سبەى
مشتومڕە یاساییەکان لەسەر بڕى بودجەی ساڵانەی ئەمەریکا بۆ یارمەتییە دەرەکییەکان و ئەگەری داخستن یان داڕشتنەوەی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن لە نەریتی مێژوویی خۆی کە "دیپلۆماسی گەشەپێدان"ە پاشەکشە دەکات، تەنانەت لە کاتێکدا قەیرانە مرۆییەکان لە غەززەوە تا ئەفغانستانی بوومەلەرزەلێدراو پێویستیان بە یارمەتی بەپەلەیە، بەپێچەوانەوە چین بەخێرایی خەریکە بۆشایی ئەمەریکا لە ناوچە قەیراناوییەکانی جیهان پڕدەکاتەوە.
لەکاتێکدا واشنتۆن لە ناکۆکیەکی یاسایی ناوخۆیی و مشتومڕاوی لەسەر کەمکردنەوەی یارمەتییە دەرەکییەکانی وڵاتەکە تێوەگلاوە، پەکین خۆی کردوە بە ناوەندی دیپلۆماسی جیهانی، لە میوانداریکردنی ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئونەوە بگرە تاوە کۆبوونەوەیەکی باڵا لەگەڵ نارێندرا مودی.
سەرۆکى چین بە پلانێکی دارێژراو هەوڵدەدات چوارچێوەی جیهان بەشێوازێک دابڕێژێتەوە کە چیدیکە سەنتەری جیهان نەک لە واشنتۆن بەڵکو لە پەکین دا بدۆزرێتەوە. چین وەک "داریژەری شێوازێکى نوێ" لە یەک کاتدا سەرمایەگوزاری لە دیپلۆماسی و ئابووری و هێزی سەربازیدا دەکات و هەوڵدەدات هاوپەیمانییەک لە وڵاتانی ناڕازی لە دۆخی ئێستا کۆبکاتەوە.
دیپلۆماسی چڕ لە پەکین
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، شاهیدی "گەشتی دیپلۆماسی چڕ"ی شی جینپینگ بووین، زنجیرەیەک کۆبوونەوە کە پەیامێکی ڕوونی بۆ جیهان نارد: چین چیتر تەنها هێزێکی ئابووری نییە، بەڵکو خۆی وەک ناوەندی نوێى جیهانى جێگیر دەکات.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بە سەردانێک گەیشتە پەکین کە بە ڕەمزی و ستراتیژی وەسف دەکرا و لەگەڵ سەرکردەى بەشێک لە وڵاتان کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە جارێکی دیکە دەریخست کە لە ناوەڕاستی شەڕی ئۆکراینادا، مۆسکۆ زیاتر لە جاران پێویستی بە پشتیوانی سیاسی و ئابووری چین هەیە. لە بەرامبەردا پەکین خۆی دەسەلمێنێت کە هاوبەشێکی متمانەپێکراوە بۆ روسیا لە بەرامبەر فشارەکانی ڕۆژئاوادا، هاوبەشییەک کە لە وزەوە دەست پێدەکات تا فرۆشتنی چەک و پشتیوانی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
دوای ماوەیەکی کەم، سەرۆکی کۆریای باکوور گەیشتە پەکین، بۆ شی جینپینگ، نمایشی دۆستایەتی لەگەڵ پیۆنگ یانگ زیاتر پەیامێکی ئەمنی بوو نەک پەیامێکی ئابووری؛ چین دەتوانێت هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.
پێشوازییەکە هۆشدارییەک بوو بۆ ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور کە پشتێنەی چین بەهێزتر دەبێت. ڕەنگە کۆبوونەوەکە لەگەڵ نارێندرا مودی گرنگترین بەش بووبێت لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆماری چین.
ساڵانێکە پەیوەندییەکانی چین و هیندستان بەهۆی ناکۆکیە سنوورییەکان و کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکییەوە سێبەری لەسەرە، بەڵام بە بانگهێشتکردنی مودی، پەکین هەوڵیدا پەیامێک بنێرێت کە تەنانەت زلهێزە ناوچەییەکانی ناڕازیش لە ئەمەریکا دەتوانن جێگەیان هەبێت لە پلانە نوێیەکانی چین. هەرچەندە هێشتا دەلهی مەودای خۆی لە پەکین دەپارێزێت، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە نیشانەی "هێزی نەرم" نوێی چین بوو بۆ ڕۆژئاوا.
بۆشایی ئەمریکا، دەرفەتی پەکین
پێشهاتە ناوخۆییەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا زەمینەیەکی بەپیتیان بۆ چین ڕەخساندووە کە ڕۆڵێکی بەرچاوتر بگێڕێت. ناکۆکی یاسایی لەسەر بودجەی یارمەتییە دەرەکییەکان و ئەگەری داخستن یان داڕشتنەوەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) ئەوە دەردەخەن کە واشنتۆن بە جۆرێک لە جۆرەکان پاشەکشە دەکات لە نەریتی درێژخایەنی خۆی کە "دیپلۆماسی گەشەپێدان"ە، تەنانەت لە کاتێکدا قەیرانە مرۆییەکان لە غەززەوە تا ئەفغانستان کە بەهۆی بوومەلەرزە وێران بووە، پێویستی بە سەرچاوەی بەپەلە هەیە. چین بە خێرایی ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە.
پەکین تەنیا وەبەرهێنانی گەورە لە بواری وزە و ژێرخانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکات، بەڵکو لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتینیشدا وەبەرهێنان دەکات. لەگەڵ پاشەکشەی واشنتۆن، چین بۆشاییەکەی لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی گەورە و یارمەتی دارایی پڕدەکاتەوە. لە ڕاستیدا ئەو شێوازە نوێیەی کە چین لە مێشکیدایە، زیاتر لەسەر بنەمای "ئامادەیی ئابووری و پەیوەندییەکانی گەشەپێدان" دامەزراوە نەک لەسەر "دەستێوەردانی سەربازی". وەک یەکێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاوایی دەڵێت، “چین نەخۆشخانە دروست دەکات، ئەمەریکا بنکەی سەربازی دروست دەکات.”
هێزی چین لەم پیکهاتەسازییە نوێیەدا لە سەرووی هەموو شتێکەوە لەسەر بنەمای ئابووری دامەزراوە.
یوان کە دراوی چینە لە ساڵانی ڕابردوودا پێگەیەکی نوێی لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا بەدەستهێناوە و پەکین هەوڵدەدات بە ڕێککەوتنی دوولایەنە ئاستەنگ بۆ باڵادەستی دۆلار دروستبکات. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای چینی، لە هواویەوە لە پەیوەندییەکان تا بایدو لە بواری زیرەکی دەستکرد، تۆڕێکیان هاوتەریب لەگەڵ ژێرخانی ڕۆژئاوا دروستکردووە. ئەمەش بە واتای پێکهێنانی "جیهانێکی دیجیتاڵی هاوتەریب" دێت کە وڵاتانی وەک روسیا و هەندێک لە حکومەتەکانی ئەفریقا و تەنانەت هاوبەشەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان باشە تەکنەلۆژیای ڕۆژهەڵات بەکاربهێنن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە شیکارییەکدا نووسیویەتی "هەموو قەیرانێکی جیۆپۆلەتیکی، لە شەڕی ئۆکراینا تا گرژییەکانی دەریای باشووری چین، زیاتر قەناعەت بە بازارەکان دەکات کە جیهانێکی بێ ئەمەریکا دەتوانێت بەردەوام بێت، بە مەرجێک چین ئامادە بێت پایە ئابوورییەکانی ئەم فەرمانە بپارێزێت، بێگومان چینیش ڕووبەڕووی سنووردارکردن و ئالەنگاری دەبێتەوە لەم ڕێگەیەدا، بۆ نموونە هیندستان هێشتا متمانەى بە چین نییە. کێبڕکێ بۆ کاریگەری لە باشووری ئاسیا و ناکۆکی سنوورییەکان هەر نزیکبوونەوەیەک هەستیار دەکات. وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بە تایبەت ڤێتنام و فلیپین نیگەرانن لە زیادبوونی ئامادەیی دەریایی چین و ڕوویان لە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووە".
هەروەها ئابووری ناوخۆیی چین ڕووبەڕووی گەشەی خاو و قەیرانی قەرزی خانووبەرە بووەتەوە. کێشەیەک کە سەرچاوە داراییەکان بۆ دیپلۆماسی دەرەکی سنووردار دەکات، پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دژە چینە: لە میحوەری ئەمنی ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە تا هاوکاری کواد (کواد) لەگەڵ هیندستان و ئوسترالیا.
ئەم ئاڵنگارییانە ئەوە دەردەخەن کە چین هەرچەندە بە بەخێرایی دەجووڵێت، بەڵام ڕێگایەکی دووری ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت پیکهاتە خوازراوەکەی خۆی دابمەزرێنێت، بەڵام له سیستەمی نێودەوڵەتیدا پایەکانی ئەم شێوازە کۆنە ناسک بووەتەوە و جیهان رەنگە لە داهاتوودا بینەری جیهانێکی دوو جەمسەری بێت کە ناوەندەکەی چین و ئەمەریکایە یا خود جیهانێکی فره جەمسەری پێکبێت کە وڵاتانێک وەک هیندستان، تورکیا، سعودیە و وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا له نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا یاری بکەن.