیندانیکراوە دێرینەکانی کورد، نیسانی 1994 بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و هەوڵدان بۆ پارچەکردنی وڵات دەستگیرکرا، لە چەندین زیندانی جیاوازی تورکیا ماوەی زیندانییەکەی بردووەتە سەر.

 وەیستی ئاکتاش لەو وێنەیەیی کە لە پەیامی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی 27ـی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دواتر لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 9ـی تەمموزی 2025 دووبارە هاوشانی گیراوانی دیکەی ئیمرالی لە پەیامە ڤیدۆیەکەدا ئامادەبوو.

ئاکتاش لە 28ـی نیسانی 2024 بە گوێرەی یاسای جێبەجێ کردن ماوەی 30 ساڵ زیندانیکردنی تەواو بوو، بەڵام بە بەبڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری گرتووخانەی ئیمرالی ئازادکردنی بۆ ماوەی یەک ساڵ دواخرا، دوای ئەوەی بۆ جاری یەکەم ئازادکردنی دواخرا، جارێکی دیکە بۆ ماوەی سێ مانگ ئازادکردنی دواخرایەوە، دواجار لە  25ـی تەمموزی 2025 لە گرتووخانەی ئیمراڵی ئازاد کرا، دواخستنی ئازادکردنی دەرفەتی ئەوەی پێدا لە دوایین دەرکەوتنەکانی ئۆجەلان هاوشانی دەربکەوێت.

وەیسی ئاکتاش لە ساڵی 2015 لەگەڵ مەهمەت سایت یڵدرم، عومەر حەیری کۆنار، چەتین ئەرکاش و نەسروڵڵا کوران لە کاتی "پرۆسەی چارەسەرکردن" لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 گواسترایەوە بۆ ئیمرالی و لەوکاتەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵییە.

پێش دەرکەوتنی لەگەڵ ئۆجەلان، وەیسی ئاکتاش ساڵی 2020 دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی دیداری ئەنجامدا و دواتر بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەی قسەی کردبوو، بنەماڵەکەی لەو ڕۆژەوە زانیارییانە لەبارەیەوە نەبوو تا دواجار لەگەڵ ئۆجەلان دەرکەوتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی