ئەگەری سەرهەڵدانەوەى شەڕى ئێران و ئیسرائیل لە نێوان دوو بەرداشدا

4 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • فەرماندە سەربازییەکانى ئێران: شەڕ دەستپێدەکاتەوە
  • حکومەتى ئێران: شەر لە ئارادانییە و ترس و دڵەراوکێی نانەوە هەڵەیە
Primary Asset

سبەى

لەکاتێکدا زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران تێدەپەڕێت، فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دەڵێن شەر دووبارە دەستپێدەکاتەوە و بۆیە دەبێت ئامادەکاریی بکەن، لەبەرانبەردا بەرپرسانی باڵاى حکومەت دەڵێن نابێت ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو هاوڵاتیان بڵاوبکرێتەوە و هەوڵ بدرێت بەر بە هەڵگیرسانەوەی جەنگ بگیرێت.

یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی رایگەیاند، پێدەچێت شەڕێکی دیکە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل رووبدات، بەڵام دوای ئەوە ڕەنگە چیدیکە شەڕێکی دیکە ڕوونەدات.

سەفەوی لە میانی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە وتی "ئێمە ئێستا لە ئاگربەستدا نین، لە قۆناغی شەڕداین و هیچ پرۆتۆکۆل و ڕێسا و ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێمە و ئەمەریکا و ئیسرائیلدا نەنووسراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە لەسەر هێزە سەربازییەکان ئەرکە خراپترین سێناریۆ دابنێن و خۆیان بۆ خراپترین دۆخ ئامادەبکەن.

دەشڵێت بە ئەگەری زۆڕ جارێکی دیکە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل شەڕ روودەدات و دوای ئەم شەڕە ئیتر شەڕێکی دیکە ڕوو نادات.

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن.

ئەمیر حەیات موقەدەم، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمان و فەرماندەی پێشوی سوپای پاسدران بە میدیای ئێرانی راگەیاندووە کە ئێران دەتوانێت لە دەریاوە ئەمەریکا بکاتە ئامانج.

دەشڵێت "ماوەی ٢٠ ساڵە سوپای پاسداران کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕێگەی کەشتی و لە دەریاوە ئەمەریکا بکاتە ئامانج".

"ئەمەریکا نزیکەی 10 هەزار کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە و کەشتییەکانمان دەتوانن دوو هەزار کیلۆمەتر ببڕن و لەوێشەوە بە مووشەک واشنتۆن و نیویۆرک و شارەکانی دیکە بکەینە ئامانج".

ئەو فەرماندە پێشووەی سوپای پاسدران هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپیش دەکات و دەڵێت "لە ئێستادا هەموو وڵاتانی ئەوروپی لە مەودای ئێمەدان و بەو مووشەکانەی کە هەن دەتوانین هەموو ئەو وڵاتانە بکەینە ئامانج، مووشەکەکانمان نەک تەنها دەگاتە فەرەنسا، بەڵکو دەگاتە ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەشێک لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش".

لێدوانەکانی حەیات موقەدەم بە خێرایی لە سۆشیال میدیا و هەندێک لە میدیا نێودەوڵەتییەکان دەنگی داوەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا دوو هەفتە ماوە بۆ وادەی سێ وڵاتی ئەوروپی بۆ بڕیاردان لەسەر چالاککردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران ماوەتەوە و  ئەم هەڕەشانە دەتوانێت کەشوهەوای ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئەوروپا زیاتر بکات و ڕەنگە هەڵوێستی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەرانبەر بە ئێران توندتر بکەنەوە و پاڵیان بنێت بەرەو گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەو ماوەیەدا بەرپرسانی حکومەت لە ئێران هەوڵیان داوە دۆخەکە ئارام بکەنەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەک لەگەڵ میدیای ئێرانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە وەک شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاوەن ئەزموونی ٤٠ ساڵ لەم بوارەدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی  پێی وانییە شەڕێک ڕوو بداتەوە، ئەگەرچی پێوستە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریش دەدات لەوەی کە نابێت کەشوهەوا بۆ شەڕ دروست بکرێت و کەشێکی پڕ لە دڵەراوکێی بۆ هاوڵاتیان بخولقێندرێت.

هەرچی سەبارەت بە ئیسرائیلیشە میدیاکانی ئەو وڵاتە لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە بڵاویان کردووەتەوە کە سوپای ئیسرائیل بە نیازی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکی “پەیکانی ٣” و “پەیکانی  ٤”یە لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نوێ  وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دێنیس سیترینۆڤیچ، بەرپرسی پێشووی بەشی ئێران لە دەزگای زانیاری سەربازی ئیسرئیل رایگەیاندبوو، ئێران لە دۆخێکی خراپی سەربازی و ئابووریدایە و ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ هێرشێکی دیکەی سەربازی، ئاماژەی بەوەشکردووە، باس لە شەڕێک دەکەن کە بە چڕی و لە ئاستێکی بەرز لە ئایندەیەکی نزیکدا روودەدات.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی