بنکەیەکی کۆمسیۆن
سبەی
سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاشكرایكردووە، تا ئێستا 581 كاندید دوورخراونەتەوە كە 10 كاندیدی پێكهاتەی جیاوازەكانی تێدایە. دەشڵێت " ژمارەی دوورخراوەكان ئەگەری زیاد بوونیان هەیە، هەروەها پێویستە حزبەكان كاندیدی جێگرەوە بۆ شوێنی كاندیدە دوورخراوەكان دیاری بكەن".
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە ئاماری نوێی كاندیدە دوورخراوەكان و وادەی پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند:"نزیكەی 581 كاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دوورخراونەتەوە، كە 195 كەسیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامە و پابەندنەبوون بە مەرجەكانی خۆكاندیدكردن و ئەو ڕێژەیەی كە كۆمسیۆن بۆ بڕوانامە و نوێنەرایەتی ژنان لە لیستەكاندا دیاریی كردووە، دەركراون".
سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەشڵێت" 104 كاندید بەهۆی بەڵگەی تاوانكارییەوە دوورخراونەتەوە، لەكاتێكدا 15 كاندید لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەهۆی هەڵگرتنی بڕوانامەی ساختە دوورخراونەتەوە، هەروەها نزیكەی١٠ كاندیدی پێكهاتەكان دوورخراونەتەوە، ئەم ژمارانە ئەگەری زیادبوونیان هەیە، كاتێك وەڵامەكان لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنی و یاساییەكانەوە تەواو بوو، ژمارەی كۆتایی ئەو كەسانە دیاریدەكرێن كە دوورخراونەتەوە".
" پێویستە دەستەی كۆمیسیاران مانگێك پێش ڕۆژی هەڵبژاردن ناوی كاندیدەكان پەسەند بكات، واتە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم، هەروەها پێویستە حزبەكان كاندیدی جێگرەوە بۆ شوێنی كاندیدە دوورخراوەكان دیاری بكەن". عیماد جەمیل وا دەڵێت.
سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق باس لەوەشدەكات "پاڵێوراوانی جێگرەوە دەبێت پابەندبن بە پەیڕەوی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2025، كە تیایدا داوا دەكات كاندیدەكە تەمەنی 30ساڵ بێت و خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت، هەروەها هیچ گەندەڵییەكی دارایی یان كارگێڕی یان تاوانێكی ناشەرعییان نەبێت، مەرجی بنەڕەتی ئەوەیە كە نابێت ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بن".
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.