دوای هەفتەیەك لە كۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین؛ هیواكان بۆ ئاگربەست كاڵ دەبێتەوە

#روسیا#ئۆکراینا#ئەمەریکا#ئەوروپا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • هەفتەیەك بەسەر كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و هاوتا روسیەكەی تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە پێشكەوتنێكی بەرچاو بۆ ئاگربەست و كۆتایی هێنان، بە جەنگێكی سێ ساڵەی خوێناوی نەهاتووە و بەپێچەوانەوە ناكۆكییەكانی مۆسكۆ و كیێڤ زیاتر دەردەكەوێت، روسیا داوای بەفەرمی ناساندنی ئەو بەشە لە ئۆكراین دەكات كە كۆنترۆڵی كردووە، بەڵام تا ئێستا ئۆكراین ئامادەنەبووە دەستبەرداری یەك بست لە خاكەكەشی ببێت.
Primary Asset

زێلێنسکی و پوتین

سبەی 

هەفتەیەك بەسەر كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و هاوتا روسیەكەی تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە پێشكەوتنێكی بەرچاو بۆ ئاگربەست و كۆتایی هێنان، بە جەنگێكی سێ ساڵەی خوێناوی نەهاتووە و بەپێچەوانەوە ناكۆكییەكانی مۆسكۆ و كیێڤ زیاتر دەردەكەوێت، روسیا داوای بەفەرمی ناساندنی ئەو بەشە لە ئۆكراین دەكات كە كۆنترۆڵی كردووە، بەڵام تا ئێستا ئۆكراین ئامادەنەبووە دەستبەرداری یەك بست لە خاكەكەشی ببێت.

لە كاتێكدا هەفتەیەك لە كۆبوونەوە مێژووییەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا تێدەپەرێت، كە ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە جەنگەكە وادەی دوو هەفتەی بۆ هەڵسەنگاندنی دانوستانەكانی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆكراینا دیاری كرد.

ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت" پێموایە لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەزانین ئەنجامەكان بەرەو كوێ دەڕوات و دواتر ڕەنگە پێویست بكات بە ڕێگایەكی جیاوازدا بڕۆن".

لەبەرانبەردا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گومانی خۆی لە ئامادەیی پوتین بۆ كۆبوونەوە لەگەڵیدا دەربڕی و  روسیای بە خۆدزینەوە لە "پێویستی" كۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەركردە تۆمەتبار كرد.

زێلێنسكی دەشڵێت "ئەوان هەوڵدەدەن خۆیان لە پێویستی كۆبوونەوەیەك بپارێزن و نایانەوێت كۆتایی بەم شەڕە بهێنن."

پێشتر چەندین سەركردەی ئەوروپا، بۆچوونەكانی یەكێتی ئەوروپا و ئۆكراینایان سەبارەت بە دوودڵی پوتین بۆ چوونە ناو ڕێككەوتنی ئاشتی دووپاتكردووەتەوە.

ئەلێكساندەر ستۆبس، سەرۆكی فینلاند ڕایگەیاند، پوتین "بە دەگمەن جێی متمانەیە" و گومانی خۆی دەربڕی كە دواجار ڕازی دەبێت بە كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ زێلێنسكی.

لای خۆشییەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، پوتینی وەك هەڕەشەیەكی گەورە لە بەر دەرگاكانی ئەوروپا ناوبرد و ڕایگەیاند " گومانم هەیە كە پوتین ئامادەیە هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی بدات".

ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا مەرجەكانی روسیای بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئۆكراین ئاشكرا كرد، بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆیتەرز روسیا داوای كۆی گشتی هەرێمی دۆنباس دەكات كە لە ئێستادا لەسەدا 88ی لە ژێر كۆنترۆڵی مۆسكۆدایە، هاوكات دەشڵێت ئەو بڕە خاكەی لەناوچەكانی زاپۆرۆژیا و خێرسۆن لە ژێر دەستیدایە و  بە لە سەدا 78 دەخەملێندرێت رادەستی ئۆكراین ناكاتەوە و كیێڤ دەبێت ئەوە قبووڵ بكات.

لەبەرانبەر ئەو داواكاریانەی روسیا، بەرپرسانی ئەوروپا دەڵێن نابێت خاكی ئۆكراین بدرێت بە روسیا و ئەوە مەترسییە لەسەر ئەوروپا و پاداشتێكە بۆ داگیركەر.

لای خۆیەوە كایا كالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا هۆشداری دەدات لەوەی " لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئاشتیدا نابێت فشار بخرێتە سەر ئۆكراینا بۆ ئەوەی خاكی وڵاتەكەی بدات بە ڕوسیا، دەشڵێت"ڕێگەدان بە ڕوسیا بۆ دەستگرتن بە خاكی ئۆكراینا  تەڵەیەكی پوتینە و نابێت ئەوروپا فریوی ئەو داوەی روسیا بخوات".

ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا لە مێژە ناكۆكی لەسەرە، هێرشە سەربازییەكانی ڕوسیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئۆكراینی ناچار كردووە ناوچەكە جێبهێڵن.

ئۆكراینا بەردەوام ڕەتیكردۆتەوە دۆنباس لە بەرانبەر ئاشتیدا ڕادەستی روسیا بكات، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ پێداگری لەسەر پێویستی "گۆڕینەوەی زەوی" كردووە.

هەروەها كالاس كە ناوی لە "لیستی زۆرترین داواكراو"ی كرێملیندایە، بە درێژی باسی لە گەرەنتییە ئەمنییەكانی "باوەڕپێكراو و تۆكمە" بۆ ئۆكراینا كرد.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا جەختی لە گرنگی دروستكردنی گەرەنتیەك بۆ ئۆكراین كردۆتەوە كە "بەتەنها لەسەر كاغەز نەمێنێتەوە"، ئاماژەی بەوەشكرد  "بەهێزترین گەرەنتی ئەمنی سوپایەكی بەهێزە بۆ ئۆكراینا".

كاڵاس ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوە پەیوەستە بە وڵاتانی ئەوروپی كە بە تەواوی بڕیار بدەن، دەتوانن چی پێشكەش بە ئۆكراین بكەن و هێشتا ڕوون نەبۆتەوە كە ئەو وڵاتانە چ فۆرمێك یان چ ڕۆڵێك دەگرنەبەر".

كاڵاس سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئالاسكا وتی پوتین "هەموو شتێك كە ویستویەتی بەدەستی هێناوە" و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئامادەیی ئەو دەبێت بۆ دانوستان لەسەر ڕێككەوتنی ئاشتی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، "پوتین پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، لەبەرانبەردا ئامادەنییە دەستبەرداری هێرشە سەربازییەكان بێت و كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕابگرێت".

" یەكێتی ئەوروپا پاكێجی نۆزدەهەمی سزاكانی ئامادەكردووە بۆ فشارخستنە سەر سەرۆكی ڕوسیا بۆ گفتوگۆی زیاتر". كالاس وا دەڵێت.

لەبەرانبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە چاوپێكەوتنی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند:"هیچ پلانێك بۆ كۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراینا دانەنراوە". ئاماژەشی بەوەدا "سەرۆكی ڕوسیا ئامادەیە كۆببێتەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت ئەجێندای كۆبوونەوەكە ئامادە بكرێت".

وتیشی: "ڕوسیا ئامادەیە سازش لەسەر هەندێك لەو بابەتانە بكات كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی پێ داوە، بەڵام زێلێنسكی هەموو ئەو مەرجەكانی مۆسكۆی ڕەت كردۆتەوە كە بە پێوستی دەزانین بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ئۆكراینا."

لاڤرۆڤ ڕەخنەی زیاتر لە زێلێنسكی دەگڕێت و دەڵێت" تەنانەت ئەو ڕەتی كردۆتەوە كە یاسای قەدەغەكردنی زمانی ڕوسی هەڵبوەشێنێتەوە، چۆن دەتوانین لەگەڵ كەسێك كۆببینەوە كە خۆی وەك سەركردە پیشان دەدات".

لەبەرانبەردا سەرۆكی ئۆكراینا دووپاتی كردەوە، "ڕوسەكان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی ڕێگریم لێ بكەن لەگەڵ پوتین كۆببمەوە". هاوكات داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆكراینا دەكات سزای نوێ بەسەر مۆسكۆ بسەپێنن ئەگەر بێت و هیچ نیازێك بۆ پرۆسەی ئاشی نیشان نەدات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی