
مانگى ئابى رابردوو یەکەم قۆناغى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق دەستیپێکرد
سبەى
عێراق و ئەمەریکا لەسەر ئاستى باڵا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی و سەربازى نێوانیان و پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزە عێراقییەکان لەناویاندا پێشمەرگە.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق رۆژى هەینى لە بەیاننامەیەکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژيی ساڵی ٢٠٠٨ و بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئاسایشی نیشتمانی هەردوو وڵات، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و عێراق لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ گفتوگۆى تەکنیکییان لە بەغداد ئەنجامدا، سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات.
وتیشى بەشداربووان پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی و سەربازى نێوان ئەمەریکا و عێراق دووپاتکردەوە تا عێراق بتوانێت ئاسایشی خۆی پتەوتر بکات.
سەباح نوعمان ئاماژەى بەوەکرد، بەرپرسە باڵاکانى هەردوولا لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ راوێژکارییەکانیان بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە درێژخایەنەکانیان لەبوارى ئەمنی و دژە تیرۆر، پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایشی فیدراڵی عێراق لەوانەش پێشمەرگە، تێکشکاندنی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
کشانەوە لە عێراق
مانگى ئابى رابردوو یەکەم قۆناغى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق دەستیپێکردو کاروانێکى سەربازى ئەمەریکا لە بنکەى عەین ئەسەد کشایەوە، ئەوەش دواى ئەوەى واشنتن بڕیاریدا پڕۆسەى کشانەوە لە عێراق خێرا بکات.
رۆژى 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق راگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر.
ئەمەریکا لە عێراق
بەپێی پلانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، قۆناغى یەکەمى پڕۆسەى کشانەوە مانگێک پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە تشرینى یەکەمى 2025 کۆتایی دێت، بەڵام پێشبینى دەکرێت هێزێکى ئەمەریکى و هاوپەیمانان لە هەولێر تا کۆتایی 2026 بمێننەوە، بۆ بەردەوامى یارمەتیدانى پڕۆسە سەربازییەکان دژى داعش لە سوریا.
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە ئەیلولى ساڵى رابردوودا جەختیکردەوە، راگەیاندنى خشتەى کاتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان نزیکە و پاساوى مانەوەى هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەى کۆتاییان هاتووە.
لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە لە عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەسەرۆکایەتى ئەمەریکا، ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان گۆڕانکاریی زۆرى بەخۆوە بینیوە بەجۆرێک لەساڵى 2003 دا 130 هەزار سەربازى ئەمەریکا بۆ روخانى رژێمى سەدام رەوانەى عێراق کران، بەڵام ساڵى 2007 لەگەڵ زیادبوونى توندوتیژى مەزهەبی ژمارەکە بۆ 170 هەزار سەرباز بەرزکرایەوە.
لەکۆتایی ساڵى 2011 و لەسەردەمى ئیدارەى باراک ئۆبامادا، ئەمەریکا لە عێراق کشایەوە جگە لە ژمارەیەکى کەم لە راوێژکارە سەربازییەکانى، ئەوەش دواى ئەوەى ساڵى 2008 بەغداد و واشنتۆن رێککەوتن لەسەر رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژیى بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا.
لە ساڵى 2014 و لەگەڵ هێرشى داعش و دەستبەسەرداگرتنى ناوچەیەکى بەرفراوان لە سوریا و عێراق، لەسەر داواى فەرمى بەغداد، ئەمەریکا و هاوپەیمانان گەڕانەوە عێراق و واشنتۆن زیاتر لە پێنج هەزار سەربازى رەوانەى عێراق کرد بۆ یارمەتیدانى هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و تێکشکاندنى رێکخراوى داعش.
ساڵى 2020 ئەمەریکا ژمارەى هێزەکانى بۆ سێ هەزار سەرباز کەمکردەوە، دواى ئەوەى پەرلەمانى عێراق داواى لە حکومەتى عێراق کرد کاربکات بۆ کۆتایی هێنان بە بوونى هێزە بیانییەکان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە کوژرانى قاسم سلێمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی، بەهۆى هێرشى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەى بەغداد.
لەئێستاشدا 2500 سەرباز و راوێژکارى سەربازى ئەمەریکا لە چەند بنکەیەک لە عێراق جێگیرکراون.
