درۆنەکانى تورکیا و ئێران لە ئاسمانى ئۆکراین کێبڕکێ دەکەن
سبەى
بەیرەقدار و شاهید دیوێکى دیکەى رکابەری نێوان تورکیا و ئێرانە، درۆنەکانى هەردوو وڵات لە ئاسمانى ئۆکراین کێبڕکێ دەکەن، روسیا بە شاهید هێرش دەکات و ئۆکراینیش بە بەیرەقدار.
لەکاتێکدا درۆنەکانى بەیرەقدارى دروستکراوى تورکیا بەرگرى ئۆکراینیان بەرانبەر روسیا بەهێز کردوە، روسیا بە شێوەیەکی بەرفراوان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهیدی ئێرانی بەکاردەهێنێت. لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە یەک شەودا شارەکانی رۆژئاوای ئۆکرانیای بە 546 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید بۆردومان کرد.
هەروەها رووسیا پێگەی سەربازی تایبەتی بۆ هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید دروستکردووە، کە لەماوەی جەنگدا زیانێکی بەرچاویان بە هێز و ژێرخانی ئۆکرانیا گەیاندووە.
چەکی تورکیا و ئێران چ رۆڵێکی هەیە لە ململانێی بەردەوامی نێوان رووسیا و رۆژئاوا؟ تورکیا و ئێران چیان لەمەوە دەست دەکەوێت؟
بەیرەقدار پێشکەوتنی رووسیای راگرت
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەیرەقدار TB2 چەکی بچووکی رێنمایی کراو هەڵدەگرن، کە رێگەیان پێدەدات لە یەک دەرچووندا چەندین ئامانج بپێکن.
بەیرەقدار چەکێکی زۆر کاریگەر بووە بۆ ئۆکراینییەکان لە رۆژانی سەرەتای جەنگدا، ئەرکی هێرش و سیخوڕی ئەنجامداوە و رۆڵی سەرەکی هەبووە لە راگرتنی کاروانە سەربازییەکانی روسیا کە بەرەو کێڤ پێشڕەویان دەکرد.
ئۆکراین پێش لەشکرکێشی تەواوی روسیا دەستی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا کردووە. یەکەم هێرشی ناسراو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئۆکتۆبەری 2021روویدا، کاتێک بۆ تێکدانی سەکۆیەکی تۆپخانەی هێزە جوداخوازەکانی سەر بە روسیا لە ناوچەی دۆنباس بەکارهێنران. رۆژنامەی یونایتد 24ی ئۆکراینی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڵاویکردەوە "روسیا خۆی لەگەڵ هەڕەشەی TB2گونجاندووە و دەستیکردووە بە بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانە، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنانی بۆ سیخوڕی و پێکانی ئامانجەکان لە ناوچە لاوازەکانی بەرگریکردندا سنووردار بکات".
ئێستا بەیرەقدار TB2لە ئۆکراینا بەرهەم دەهێنرێت. روسیا لەم دواییانەدا هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی نزیک کیێڤ کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقداری لێ دروست دەکرێت. ئەمە چوارەم هێرش بوو لە ماوەی شەش مانگدا بۆ سەر ئەو کارگەیە، کە دەیان ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە.
شاهید ئۆکراینییەکان تیرۆر دەکات
شیکارییەکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی ئەمەریکا مەزەندە دەکات کە رێژەی بەکارهێنانی فڕۆکەی شاهید لەلایەن رووسیا لە 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ساڵی 2024دا لە هەفتەیەکدا، بۆ زیاتر لە هەزار فڕۆکە لە هەفتەیەکدا لە ساڵی 2025دا زیادیکردووە.
ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە مەودای 1700 بۆ 2500 کیلۆمەتر دەبڕن، خێراییەکەیان دەگاتە 180 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و زۆربەیان دەتوانرێت لە بارهەڵگرەکانەوە، لە ئامێرێکی سادەی زەمینی، یان تەنانەت لە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی چوار تایە هەڵبدرێن.
روسیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022ەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید لە دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت، بە سوود وەرگرتن لە نرخە کەمەکەی بەهۆی ئاسانکاری دروستکردنیان، بەو پێیەی تێچووەکەیان لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش بەپێی تایبەتمەندییەکانی هەر مۆدێلێک. لەکاتێکدا روسیا لە نێوان یەک بۆ دوو ملیۆن دۆلار خەرج دەکات بۆ دروستکردنی یەک مووشەکی کروز. لە سەرەتای ساڵی 2023یشەوە روسیا دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر خاکی خۆی و ناوی ناوە "جیران-2".
لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەرفراوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید، هێزەکانی رووسیا هەوڵدەدەن بەرگرییە موشەکییەکانی ئۆکرانیا ماندوو بکەن و سەریان لێ بشێوێنن و سەرقاڵ بکەن، ئەمەش وایان لێدەکات کە نەتوانن بەرگەی قەبارەی زۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکان بگرن. هەروەها ئەم تاکتیکە رێگە بە رووسیا دەدات، کە نەخشەی تۆڕەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا دەستبکەوێت.
روسیا ژێرخانی نوێ بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید دروست دەکات. یازدە شوێنی رووسی بەدرێژایی سنوور دەستنیشانکراون بۆ هەڵدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە.
تورکیا و یاسای هاوسەنگی سەخت
دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار لەلایەن تورکیاوە بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە بۆ هاوپەیمانییەکی سەربازی نێوان ئەنقەرە و کیێڤ.
چونکە ئەنقەرە دەیەوێت هاوسەنگی پێویست بۆ راستکردنەوەی هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ ناتۆ مسۆگەر بکات، دوای گرژییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، کە بەهۆی کڕینی سیستمی مووشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس 400ی رووسی لەلایەن ئەنقەرە و کڕینی غازی رووسی بە رۆبڵ دروستببوو.
تورکیا کاردەکات بۆ گەیشتن بە دوو ئامانج: ئارامکردنەوەی ناتۆ لەڕێگەی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار بۆ ئۆکرانیا، هاوکات پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ روسیا بە رەتکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکانی رۆژئاوا بەسەر کرێملین و پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ روسیا کە سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی تورکیایە.
لەلایەکی ترەوە هاوکاری نێوان تورکیا و ئۆکراینا وەڵامێکە بۆ هەژموونی ئەگەری روسیا لە دەریای رەشدا. کە بووە بە پرسێکی ستراتیجی، بەتایبەتی بەهۆی قەبارەی هایدرۆکاربۆن و هەناردەکردنی کشتوکاڵی کە بەو دەریایەدا تێدەپەڕن.
هەربۆیە تورکیا کە لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی بۆسفۆر چەندان سوودی ئابووری و سیاسی دەچنێتەوە، نیگەرانە لە هەوڵەکانی روسیا بۆ دابینکردنی رێگەی گەیشتن بە "دەریای گەرم" (بەتایبەت دەریای ناوەڕاست) لە رێگەی بەهێزکردنی هەژموونی رووسیا لە دەریای رەشدا.
ئێران و هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا پەیوەندییە سەربازی و پیشەسازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران بەهێزتر کرد، بەو پێیەی مۆسکۆ لە بەرامبەر شاهید، هاوکاری تەکنیکی پێشکەش بە تاران کردووە، لەوانەش پرۆگرامی بۆشایی ئاسمانی، کە دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی کیشوەربڕ.
هاوکات تاران بەدوای بەدەستهێنانی سێ سیستەمی رووسیدایە کە بریتین لە فڕۆکەی جەنگی سو-35، هەلیکۆپتەری هێرشبەری می 28 و فڕۆکەی هێرشبەری یاک-130.
تورکیا و ئێران؛ پەیوەندی ئاڵۆز
رکابەری تورکیا و ئێران لە شانۆی جەنگی ئۆکرانیادا رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە ئاڵۆزەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تاران بەڕێوەدەبات. پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات کە سنوورێکی درێژی وشکانی و مێژوویەکی فرەڕەهەندیان هەیە، بە تێکەڵەیەک لە کێبڕکێ و هاوکارییەکان تایبەتمەند بووە.
پەیوەندی نێوان تورکیا و ئێران لەسەر بنەمای پەیماننامەی قەسرى شیرین لە ساڵی 1639 دامەزراوە کە کۆتایی بە جەنگی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی سەفەوی هێنا. لەو کاتەوە تا ئێستا جەنگ لە نێوان هەردوو وڵات رووی نەداوە.
موراد یەسیلتاش، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەنقەرە روونیدەکاتەوە، هەرچەندە هیچ ململانێیەکی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا نییە، بەڵام گۆڕانی دینامیکی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیجی ناوچەیی بەردەوام دۆخێکی کێبڕکێی لەنێوانیاندا دروستکردووە.