ژمارەیەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان
سبەی
بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا بۆ ساڵی 2026، پێشكەوتنێكی ئاشكرای لە بواری هاوكاری دارایی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەرخست، كە لەلایەن عێراقەوە وەك "هێزی پاراستنی هەرێم" ناسێنراوە، لەبەرامبەردا هاوكاری هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی عێراق كەمیكردووە، وەك ئاماژەیەك بۆ گۆڕانكاری لە گرنگیپێدانی ئەمەریكا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و لەسەر حسابی حكومەتی عێراق.
بەدەر لەم گۆڕانكارییە، واشنتۆن لەماوەی رابردوودا، بەشێك لە هێزەكانی لە بنكەكانی "عەین ئەسەد" و "ڤیكتۆریا" لە بەغداد و ئەنبارەوە بەرەو بنكەی "هەریر" ی سەر بە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی كوردستان گواستۆتەوە، لەكاتێكدا ئەمەریكا گەورەترین كونسوڵخانەش لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەكات.
پارەکە بۆچی و چییە؟
بەپێی بودجەی نوێی ئەمەریكا، بڕی 61.014 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی و ئامادەكردنی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2026 تەرخان دەكات، بەوەش بڕی هاوكارییەكە 4.7 بەراورد بە ساڵی 2025 زیادیكردووە.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەك، ئەو پارەیە بەمشێوەیە دابەش دەكرێت، 11.8 دۆلار بۆ پڕچەككردن، 5.3 دۆلار بۆ پێداویستی لۆجیستی، هەروەها 27.5 دۆلار بۆ ئامێری سەربازیی، جگە لەوەش 17 ملیۆن دۆلار بۆ جلوبەرگی سەربازیی و چەند پێداویستییەكی دیكەیە.
لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوە ئەمەریكیەكان باس لەوەدەكەن، پشتیوانی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بودجەی 2026 كەمكراوەتەوە، لەكاتێكدا بۆ ساڵی 2025 189.1 ملیۆن دۆلار بووە، بەشێوەیەك لە بودجەی 2026 بووەتە 48.2 ملیۆن دۆلار، ئەمەش كەمترە لەو هاوكارییەی بۆ پێشمەرگە دابین كراوە.
لە ئابی 2024 وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا كە ئەوكات وەزارەتەكە ناوی بەرگریی بوو، پێشمەرگەی بە 24 تۆپهاوێژی قورس پڕچەككرد كە مەوداكەیان 45 كیلۆمەترە، ئەمەش بە رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەڵام لایەنە سیاسییە عەرەبیەكان ناڕەزایی توندی خۆیان نیشاندا، بەو پاساوەی لە "ناكۆكیی ناوخۆیی" دا بەكاردەهێنرێن.
بە وتەی چاودێران، زیادكردنی هاوكاری بۆ پێشمەرگە، نیشانەی "متمانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بە هەرێمی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنیەكان". چەند سەرچاوەیەكیش باس لەوەدەكەن "ئەمەریكا خواستی هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە ناوەندێكی سەرەكیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە".
ترس لە بەغداد
بەوتەی كیفاح مەحمود توێژەر و راوێژكاری میدیایی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرنجی ئەمەریكا لەسەر گەشەپێدان و هاوكاریكردنی هێزە كوردیەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "واشنتۆن متمانەی نیە و لە بەغداد دەترسێت بەهۆی رووداوی ئەمنیی نەخوازراو و بوونی چەندین ناوەندی بڕیار لەناو هێزە عێراقیەكاندا، لەگەڵ سێبەری گروپە چەكدارەكان كە نەیاری ئەمەریكان".
بەوتەی ئەو راوێژكارەی سەرۆكی پارتی، "گۆڕانكارییە هەرێمییەكانی ئەمدواییە و وەشاندنی گورزی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە ئێران، لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سوریا، هانی بڕیاربەدەستانی ئەمەریكای داوە گرنگیی زیاتر بە هاوپەیمانە ناوچەییەكانیان بدەن".
لەكاتێكدا لایەنە فەرمییەكان و گروپە چەكدارەكان جەخت لەدەرچوونی هێزە ئەمەریكییەكان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەنەوە، بەرپرس و سەركردە سیاسییەكانی كورد باس لەوەدەكەن "هێشتا عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستی بەو هێزانەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان بەتایبەتیش داعش".
هێشتا بودجەی هەسەدە زۆرترینە
بڕیارە تا كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە، پێشتریش ئەمەریكا خێراكردنی پرۆسەكەی راگەیاندبوو، بەڵام دووبارە باس لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی ئەمنیی بەتایبەتیش "داعش" دەكرێت، ئەم پرسەش بووەتە جێی گومان لەلایەن بەشێك لە چاودێرانی عێراقییەوە.
جگە لە زیادكردنی پارەی پێشمەرگە لە بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا، ئەو وڵاتە بودجەی بە بڕی 130 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات تەرخان كردووە، هەرچەندە بەراورد بە ساڵی 2025 17 ملیۆن دۆلار كەمترە، بەڵام بودجەكەی هێشتا لەو پارەیە زیاترە كە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقیەكان تەرخان كراوە.