سبەی
سێ ساڵ لەمەوبەر جوڵانەوەیەکی گەورە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، کە بە “شۆڕشی ژینا یان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی” ناسرا. زیاتر لە 100 شاری ئێران هاوڵاتیان هاتنە سەر شەقامەکان و زیاتر لە چوار مانگ بەردەوام بوو. بەووتەی شارەزایانی سیاسی سەڕەرای سەرکوتکردنی جوڵانەوەکە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لێکەوتەکانی بەردەوامە بە جۆرێک کە مێژووی ئێران بۆ پێش و دوای بزوتنەوەی ژینا دابەش دەکرێت.
لە (16ـی ئەیلولی 2022) خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و جوڵانەوەیەکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپیکرد کە دواتر بە شۆڕشی ژینا-مەهسا ئەمینی یان شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ناوبانگی دەرکرد.
دوای هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی لە تاران ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکرد تەنها چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکرانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئێران هەواڵی مەرگی بڵاوکرایەوە.
یەکەمین گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی لە (15ـی ئەیلولی ساڵی 2022) لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە ژینا ئەمینی تێیدا گیانی لەدەستدا (نەخۆشخانەی کەسرا) لە تاران ئەنجامدرا، ڕۆژانی دواتر و کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا لە سەقز بە خوێندنەوەی دروشمی ژن ژیان ئازادی جوڵانەوەکە بڵێسەی سەند و لە 31 پارێزگای ئێران بڵاوبووەوە و زیاتر لە چوار مانگ بەردەوام بوو.
حکومەتی ئێران هەرگیز دانی بە ناڕەزایەتیانەدا نەنا و خۆپیشاندەرانی سەرکوت کرد و سەدان کەسی کوشت و هەزارانی دیکەشی بریندار کرد و سەدانیش دەستگیرکران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی راستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان پەنای بۆ تاوانەکانی وەک کوشتن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی بردووە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
لەو رۆژانەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی گەورەترین و درێژخایەنترین خۆپیشاندانی دژ بە حکومەت بوو کە پشتیوانی بەربڵاوی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و هاوپشتی حکومەتەکان و کەسایەتییە دیارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی و هونەری لە سەرانسەری جیهانی لێکەوتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەم ناڕەزایەتیانە لە دوای شۆڕشی 1979ـەوە گەورەترین هەڕەشە بوون بۆ سەر حکومەت. سەرکوتکردنی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە - کە بە "ئاژاوە" ناوی دەبرد - لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانەوە ئیدانە و کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنانی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی خۆپیشاندەران و کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باری ژنان، هاوکات خۆپیشاندان لە زیاتر لە 150 شاری جیهان بەڕێوەچوو.
لە کاتی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت، سەدان خۆپیشاندەر کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیر و زیندانی کران. پێکدادانەکان لە سیستان و بەلووچستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئێران کوشندەتر بوون.
بەپێی راپۆرتی (بی.بی.سی) 511 کەس لە نێوانیاندا 143 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان و تەنها لە هەینی خوێناوی زاهیدان نزیکەی 90 کەس کوژران.
جوڵانەوەی ژینا خوێناویترین ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت بوو لە ئێران لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی دووەمی 2019 کە زیاتر لە هەزار و 500 کەسی تێیدا کوژران.
حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنانی توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان لە دژی خۆپیشاندەران ئیدانە کرد.