ئۆکراین بۆ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ روسیا کام بەشی وڵاتەکەی لەدەستدەدات؟

#
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پوتن لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ پلانێکی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ خستەڕوو، کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زەوی و قەدەغەکردنی ئۆکراینا بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، گەرەنتی ئەمنی و داننان بە سەروەری روسیا بەسەر کریمیا.
  • بەپێی روسیا ئامادەیە دەستبەرداری بەشێکی بچووکی خاکە داگیرکراوەکانی باکوری ئۆکرانیا (پارێزگاکانی سومی و خارکیڤ) بێت، لە کاتێکدا دەبێت ئۆکراینا بە تەواوی لە پارێزگاکانی دۆنێتسک و لوهانسک بکشێتەوە
Primary Asset

نەخشەى رێککەوتنى چاوەڕوانکراوى ئۆکراین و روسیا بە چاودێرى ترەمپ

سبەى

چاوەڕواندەکرێت ئۆکراینا بۆ رێککەوتنى ئاشتى لەگەڵ روسیا بە چاودێرى ترەمپ بەشێکى خاکەکەى لەدەستبدات، بەرانبەر وەستانى پێشڕەوى روسیا و وەرگرتنەوەى روبەرێکى بچوکى خاک.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پوتن لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ پلانێکی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ خستەڕوو، کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زەوی و قەدەغەکردنی ئۆکراینا بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، گەرەنتی ئەمنی و داننان بە سەروەری روسیا بەسەر کریمیا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دراوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەم پلانەدا روسیا ئامادەیە دەستبەرداری بەشێکی بچووکی خاکە داگیرکراوەکانی باکوری ئۆکرانیا (پارێزگاکانی سومی و خارکیڤ) بێت، لە کاتێکدا دەبێت ئۆکراینا بە تەواوی لە پارێزگاکانی دۆنێتسک و لوهانسک بکشێتەوە.

 لە بەرامبەردا روسیا پابەند دەبێت بەوە لە بەرەکانی جەنگ لە  پارێزگاکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکرانیا پێشڕەوی نەکات.

لای خۆشییەوە کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە داواکارییەکانی پوتین باس لەوە دەکات کە ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەتوانێت گۆڕانکارییەک لە بەرەکانی جەنگ دروست بکات.

ئایا ئۆکرانیا ناچار دەبێت خاکەکەی بداتە ڕووسیا؟

بەپێی سکای نیوز، لەکاتێکدا پێدەچێت تێڕوانینی ترەمپ بۆ بەرخۆدانی ئۆکرانیا بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانەکانی ئەم دواییەی لەبارتر بێت، بەڵام هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە کە داوا لە کیێڤ بکرێت بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی بداتە دەست لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕووسیا.

مۆسکۆ گرنگی بە چوار پارێزگای ئۆکرانیا داوە کە بریتین لە لوهانسک و دۆنێتسک (دۆنباس)، زاپۆریژیا و خێرسۆن.

هێزەکانی پوتین نزیکەی هەموو هەرێمی لوهانسکیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام نزیکەی 30%ی ئەوانی دیکە لە دەستی ئۆکرانیادا ماونەتەوە، کە کێبڕکێیەکی گەرمی لەسەرە.

ماتیۆ ساڤیل، بەڕێوەبەری زانستە سەربازییەکان لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی روسی وتى "رێژەی پێشڕەوییەکانی ڕووسیا لە مانگی ڕابردوودا زیادیکردووە، بەڵام ئەگەر بەم خێراییەی ئێستاش روسیا پێشڕەوی بکات ساڵانێک (سێ یان زیاتر) دەخایەنێت بۆ ئەوەی روسیا دەست بە تەواوەتی ئەو ناوچانەدا بگرێت.

دەشڵێت، ئەگەر ڕووسیا هەوڵی بەدەستهێنانی بەشەکانی دیکەی دۆنباس بدات وەک بەشێک لە دانوستانەکان، ئەوە "زۆر نەخوازراو" دەبێت بۆ ئۆکرانیا و ڕەنگە لە داهاتوودا لاوازیان بکات.

لای خۆشییەوە مایکل کلارک، شرۆڤەکاری سەربازی لەو بارەیەوە دەڵێت" ڕەنگە ئەمە پوتین "بۆ ئێستا" ڕازی بکات، بەڵام زۆرێک پێیان وایە دوای کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتی ترەمپ دوبارە هێرش بکاتەوە سەر ئۆکرانیا بۆ ئەوەی ئەو بەشانەی دیکەی خاکی ئۆکرانیا داگیر بکات".

سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی لەدەستدانی خاکی وڵاتەکەی چی ذەڵێت؟

پێشتر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا بەدەستەوەدانی خاکی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە  و ڕایگەیاندبوو مافی ئەوەی نییە دەستبەرداری خاکی وڵاتەکەى بێت و لە دەستدانی دونباس دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە وەک گۆڕەپانێکى پەڕینەوە  بۆ لەشکرکێشییەکی نوێی روسیا رۆڵ بگێڕێت.

ئایا روسیا ناچار دەبێت بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بگەڕێنێتەوە؟

پێدەچێت کۆشکی سپی پێیوابێت کە ئەوە دەکرێت، هەرچەندە دۆخەکە زۆر نادیارە. 

ماتیۆ ساڤیل لەوبارەیەوە دەڵێت "رەنگە ئۆکراینییەکان بیانەوێت هاوسەنگی لە نێوان دۆخی باکووردا دروست بکەن بە نەهێشتنی دەستدرێژیەکانی ڕووسیا بۆ سەر سومی و نزیک خارکیڤ. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا رۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کارەبای ئۆکرانیا، وەرگرتنەوە و کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە بۆ ئۆکرانیا گرنگترە، هەروەها ڕەنگە ڕووسیا ئامادە بێت لە بەشێک لە ناوچەی خێرسۆن بکشێتەوە".

دەشڵێت "ئەگەری ئەوە هەیە ئۆکراینا بتوانێت وێستگە ئەتۆمییەکە وەربگرێتەوە، بەڵام پێدەچێت روسیا پێداگری لەسەر پاراستنی ڕێگەی زەوی بۆ کریمیا بکات، ئەوەش بەو مانایە دێت کە شارەکانی ماریۆپۆل و مێلیتۆپۆل لە دەستی روسیادا دەمێننەوە".

ئاگربەستێک بەدرێژایی هێڵی پێشەوەی شەڕ؟

کلارک بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، لوتکەی ئەلاسکا بە دڵنیاییەوە ئاشتی ناهێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر پوتین بڕیاری نەرم و نیان بدات، ئاگربەست دەکرێت ئەگەری هەبێت"، بەڵام  پوتین تا ئێستا هیچ نەرمییەکی نیشان نەداوە.

 ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێت "ئاگربەست بەدرێژایی هێڵی پێشەوە "دەرئەنجامێکی نایاب دەبێت، بەڵام زەحمەتە ئەمە ڕووبدات".

بەوتەی ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە، دەکرێت دەرئەنجامێکی خوازراو ئەوە بێت کە هەردوولا ڕێکبکەون لەسەر ئاگربەستێک کە دوو هەفتەی تر دەست پێدەکات (بۆ نموونە) و  ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بکات ئەگەر روسیا یان ئۆکرانیا پێشێلی بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە خودی لوتکەکەدا هیچ ڕێککەوتنێک نەکرا، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا ترەمپ و پوتین درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی