نەتەنیاهۆ و ترەمپ
سبەی
دوای دوو مانگ لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ خۆی و نەتانیاهۆی بە "پاڵەوانی جەنگ" ناوبرد، هاوكات تاران هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر دووبارە هێرش بكرێتە سەر ئێران، مووشەكە پێشكەوتووترەكانی بەكاردەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیایەكی ئەمەریكی، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی بە "پاڵەوانی جەنگ" ناوبرد و بانگەشەی ئەوەی كرد "خۆی شایەنی ئەو نازناوەیە بەهۆی فەرمانی ناردنی فڕۆكە بۆمب هاوێژە ئەمەریكییەكان بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران".
ترەمپ بە ئاماژەدان بە هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەكانی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا وتی:" نەتانیاهۆ پیاوێكی باشە، بۆ شەڕكردن هاتووە، ئێمە پێكەوە كارمان كرد، ئەو پاڵەوانی جەنگە، پێموایە و منیش هەروا، ئاماژەی بەوەشكرد، "زۆر كەس بێلایەنییان هەڵبژاردووە، بەڵام من پاڵەوانێكم، چونكە ئەو فڕۆكانەم ناردووە".
ترەمپ هەروەها بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئەمەریكا توانیویەتی "توانای ئەتۆمی ئێران كە دەكرا لە دوو چركەدا دژی ئیسرائیل بەكاربهێنرێت لەناوببات".
ئەوەش ل كاتێكدایە كە هەڵسەنگاندنەكانی هەندێك لە ئاژانسە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەشێكی بەرچاو لە دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەكانی ئێران لە هێرشەكاندا لەناو نەچووە، بەشێك لە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانیش پێش هێرشەكان گواستراونەتەوە و زیانیان پێنەگەیشتووە كە بە گوێرەی هەندێك زانیاریی بە زیاتر لە 400 كیلۆگرام دەخەمڵێندرێت.
ترەمپ هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی دادگاییكردنی نەتانیاهۆی كرد، ئەمەش دەستوەردانێكی دەگمەنە لە كاروباری ناوخۆی ئیسرائیلدا، هاوكات نەتانیاهۆی بە "جەنگاوەرێك" ناو برد و ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمەریكا بۆ "رزگاركردنی نەتانیاهۆ" كاردەكات.
لەلایەكی دیكەوە، عەزیز ناسرزادە وەزیری بەرگریی ئێران ، ڕایگەیاند:" ئێران دوای شەڕی 12ڕۆژە مووشەكی بە توانای پێشكەوتووتر پەرەپێداوە و بێ گومان ئەگەر ئیسرائیل جارێكی دیكە هێرش بكاتەوە، بەكاریان دەهێنێت".
دەشڵێت:" ئەو مووشەكانەی لە جەنگی 12 ڕۆژەدا بەكارهێنراون چەند ساڵێك پێش ئێستا پەرەیان پێدراوە، ئەمڕۆ ئێمە مووشەكمان بەرهەمهێناوە كە توانای زۆر بەرزتریان هەیە".
شەڕی ئێران و ئیسرائیل روخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە
ئەوەش لە كاتێكدایە، بە گوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی شەڕی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئێران "روخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە و تەنانەت ئەوروپاش ئێستا ئامادەیە گوشار لەسەر دەسەڵاتدارە ئایینییەكانی ئێران زیاتر بكات".
ڕۆژنامەكە باسی لەو میكانیزمەش كردووە كە ڕێگە بە وڵاتانی ئەوروپا دەدات سزاكانی سەر ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا نوێ بكەنەوە، بەبێ ئەوەی نیگەران بن لە دەسەڵاتی ڤیتۆی چین و روسیا، بە گوێرەی ڕۆژنامەكە ئەو هەنگاوەی ئەوروپا دەتوانێت زیان بە ئابووری ئێران بگەیەنێت و لەلایەكی دیكەشەوە سزاكانی سەر ئێران بۆ فرۆشتن و كڕینی چەك زیندوو بكاتەوە و هاوكات داوای دەستهەڵگرتنی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بكات.
لای خۆشییەوە ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشتر بە میدیاكانی راگەیاندبوو " ئەو رێككەوتنەی نزیكەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئێران كرا، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا كۆتایی دێت و ئەمەش دۆخێكی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.
رێككەوتنی ئەتۆمی لە (14ـی تەمموزی 2015) لە سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما لەنێوان ئەمەریكا، ئێران، چین، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا واژۆ كرا.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی سنوردار كرد، لە بەرامبەردا رۆژئاوا بەشێك لە سزاكانی سەر ئێرانی هەڵگرت، بەڵام لە ساڵی 2018 ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە كشایەوە و ئێرانیش پابەندییەكانی كەم كردەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئێران رایگەیاندووە "ئەمە زۆر روونە، یان دەبێت پێكەوە بگەینە رێككەوتنێك كە رێگریی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، لایەنی بالیستییەكەی و چالاكییەكانی ئێران بكات بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە، بەمەش هێشتا دەرفەتێك هەیە كە ئەو سزایانە جارێكی دیكە نەسەپێندرێنەوە."
وەك بژاردەی دووەمیش، لە ئەگەری شكستپێهێنانی دانوستاندنەكان، ژان نۆیل بارۆ وتی: "یان ناگەینە رێككەوتن و ئەوكاتە هیچ بژارەیەكمان لەبەردەستدا نامێنێت، جگە لە سەپاندنەوەی هەموو ئەو سزایانەی كە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵمانگرتبوون."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات
ئێران پێشتر هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە ئەگەر سزاكانی ئەنجوومەنی ئاسایش بگەڕێنرێنەوە ئەوا، وەڵام و كاردانەوەی توندی دەبێت، بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوروپییەكان"دەسەڵاتی ئەخلاقی و یاسایی"یان نییە بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێكارە لەبەرانبەردا سێ وڵاتی ئەوروپی لە نامەیەكدا بە نەتەوە یەكگرتووەكانیان راگەیاندووە كە بەپێی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجومەنی ئاسایش ئەو دەسەڵاتەیان هەیە.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەك لەگەڵ میدیای ئێرانی رایگەیاند"كاتێك ئێمە وا دەزانین كە ئەوان مافی جێبەجێكردنی میكانیزمی دەستپێكەریان نییە، ئەوە شتێكی سروشتییە كە ئەوان مافی درێژكردنەوەی وادەی كاراكردنیشیانیان نەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، "هێشتا نەگەیشتووینەتە بنەمایەك بۆ دانوستان لەگەڵ ئەوروپییەكان."
سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، عەراقچی جەختیكردەوە، ئێران "ناتوانێت بە تەواوی هاوكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسەكە بپچڕێنێت، بەڵام گەڕانەوەی پشكنەرەكانی بەستەوە بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە".
مانگی ڕابردوو ئێران بە فەرمی ئاستی هاوكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كەمكردەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، ئێران ڕەخنەی لە ئاژانسەكە گرت بەهۆی ئیدانەنەكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا.
ئەگەری شەڕ و پێكدادانی دوبارە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهێزە
شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران بە هێرشێكی لەناكاوی ئیسرائیل بۆ سەر فەرماندە باڵاكانی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی و ناوەندەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەكی ئێران دەستیپێكرد.
لە بەرانبەردا ئێران زیاتر لە 500 مووشەكی بالیستیك و نزیكەی هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاراستەی ئیسرائیل كرد. بەپێی ئامارە فەرمییەكان، ئەم هێرشانە لانیكەم ٣١ كوژراو و زیاتر لە سێ هەزار برینداری لێكەوتووەتەوە و دوو هەزار و ٣٦٠ ماڵ و باڵەخانە لە ئیسرائیل زیانیان بەركەوتووە و زیاتر لە ١٣ هەزار كەسیش بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.
ئێستا دوای نزیكەی دوو مانگ لە كۆتایی هاتنی شەڕەكە، هەردوولا لە كەشوهەوای هەڕەشە و هۆشداریدا ماونەتەوە، واشنتۆن بە قسەی ترەمپ بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل، و تاران بە جەختكردنەوە لەسەر بەرهەمهێنانی نەوەی نوێ لە موشەك.