لە لیژنەی چارەسەری پرسی كورد؛ رێگە نەدرا دایكانی ئاشتی بە كوردی قسە بكەن

#دایکانی ئاشتی#تورکیا#باکوری کوردستان#پەکەکە#زمانی کوردی
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە پێنجەمین كۆبوونەوەی "لیژنەی یەكڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی" لە پەرلەمانی توركیا، كە بە سەرۆكایەتیی نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو؛ نوێنەرانی دایكانی ئاشتی، دایكانی شەممە و چەندین ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ئامادەبوون و داواكاری و پێشنیازەكانیان خستەڕوو. كۆبوونەوەكە بووە شوێنێك بۆ گێڕانەوەی ئازارە دەیان ساڵییەكان و پێشكەشكردنی داواكاریی ڕوون و ئاشكرا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و بەدیهێنانی دادپەروەری.
  • ڕەبیعە كران دواتر پرسیارێكی گرنگی ئاراستەی لیژنەكە كرد و وتی: "گەریلاكان پشت بە چی دەبەستن و دەگەڕێنەوە بۆ توركیا؟ بە چ مەرجێك دێنەوە؟ دەیانخەنە زیندانەوە و سزای 30 ساڵیان بەسەردا دەسەپێنن. ئاشتی بەم شێوەیە نابێت. با ئەوانیش بێن و سیاسەت بكەن. زمانی زبری میدیاكان ڕابگرن تا بتوانین باوەش بۆ یەكدی بكەینەوە. ئێمە تا مردن داوای ئاشتی دەكەین. زیاتر لە نان و ئاو پێویستیمان بە ئاشتییە."
Primary Asset

دایکانی ئاشتی

سبەی

لەكاتێكدا لیژنەیەكی پەرلەمانیی بۆ چارەسەری پرسی كورد كە توركیا بە پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" ناویدەبات پێكهێندراوە، یەكێك لە بەشداربووانی لیژنەكە دەڵێت رێگە نەدرا بە زمانی دایك "زمانی كوردی" قسە بكەین.

لە پێنجەمین كۆبوونەوەی "لیژنەی یەكڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی" لە پەرلەمانی توركیا، كە بە سەرۆكایەتیی نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو؛ نوێنەرانی دایكانی ئاشتی، دایكانی شەممە و چەندین ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ئامادەبوون و داواكاری و پێشنیازەكانیان خستەڕوو. كۆبوونەوەكە بووە شوێنێك بۆ گێڕانەوەی ئازارە دەیان ساڵییەكان و پێشكەشكردنی داواكاریی ڕوون و ئاشكرا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و بەدیهێنانی دادپەروەری.

ئەنجومەنی دایكانی ئاشتی، بەشدار لە لیژنەی "هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراسی" لە پەرلەمانی توركیا، لە لقی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە شاری ئامەد، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، بۆ هەڵسەنگاندنی كۆبونەوەكانی لیژنەكە.

لە میانی كۆنگرەكەدا، نەزهات تەكی، یەكێ لە بەشداربووەكانی  لیژنەكە، نیگەرانی دەربڕی لەوەی رێگری لێكراوە لە پەرلەمان بە زمانی كوردی قسە بكات و وتی" بە ئومێدێكی زۆرەوە چوینە لای لیژنەكە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد دامەزراوە، بەڵام پێیان وتین ناتوانن بە زمانی دایكی خۆمان قسە بكەین".

وتیشی:" وتم لە ئامەدەوە هاتووم و كوردم، ویستم بە زمانی دایك قسەبكەم". بەڵام ئەوان وتیان "قسەكردن بە زمانی كوردی لە كۆنوسەكاندا تۆمار ناكرێت، ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانم بە زمانی خۆم لە پەرلەمان گوزارشت لەخۆم بكەم، ئەگەر چارەسەرێك لە دەرەوەی زمانەكەمەوە بێت،  ئەگەر ئینكاری زمانەكەم بكرێت، چارەسەر لە كوێدایە؟".

نەزهات تەكی دەشڵێت " پەرلەمان دەیتوانی وەرگێڕێك بهێنێت بۆ بە بەڵگەنامەكردنی قسەی دایكان بە كوردی، بەڵام داواكارییەكە رەتكرایەوە".

دایكانی شەممە كێن؟

دایكانی شەممە لە 27ـی ئایاری 1995ـەوە هەموو ڕۆژانێكی شەممە بە مەبەستی زانینی چارەنوسی كەسوكاریان كە بە دەستگیركراوی شوێنبزر كراون یان كوژراون، یاخود بوونەتە قوربانی تاوانی بكوژ نادیار لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستانبوڵ كۆدەبنەوە.

داواكارییەكانی دایكانی شەممە

دایكانی شەممە ڕاپۆرتێكیان پێشكەش بە لیژنەكە كرد كە ئەم داواكارییانەی لەخۆگرتبوو:

-جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووریی توركیا.

-كۆتاییهێنان بە قەدەغەكردنی گردبوونەوەكانیان لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ئیستانبوڵ.

-دامەزراندنی "لیژنەی دۆزینەو و ئاشكراكردنی ڕاستییەكان" وەك لیژنەیەكی پەیوەست بەو لیژنە پەرلەمانییە بۆ لێكۆڵینەوە لە شوێنبزركراوەكان.

-داننانی دەوڵەت بە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تاوانی شوێنبزركردن لەژێر چاودێریدا.

-ئاشكراكردنی چارەنووسی شوێنبزركراوان و ڕادەستكردنەوەی پاشماوەكانیان بە خێزانەكانیان.

-كۆتاییهێنان بە سیاسەتی سزانەدانی تاوانباران و دابینكردنی دادپەروەری.

-ئەنجامدانی گۆڕانكاریی یاسایی بۆ ناساندنی شوێنبزركردنی خەڵك وەك تاوانێكی دژی مرۆڤایەتی.

-واژۆكردن و پەسەندكردنی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی هەموو كەسێك لە شوێنبزركردنی زۆرەملێ و پەیماننامەی ڕۆما بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

ڕەبیعە كران: گەریلاكان پشت بە چی دەبەستن و دەگەڕێنەوە؟

دایكی ئاشتی، ڕەبیعە كران، كە سەرەتا ویستی بە كوردی قسە بكات، بەڵام ئاگادار كرایەوە، بە توركی درێژەی بە قسەكانی دا و وتی: "ئەگەر بەڕێز ئۆجەلان باسی لەم ئاشتییە كردبێت، ئێمە وەك دایكانی ئاشتی پشتگیریی دەكەین." 

ناوبراو جەختی كردەوە كە ئاشتی "تەختێكی زێڕینە" نەك تاوان، و داوایكرد لیژنەكە خاوەندارێتی لە پرۆسەكە بكات.

ڕەبیعە كران بە ئاماژەدان بەوەی كە داواكاریی سەرەكیی ئەوان ئازادكردنی ئۆجەلانە و وتی: “با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و ئێمە دەردی دڵی خۆمانی بۆ باس بكەین. ئێمە دەچینە ناو خەڵك و ڕای هەمووان وەردەگرین. پێمان دەڵێن: 'كوا ئاشتی؟ هیچ هەنگاوێك نەنراوە.' ئەگەر لەم وڵاتەدا ماف و یاسا و دادپەروەری هەبووایە، منداڵەكانمان ڕوویان لە چیا نەدەكرد.”

ڕەبیعە كران دواتر پرسیارێكی گرنگی ئاراستەی لیژنەكە كرد و وتی: "گەریلاكان پشت بە چی دەبەستن و دەگەڕێنەوە بۆ توركیا؟ بە چ مەرجێك دێنەوە؟ دەیانخەنە زیندانەوە و سزای 30 ساڵیان بەسەردا دەسەپێنن. ئاشتی بەم شێوەیە نابێت. با ئەوانیش بێن و سیاسەت بكەن. زمانی زبری میدیاكان ڕابگرن تا بتوانین باوەش بۆ یەكدی بكەینەوە. ئێمە تا مردن داوای ئاشتی دەكەین. زیاتر لە نان و ئاو پێویستیمان بە ئاشتییە."

كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكە و هۆشداریدان لە هەوڵەكان بۆ لەباربردنی پرۆسەكە

دوای نزیكەی 4.5 كاتژمێر، كۆبوونەوەكە كۆتایی هات. لە كۆتاییدا توركان ئێلچی، پەرلەمانتاری جەهەپە و هاوسەری تاهیر ئەلچی، گوتەیەكی پێشكەش كرد.

لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا كە دوای كۆبوونەوەكە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە بڵاوكرایەوە، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە بڵاوكردنەوەی قسەیەك كە لە لیژنەكەدا نەكرابێت وەك ئەوەی لە "دانیشتنێكی نهێنی"دا كرابێت، "بەلاڕێدابردنێكی ئاشكرایە" بۆ ژەهراویكردن و تێكدانی كارەكانی لیژنەكەیە.

بڕیارە لیژنەكە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا گوێ لە سەرۆكەكانی پێشووی پەرلەمان و سەندیكای پارێزەرانی توركیا بگرێت.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی