ئیسرائیل هەڕەشەی كردنەوەی دەروازەكانی دۆزەخ  بەڕووی حەماسدا دەكات

#ئیسرائیل#حەماس#غەززە
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ڕۆژێك دوای ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند:" دەسەڵات دەدات بە سوپای وڵاتەكەی بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بەرفراوان بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە". ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هۆشداریدا لەوەی كە گەورەترین شارەكانی كەرتی غەززە دەتوانن "ببنە ڕەفەح و بەیت حەنونێكی دیكە"، دوو ناوچە كە پێشتر لە شەڕەكەدا بە تەواوەتی وێران كرابوون.
Primary Asset

دیمەنێکی غەززە لەکاتی بۆردوماندا

سبەی

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، حكومەت پلانەكانی سوپای ئیسرائیلی بۆ شكستپێهێنانی حەماس لە غەززە پەسەندكردووە. ئاماژەی بەوەشكرد، پلانەكان بریتی دەبن لە ئاگركەوتنەوەیەكی قورس و چۆڵكردنی دانیشتوان و ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە غەززە، هاوكات زانیارییە هەواڵگرییەكان باس لەوە دەكەن كە حەماس دەستی كردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی تونێلەكانی لە غەززە.

ڕۆژێك دوای ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند:" دەسەڵات دەدات بە سوپای وڵاتەكەی بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بەرفراوان بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە". ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هۆشداریدا لەوەی كە گەورەترین شارەكانی كەرتی غەززە دەتوانن "ببنە ڕەفەح و بەیت حەنونێكی دیكە"، دوو ناوچە كە پێشتر لە شەڕەكەدا بە تەواوەتی وێران كرابوون.

ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئیكس بڵاویكردەوە: "بەم زووانە دەروازەكانی دۆزەخ بەڕووی بكوژان و دەستدرێژكارانی حەماس لە غەززە دەكرێنەوە؛ ئەگەر بە مەرجەكانی ئیسرائیل بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە ڕازی نەبن، لەوانەش ئازادكردنی هەموو بارمتەكان و داماڵینی چەك." 

حەماس دەستی كردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی تونێلەكانی لە غەززە 

لە هەمان كاتدا میدیاكانی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەكان بڵاویان كردەوە كە حەماس دەستی كردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی تونێلەكانی لە غەززە و بە وتەی سوپای ئیسرائیل، ئەم پرۆسەیە تەنانەت لەو ناوچانەشدا بەردەوامە كە پێشتر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامداوە.

لەگەڵ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی پلانەكەی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە، سوپای وڵاتەكە ڕایگەیاند كە چەكدارانی حەماس توانیویانە دزە بكەنە ناو كەمپی سوپا لە خان یونس لە باشوری كەرتی غەززە - لەنێویاندا بینایەك كە هێزەكانی تێدا جێگیركراون - بەڵام سەربازەكان توانیویانە بەرپەرچی هێرشەكە بدەنەوە.

پێش هێرشە بەرفراوانەكە خۆیان بۆ چۆڵكردن ئامادە بكەن

لای خۆیەوە میدیا فەلەستینییەكان باسیان لەوە كردووە، ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشەكانی بۆ سەر شاری غەززە و ئەگەری ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەسی دیكە چاوەڕوانكراوە، سوپای ئیسرائیل بە كارمەندانی پزیشكی و فریاگوزاری ڕاگەیاندووە، پێش هێرشە بەرفراوانەكە خۆیان بۆ چۆڵكردن ئامادە بكەن، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی دانوستانەكان بۆ ئاگربەست بەردەوامە.

حەماس ڕۆژی دووشەممە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیارێكی قەتەر و میسر بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، كە بە گوێرەی راگەیەنراوی شاندی دانوستانكاری قەتەر ئازادكردنی نیوەی بارمتەكانی دەستبەسەر لە غەززە دەگرێتەوە.

مەرجەکانی ئیسرائیل

لای خۆیەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، فەرمانی دەستپێكردنی دانوستانەكانی داوە بۆ ئازادكردنی هەموو بارمتەكان و كۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە، بە مەرجێك ڕێككەوتنەكان "داواكارییەكانی ئیسرائیل لەخۆبگرێت.

پێشتر نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، مەرجەكانی ئاگربەستی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند ئیسرائیل تەنها بە ڕێككەوتنێك ڕازی دەبێت كە هەموو بارمتەكان بە یەكجار ئازاد بكرێن و مەرجەكانی كۆتاییهێنان بە شەڕەكە بریتین لە چەكداماڵینی حەماس، داماڵینی سەربازی غەززە، كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەروەها دامەزراندنی حكومەتێك بەبێ بەشداری حەماس یا خود دەسەڵاتی فەڵەستینی.

ئیسرائیل پێی وایە لە كۆی ٥٠ بارمتە تەنها ٢٠ كەسیان دوای ٢٢ مانگ شەڕ لە غەززە هێشتا لە ژیاندا ماون، لەلایەكی دیكەوە سەرچاوە فەلەستینییەكان ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی بۆردومانی سەختی ڕۆژهەڵاتی شاری غەززەیان ڕاگەیاند، ئەمەش ڕۆژێك دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل یەكەم هەنگاوەكانی هێرشەكانی بۆ گرتنەوەی ئەو شارە ڕاگەیاند.

سوپای ئیسرائیل هۆشداری دایە بەرپرسانی پزیشكی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ چۆڵكردنی یەك ملیۆن دانیشتووانی شاری غەززە بەتەواوی بۆ پەناگە لە باشوور ئامادە بكەن.

هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگاكانی فریاگوزاری ڕایانگەیاندووە، لە ناوچەكەدا دەمێننەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە ناتوانن یان نایانەوێت بچنە دەرەوە.

٢٧ وڵات داوای ئازادی كاری میدیایی كلە غەززە دەكەن

لە پێشهاتێكی دیكەدا ٢٧ وڵات پشتگیریان لە بەیاننامەیەك كردووە كە داوایان لە ئیسرائیل كردووە دەستبەجێ ڕێگە بە دەستگەیشتنی میدیای بیانی سەربەخۆ بۆ غەززە بدات.

هەروەها فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا و ژاپۆن راگەیەندراوێكیان واژۆ كردووە كە لەلایەن هاوپەیمانی ئازادی میدیاوە بڵاوكراوەتەوە، كە ڕێكخراوێكی مەدەنییە و داكۆكی لە ماف و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەكات لە سەرانسەری جیهاندا.

لە راگەیەندراوەكەدا سەركۆنەی هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسانیان كردووە و ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەو كەسانەی لە غەززە كاردەكەن بپارێزرێن.

لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە نزیكەی دوو ساڵ لەمەوبەر، ئیسرائیل چوونە ژوورەوەی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی سەربەخۆی بۆ ناو كەرتی غەززە قەدەغە كردووە، تەنها بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان لە ژێر كۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل دەتوانن ڕووداوەكان تۆمار بكەن. 

غەززە گۆڕستانی رۆژنامەنووسان

بەپێی ئاماری كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، لانیكەم ١٩٢ ڕۆژنامەنووس و چالاكی میدیایی كە زۆربەیان فەلەستینی بوون، كوژراون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی