"خولەکەکانى سەرەتا ئەنجامەکەى دیارى دەکەن"؛ ترەمپ دوو ئەگەر بۆ ئەنجامى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ پوتن ئاشکرادەکات

#ترەمپ#پوتن
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ترەمپ: ئەگەر کۆبوونەوەیەکی خراپ بێت، زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت، ئەگەر کۆبوونەوەیەکی باش بێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا رادەگەیەنین
  • پوتن: ئیدارەی ئەمەریکا هەوڵی چالاک و دڵسۆزانە دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان
Primary Asset

سبەى

دۆناڵد ترەمپ دوو ئەگەر بۆ ئەنجامى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ پوتن ئاشکرادەکات و رایگەیاند، پوتن ناتوانێت یاری بکات و هەر ڕێککەوتنێکی پەیوەندیدار بە ئۆکراینا تەنها لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی دواتردا دەکرێت کە کیێڤ تێیدا بەشداربێت.

هەردوو سەرکردە (کاتژمێر دە بەکاتی هەولێر) لە بنکەی ئاسمانی ئێلمندۆرف لە ئەلاسکا کۆدەبنەوە، کە دامەزراوەیەکی گەورەی سەربازی ئەمەریکایە لە ئەلاسکا و ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە چاودێریکردنی ڕووسیادا گێڕاوە.

ئەمە یەکەم سەردانی پوتن دەبێت بۆ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا لە ساڵی 2022دا.

لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ڕووسیا لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ئەم وتووێژانە بە شێوەی دوولایەنە، بێگومان بە وەرگێڕان بەڕێوەدەچن”.

پێش رۆژێک لە بەڕێوەچوونی لوتکەکە، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “من سەرۆکم، پۆتین ناتوانێت یاریم لەگەڵدا بکات”. 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “لە ماوەی دوو، سێ، چوار، یان پێنج خولەکی یەکەمدا دەزانم کۆبوونەوەکەمان باش دەبێت یان خراپ“.

وتوویشیەتی ئەگەر کۆبوونەوەیەکی خراپ بێت، زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت، ئەگەر کۆبوونەوەیەکی باش بێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا رادەگەیەنین.

ئامادەنەبوونی زێلێنسکی

هاوکات لەگەڵ بەدەستهێنانی خاکی زیاتر لەلایەن رووسیاوە، سەرکردەکانی ئەوروپا زیاتر نیگەرانن لەوەی پوتین، سەرۆکی ئەمریکا ڕابکێشێتە ناو رێککەوتنێک کە بەسەر ئۆکراینادا بسەپێنرێت.

لە بەرامبەردا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بانگهێشت نەکردنی بۆ لوتکەکە، بە پاداشتێک بۆ پوتین وەسفکرد و ڕەتیکردەوە هیچ خاکێک بداتە ڕووسیا.

بەڵام ترەمپ دڵنیایی داوەتە سەرۆکی ئۆکراینا و لە سەروبەندی لووتکەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ پوتین ناکات و سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەر بڕیارێکدا بەشداری دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆبوونەوەی دووەم زۆر گرنگ دەبێت، چونکە ئەو کۆبوونەوەیە دەبێت کە تێیدا گرێبەستێک دەکەن، نامەوێت زاراوەی 'دابەشکردنی (خاک) بەکاربهێنم. بەڵام تا ڕادەیەک ئەوە زاراوەیەکی خراپ نییە".

ترەمپ لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە بیر لە سێ شوێن دەکاتەوە بۆ کۆبوونەوەی بەدواداچوون لەگەڵ پوتین و زیلێنسکی، هەرچەندە ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی دووەم گەرەنتی نییە. 

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت بەپێی ئەوەی لە کۆبوونەوەکەمدا چی ڕوودەدات (یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین لە ئەلاسکا)، تەلەفۆن بۆ سەرۆک زێلێنسکی دەکەم و دەیهێنینە هەر شوێنێک کە کۆدەبینەوە.

بەڵێنەکانی ترەمپ دواکەوتن

ترەمپ پێشتر شانازی بە توانای خۆیەوە دەکرد کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام بانگەوازەکانی بۆ پوتین و ئەو فشارە چڕانەی کە خستیە سەر زێلنسکی ، نەیتوانی سەرۆکی ڕووسیا ڕازی بکات. دواتر ترەمپ هۆشداریدا لە "دەرئەنجامە زۆر خراپەکان" ئەگەر سەرۆکی روسیا بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگەکە.

پوتین: ترەمپ راستگۆیە لە هەوڵەکانیدا

کرێملین ڕایگەیاند هیچ پلانێکیان نییە بۆ واژۆکردنی هیچ ڕێککەوتنێک لە کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕووسیا و ئەمریکا لە ئەلاسکا، بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە پێشبینی دەرئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ترەمپ و پوتین هەڵەیەکی گەورە دەبێت.

لەگەڵ ئەوەدا پوتین ڕۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەمریکا کرد بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکان و ڕایگەیاند کە دانوستانەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە بەرفراوانەکانی بنیاتنانی ئاشتی.

سەرۆکی روسیا لە میانی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵا لە مۆسکۆ وتی: "ئیدارەی ئەمریکا... هەوڵی چالاک و دڵسۆزانە دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان".

سوپای روسیا لە پێشرەویدایە

لوتکەی ئەلاسکا هاوکاتە لەگەڵ دەستکەوتە بەرچاوەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. دەسەڵاتدارانی کیێڤ فەرمانی چۆڵکردنی شارۆچکەی دروژکیڤکا و چوار گوندی نزیک لە ناوچەیەک دەرکرد کە هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوی خێرایان تێدا کردووە.

هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە بە خێرایی پێشڕەوییان کرد و بە درێژایی ١٠ کیلۆمەتر لە نزیک شارۆچکەکانی دۆبرۆپۆلیا و دروژکیڤکا پێشڕەوییان کرد.

بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر داتاکانی ئینستیتیوتی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ، ئەمە گەورەترین پێشکەوتنی ڕووسیا بوو لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە خاکی ئۆکرانیا لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی