نەوت لەجیاتى پارە؛ ناوەڕۆکى رێککەوتنى سێقۆڵى بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت

#هەرێم#بەغداد#نەوت
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەکرد، پڕۆسەکە ئاڵۆزە و رێککەوتنى لەو شێوەیە ئەگەرچى هێشتا پەسەندنەکراوە واژۆش بکرێت تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ دەڕوات و پێویستە دواتر رێککەوتنى نوێ بکرێت.
Primary Asset

سبەى

دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم هەنگاوێکى دیکەى بڕى، ئەوەش دواى ئەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق وەزیرى نەوتى راسپارد واژۆى کۆتایی لەسەر رێککەوتنى سێ قۆڵى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکان بکات.

دواى تەواوکردنى پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆ و ئەو رێککەوتنە سێ قۆڵییەى پێشنیازکراوە لەو بارەیەوە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەى رۆژى 16ى ئەیلول پرسی هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى تاوتوێکرد و بەشێوەیەکى سەرەتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى لەو بارەیەوە پەسەندکرد و رەوانەى لیژنەى راوێژکارى وەزارەتى نەوتى کرد بۆ ئەوەى لە 48 کاتژمێردا بۆچوونى خۆى لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.

لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانى عێراق نامەیەکى هەرێمى کوردستانى خستووەتەڕوو کە تێیدا ئامادەیی نیشانداوە بۆ رادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ، ئەوەش بەوتەى هەڵۆ عەسکەرى وەزیرى ژینگەى حکومەتى عێراق کە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند.

هێشتا حکومەتى عێراق بەفەرمى ناوەڕۆکى رێککەوتنى سێ قۆڵى ئاشکرانەکردووەو دیاریش نییە چۆن نیگەرانى کۆمپانیاکان رەوێندراوەتەوە تێیدا لەبارەى پەنابردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان نەک عێراقییەکان لەکاتى دروستبوونى ناکۆکى لەداهاتوودا.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەکرد، پڕۆسەکە ئاڵۆزە و رێککەوتنى لەو شێوەیە ئەگەرچى هێشتا پەسەندنەکراوە واژۆش بکرێت تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ دەڕوات و پێویستە دواتر رێککەوتنى نوێ بکرێت.

جەختیشیکردەوە، سۆمۆ هەموو ئامادەکارییەکانى بۆ وەرگرتنى نەوتى هەرێم تەواو کردووە و لە سنورى زاخۆ تیمى تایبەتى هەیە بۆ وەرگرتنى نەوت و رەوانەکردنى بۆ بەندەرى جەیهان.

بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان کە ئێستا بە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل دەخەمڵێنرێت، لە 60%ى لەلایەن گروپى ئەپیکۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت کە هەشت کۆمپانیاى بیانى لەخۆ دەگرێت، ئەوەى کە دەمێنێتەوە 40%ى کۆى بەرهەمى نەوت پێکدەهێنێت لەلایەن پێنج کۆمپانیاى دیکەوە بەرهەمدەهێنرێت.

سەرچاوەکان دوو پێشنیازى رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە ئاشکرادەکەن کە یەکەمیان بریتییە لەوەى پشکی حکومەتی هەرێم لەو نەوتە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، یان بۆ هەناردەکردن یان بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی عێراق، سەربارى تەرخانکردنى 50 هەزار بەرمیلى رۆژانە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. 

بەپێى پێشنیازەکەى دیکە، حکومەتی هەرێم بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە لە دەرەوەی ئەپیکۆر بەڕێوەدەبرێن ڕادەست دەکات. واتە نەوتی شەش کێڵگە، لەوانە خورمەڵە و چەند کێڵگەیەکی بچووکتر وەک هەریر، گەرمیان.

سەبارەت بە تێچووى کۆمپانیاکان، بەغداد رازیبووە بە نەوت قەرەبووی کۆمپانیاکان بکاتەوە نەک پارەی کاش، بەڵام دیار نییە پێوەرەکان بۆ هەژمارکردنى 16 دۆلارى تێچووى بەرهەمهێنان، لەسەر بنەمای نرخە نێودەوڵەتییەکان دەبێت یان نرخی کەمتر کە ئەم کۆمپانیایانە لە ئێستادا پێی دەفرۆشن (نزیکەی ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).

سەرچاوە ئاگادارەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق وتى لە ئەگەرى رێککەوتنى تەواوەتى لەسەر ئەو پرسە، پێویستە نرخەکان دیارى بکرێن، بۆ دیاریکردنى پشکى کۆمپانیاکان لەو نەوتەى هەناردە دەکرێت.

تا ئێستا دیار نییە گروپى ئەپیکۆر کە پێشتر جەختى لە رێککەوتنى نوسراو دەکردەوە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت ئامادەیە نەوت رادەستى سۆمۆ بکات یاخود نا، تەنها وتەبێژى گروپەکە جەختیکردووەتەوە کە لەبرى پارەى کاش تێچووى بەرهەمهێنان بە نەوت وەردەگرن.

بەوتەى عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، عێراق رازیبووە کە 40%ى نەوتى بەرهەمهێنراو لە کۆمپانیاکان بکڕێتەوە و دواتر هەناردەى بکات، لاریشى نییە لەوەى 50 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوتن بدرێتە پاڵاوگەکانى کار و لاناس، بۆیە هیچ بیانویەک نەماوەتەوە بۆ رادەستنەکردنى نەوت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی