سبەى
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا هەر جار و لە شوێنێکی ئەو وڵاتە ئاڵۆزی و شەڕێکی چەکداری روودەدات، لەو نێوانەدا پرسیارى ئەوە هاتووەتە ئارا کە ئایا دەسەڵاتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێت دەرفەتی ئەو ئاڵۆزیانە بقۆزێتەوە و قەوارەیەکی فیدراڵی هاوشێوەی باشووری کوردستان لە ڕۆژئاوا دابمەزرێنێت؟
لەدوای دەستپێکردنی راپەڕینی سەرتاسەری دژی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2009ەوەو هێزەکانی سوریای دیموکراتیک(هەسەدە) لە رۆژئاوا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و جۆرێک خۆبەڕێوەبەریان لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندایە سەپاندوە.
بەپێی راپۆرتێکى ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زانکۆی ئێڵ ئێس ئی بەریتانیا، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازییە بنەڕەتییە مێژوویی، جیۆپۆلەتیکی و پێکهاتەییەکان لە نێوان سوریا و عێراق بە دوور دەزانرێت قەوارەیەکی فیدراڵی لە رۆژئاوا هاوشێوەی باشوور دابمەزرێت.
ناوەندەکە چوار هۆکارى دیاریکردووە کە بریتین لە:
1. نەبوونی پاراستنی نێودەوڵەتی
پێگەی فیدراڵی کوردەکانی عێراق دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی لەشکرکێشی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 و دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 نەبووە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوچەی دژە فڕینی بەسەر باکووری عێراقدا سەپاند، بەو پێیەش ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆی بە کوردستان بەخشی، زیاتر لە دە ساڵ پێش گۆڕینی ڕژێم، کورد لە عێراقدا ئیدارەی تایبەت بە خۆی و دراوێکی جیا و هێزی ئەمنی لە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتیدا هەبوو.
لەبەرامبەردا کوردەکانی سوریا هیچ جۆرە دانپێدانانێکی یاسایی و پاراستنی نێودەوڵەتییان نییە، هیچ زلهێزێکی جیهانیی ناوچەی دژە فڕینی بەسەر ڕۆژاوادا نەسەپاندووە و پشتیوانی یاسایی بۆ ئۆتۆنۆمی کورد نییە، بەبێ ئەم جۆرە پاڵپشتییە، گەیشتن بە پێگەیەکی هاوشێوەی کوردانی عێراق ئاستەمە.
2. کاریگەری سیاسی و سەربازی سنووردار
کورد لە عێراق ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە داڕشتنی عێراقی دوای سەدام و هاوکارێکی سەرەکی ناوخۆیی بوون لەگەڵ ئەو هێزانەی گۆڕانکاریی ڕژێمیان لەو وڵاتدا هێنایە ئاراوە. لە عێراقدا هێزە کوردییەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003 لە ڕووی سەربازی و سیاسی لە بەهێزترین گروپەکان بوون، سەرکردایەتی سیاسی کورد لە داڕشتنی حکومەت و دەستووری نوێی عێراقدا ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو. تەنانەت پێش ڕووخاندنی حکومەتی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، سەرکردە کوردەکان بەشدارێکی سەرەکی بوون لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق، خۆیان وەک یاریزانی ناوەندی لە داهاتووی وڵاتەکەدا جێگیر کرد.
لە بەرامبەردا کوردەکان لە سوریا تا ڕادەیەکی زۆر لە گفتوگۆ سیاسییەکان سەبارەت بە داهاتووی سوریا دوور خراونەتەوە. کاتێک ئەحمەد شەرع سەرەتاى ئەمساڵ خۆی بە سەرۆکی کاتی سوریا دیاریکرد، لە کۆنفرانسێکدا کە گروپە چەکدارە سەرەکییەکانی بەشداربوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد لەخۆگرتبوو، گروپە گەورەکانی کورد ئامادەنەبوون. بەبێ نوێنەرایەتی لە دانوستانە بەرچاوەکاندا، هەر توانایەک بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دەستووری بە لاوازی دەمێنێتەوە.
3. دوژمنی زلهێزی دەرەکی
دیمەنی جیۆپۆلەتیکی لە سوریا، ئۆتۆنۆمی کورد زۆر قورستر دەکات. کاتێک کوردەکانی عێراق لە ساڵی 1991دا ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆیان بەدەستهێنا، زلهێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا و ئێران، سەرەڕای نارەزایەتییەکانیان هێزی سەربازی و سیاسییان نەبوو بۆ ڕێگریکردن لێی، بەڵام سوریا حاڵەتێکی جیاوازە. تورکیا بە ئامادەییەکی سەربازی بەرچاو سوریا دەپارێزێت و کاریگەری سیاسی بەهێزی بەسەر دیمەشقدا هەیە. ئەنقەرە دژایەتی ئۆتۆنۆمی کورد دەکات، بەتایبەتی هەر سیاسەتێکی لەو جۆرە کە لە لایەن هەسەدە سەرکردایەتی دەکرێت، کە وەک درێژکراوەی پەکەکە سەیری دەکات. بە پێچەوانەی عێراقەوە کە دوژمنە دەرەکییەکان تاڕادەیەک لاواز بوو، دەستێوەردانی چالاکانەی تورکیا هەرێمێکی فیدراڵی کوردی لە سوریادا لە ڕادەبەدەر قورس دەکات.
4. حوکمڕانی ناوەندى لە سوریای دوای ئەسەد
عێراقی دوای 2003 فیدراڵی و دابەشکردنی دەسەڵاتی لە باوەش گرت، بە پاڵپشتی ئەمەریکا، لەگەڵ دەستووری عێراقی ساڵی 2005 بە ئاشکرا دانی بە ئۆتۆنۆمی کورددا ناوە. لە سوریادا لامەرکەزییەت لە پێشینەی کاردا نییە، لانیکەم بەو شێوەیەی کە کورد تەماشای دەکات (وەک ڕێگایەک بۆ ئۆتۆنۆمی). زۆرێک لە لایەنگرانی ئیدارەی نوێی شەرع دژایەتی دابەشکردنی دەسەڵات و ئەو مۆدێلە لامەرکەزییە دەکەن کە لە دوای ساڵی 2003 لە عێراق جێبەجێ کرا، بە پێچەوانەی عێراق کە ئەکتەرە دەرەکییەکان پشتیوانی فیدراڵیزمی کوردییان دەکرد، هیچ دەسەڵاتێکی گەورە لە سوریا بانگەشە بۆ ئۆتۆنۆمی کورد ناکات. بەبێ پشتیوانێکی لەو شێوەیە، پێناچێت زلهێزە نوێیەکانی سوریا دانپێدانانی یاسایی بە خۆبەڕێوەبەریی کورد ببەخشن.
ئەنجام
لە کاتێکدا کوردەکانی عێراق سوودمەند بوون لە پاراستنی پێشوەختەی نێودەوڵەتی و هێزی سیاسی و داینامیکی ناوچەیی کە ڕێگەی بە دانپێدانانی فیدراڵی دا، کورد لە سوریا ڕووبەڕووی ژینگەیەکی زۆر چالاکتر دەبێتەوە و بەلەبەرچاوگرتنی نەبوونی پارێزبەندی یاسایی نێودەوڵەتی، پەراوێزخستنی سیاسی کوردەکان، دژایەتى تورکیا و بیرکردنەوەی ناوەندگەرایی ئیدارەی سوریا، هەرێمێکی کوردی فیدراڵی لە سوریادا بەدوور دەزانرێت.