سوریا و هەسەدە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان لە پاریس کۆدەبنەوە

#سوریا#هەسەدە
20 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 20 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رێککەوتنەکە رۆژى 10 ى ئازارى 2025، لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا واژۆکرا، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.
Primary Asset

سبەى

سوریا و ئەمەریکا و فەڕەنسا رێککەوتن لەسەر ئەوەى، لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەى سوریا و هەسەدە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان لە پاریس بەڕێوەبچێت.

ئەو هەڵوێستە هاوبەشە لەکۆبوونەوەى نێوان وەزیرانى دەرەوەى سوریا و فەڕەنسا و تۆم باراک نێردەى ئەمەریکا بۆ سوریا بڕیارى لەسەردرا، هاوکات لەگەڵ رێککەوتنى سوریا و ئیسرائیل بۆ چارەسەرى ئاڵۆزییەکانى سوەیدا.

بەپێی بەیاننامەى هاوبەشى سوریا و ئەمەریکا و فەڕەنسا، هەر لەکۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر یەکێتى و سەقامگیریی سوریا و سەروەرى ئەو وڵاتە بەسەر تەواوى خاکەکەیدا.

هەروەها ئەو وڵاتانە رێکەوتوون لەسەر پێویستى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى راوێژکارى نێوان سوریا و هەسەدە بۆ جێبەجێکردنى تەواوەتى رێککەوتنى نێوانیان.

رێککەوتنەکە رۆژى 10 ى ئازارى 2025، لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا واژۆکرا، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.

رێككەوتنەكە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.

خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.

لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.

بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.

لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی