ئەمەریكا دەیەوێت پرۆسەكە خێرا بكرێت؛ وەزارەتی پێشمەرگە: كۆبوونەوەكانی تایبەت بە پرۆسەی چاكسازیی بەردەوامن

#پێشمەرگە#ئەمەریکا#کوردستان
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:"ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەك لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریكا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوە چوو".
  • ئەمەریكا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستتان كۆبوونەوەیەك لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە رێكدەخات، لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگەش ئامادەبوون، شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریكا "داوای خێراكردنی چاكسازییەكانی پێشمەرگە" یان كردووە.
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەکە

سبەی

ئەمەریكا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە رێكدەخات، لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگەش ئامادەبوون، شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریكا "داوای خێراكردنی چاكسازییەكانی پێشمەرگە" یان كردووە.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:"ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەك لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریكا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوە چوو".

وەزارەتەكە دەشڵێت "لە گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكەدا، وێڕای جەختكردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاكسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەكخستنەوەیان، دوا هەنگاوەكانی پرۆسەكە و ئەو قۆناغانەی كە ماون، خرانە ڕوو".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، "هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراكردنی پرۆسەكە و چارەسەركردنی ئاستەنگەكانی بەردەمی دووپات كرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانكردنی هەماهەنگی و هاریكاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ كرا". وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

حكومەتی هەرێم سێ بڕیاری لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەركرد

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم لەكاتێكدایە، دوێنێ حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بڕیاری لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەركرد، داواش لەبەغداد دەكات شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە سوپای عێراق یەك بخات.

ئەو بڕیار و داواكارییانە رۆژی 15ی ئەیلول لە كۆبوونەوەیەكدا دران كە بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو، بۆ بەدواداچوونی ڕێكار و هەنگاوەكانی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتەكە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە.

لەكۆبوونەوەمەدا ژمارەیەك بڕیار بۆ خێراتركردنی چاكسازییەكان دران، لەوانە یەكخستنی یەكە ژمێریارییەكان كە پێویستە هەموو پێكهاتەكانی پێشمەرگە، تەنیا یەك یەكەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەكان.

هەروەها بڕیاری ڕێكخستنەوەی پێكهاتە و بەیكەربەندیی دابەشبوونی هێزەكانی پێشمەرگە درا بە جۆرێك كە لەگەڵ چاكسازییەكانی حكومەت بگونجێت.

ئاسانكاریكردن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەكانی پێشمەرگە بڕیارێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، سەرۆكی حكومەت لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد پەلە بكەن لە ڕاییكردنی مامەڵەكان و جەختی كردەوە كە نابێت كێشە یاسایی و تەكنیكیەكان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجكردنی مووچە و شایستەكانیان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەكە.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە حكومەتی عێراق كرا، مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە سوپای عێراق یەك بخات، چونكە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەكانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.

هەنگاوەكانی پڕۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چڕكرانەوە، دوای ئەوەی بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، كۆتایی ساڵی 2026 دیاریكرا بۆ تەواوكردنی پڕۆسەكە، لەبەرانبەر بەردەوامی هاوكارییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیماناندا.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە 28ی نیسانی 2025 لە مەراسیمی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر رایگەیاند، بەپێی لێكتێگەیشتنەكەیان لەگەڵ پنتاگۆن دەبێت كۆتایی 2026 بگەنە ئەنجامی كۆتایی و هەموو هێزەكان بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە.

وتیشی هێزی یەكگرتووی پێشمەرگە كە بڕیاری لەسەر دراوە 138 هەزار پێشمەرگە دەبێت، كە لە 11 فیرقە و دوو هێزی پشتیوانی یەك و دوو، دوو فەرماندەیی ناوچەیی سەربازی پێكدەهێنرێت. هیواشی خواست لە كابینەی داهاتوودا كۆتایی بەو پڕۆسەیە بهێنرێت و هێزێكی یەكگرتووی نیشتمانی پێكبهێنرێت.

هێزەكانی 80 ی پارتی و 70 ی یەكێتی، گەورەترین دوو هێزی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن كە ژمارەیان گەیشتووەتە 125 هەزار كەس، بەشێكیان لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەكان و بەشەكەی دیكەیان بەسەر هێزەكانی 80ی 70ی و چەند یەكە و لیوایەكی دیكەی سەر بە بەرپرسانی ئەو حیزبانەدا دابەش بوون.

"نزیكەی نیوەی هێزەكان یەكنەخراونەتەوە"

بەپێی دوایین راپۆرتی پشكنەری گشتی ئەمەریكا لەبارەی هەڵسەنگاندنی كارەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمان لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا لە عێراق و سوریا و هەرێمی كوردستان، بەپێی لێكتێگەیشتنی ئەمەریكا و وەزارەتی پێشمەرگە 138 هەزار پێشمەرگە دەخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڵام تا كۆتایی ئایاری ئەمساڵ 72 هەزار پێشمەرگە خراونەتە ژێر كۆنتڕۆڵی وەزارەتەكەوە، بەو پێیەش 66 هەزار پێشمەرگە كە نزیكەی نیوەی ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەیە هێشتا یەكنەخراونەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، تا ئێستا ژمارەیەكی گەورەی پێشمەرگە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لەژێر فەرماندەیی حزبیدا ماونەتەوە كە خۆیان لە هێزەكانی 70 ی یەكێتی و 80 ی پارتی دەبیننەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، تا ئێستا هەژموونی حزب بەسەر پێشمەرگەوە ماوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دروستكردنی فیرقە و لیوای یەكگرتوو، هەرچەندە هەوڵەكان دروستكردنی چەندین یەكەی سەربازییان لەژێر فەرماندەیی یەكگرتوودا لێكەوتووەتەوە، بەڵام ئەو یەكانە هێشتا پارێزگاریان لەفەرماندە حزبییەكان كردووە و لەناوچەی ژێر هەژموونی حزبەكانیان كاردەكەن.

بەپێی لێكتێگەیشتنی پنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە، پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بەتەواوی رێكبخرێنەوە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا لەچوارچێوەی 11 فیرقەدا. لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا سێ لەو فیرقانە لەكۆی 11 فیرقە بەتەواوی دەستبەكاربوون و سیانی دیكە هێشتا بەشێوەی سەرەتایی دەستبەكاربوون.

راپۆرتەكە دەریدەخات كە پڕۆسەی چاكسازیی بەتەواوی پێشمەرگەی یەكنەخستووەتەوە، بەڵكو ئەوەی هەیە دووبارە رێكخستنەوەیە.

زیادكردنی هاوكاری بۆ پێشمەرگە

بەپێی بودجەی نوێی ئەمەریكا، بڕی 61.014 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی و ئامادەكردنی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2026 تەرخان دەكات، بەوەش بڕی هاوكارییەكە 4.7 بەراورد بە ساڵی 2025 زیادیكردووە.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەك، ئەو پارەیە بەمشێوەیە دابەش دەكرێت، 11.8 دۆلار بۆ پڕچەككردن، 5.3 دۆلار بۆ پێداویستی لۆجیستی، هەروەها 27.5 دۆلار بۆ ئامێری سەربازیی، جگە لەوەش 17 ملیۆن دۆلار بۆ جلوبەرگی سەربازیی و چەند پێداویستییەكی دیكەیە.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی