وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
سبەی
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەی پێكهاتەكانی مەسیحی و ئێزدی تۆمەتبار دەكات، چەند داواكارییەكیش ئاراستەی حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی ٢١ی ئابی ٢٠٢٥ بڵاویكردەوە: "لە پێشهاتێكی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری كۆچ و كۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و ئێزدی، كە خەڵكە ڕەسەنەكەی بە ناچاری لە كەمپەكان دەژین".
تاوەكو ئێستا ١٨ كەمپی تایبەت بە ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستانن
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت "بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێكهاتەی مەسیحی و كوردانی ئێزدی، بە پاڵپشتی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكاری ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كەمپەكان گیرساونەتەوە و تاوەكو ئێستا ١٨ كەمپی تایبەت بە ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێكی ئارام دەكەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
" لە بری پاڵپشتیكردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریكردن لە زەمینە خۆشكردن بۆ دۆخێكی سەقامگیر، وەزیری كۆچ و كۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە كۆبوونەوە دەكەن بۆ ئەوەی ئاوارەكان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بكەن و بێ دیراسە و راوێژكردن لەگەڵیان ناچاریان دەكەن وەكو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە". وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ئەوەش هاتووە:"ناچاركردنی ئاوارەكان بە تێكەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەكانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەكات كە دژی دەقەكانی دەستوور دەبێت و جۆرێكە لە جۆرەكانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەكانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماكانی ڕەفتاری نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی كۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێكەوتننامەكانی ژنێڤ كە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و كەرامەتمەندانە دەكەن، نەك بە بڕیارە ئیدارییەكان یان بە خشتەی كاتی سەخت و ناواقیعی".
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە، داوا دەكەین بەپەلە:
یەكەم: حكومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری كۆچ و كۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەكرێت.
دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كار بكەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
دووەم: داوا دەكەین پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی شەنگاڵ، و دیاریكردنی قائیمقامێكی نوێ، و دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و ئاساییكردنەوەی بارودۆخ و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:"حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە لە چارەسەری یاسایی كێشەكان كە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەكان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و پاراستنی موڵك و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەكردن لە گەڵ هۆكارەكان ناكرێت و ئەوەی لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەركردنی كێشەكان".