
سبەى
سبەینێ بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت و بێدەنگى هەڵبژاردن دەستپێدەکات، ئەوەش پێش چەند رۆژێکى کەم لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند"ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان لە کاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانى رۆژى شەممە دەستپێدەکات و تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت".
جەختیشیکردووەتەوە "هەر چالاکییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن یان بانگەشەکردن لەلایەن کاندید یان لیستەکانەوە لەم ماوەیەدا پێشێلکارییەکی روونە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر".
کۆمسیۆن دەڵێت "ئامانج لە ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاوسەنگە کە رێگە بە دەنگدەران دەدات بە ئازادی بیربکەنەوە و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن بەبێ کاریگەری ".
داواشی لە قەوارە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد "بە تەواوی پابەندی ڕێساکانی قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن بن بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان".
وادەى هەڵبژاردن
بڕیارە رۆژی (9ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەبچێت و زیاتر لە ملیۆنێک و 313 هەزار و 859 ئەندامى هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مافى دەنگدانیان هەیە.
هەروەها رۆژى (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی گشتى بەڕێوەدەچێت و لەکۆى 29 ملیۆن کەس کە مافى دەنگدانیان هەیە، نزیکەى 21 ملیۆن و 223 هەزار و 319 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و دەتوانن بەشدارى بکەن.
ژمارەى کاندیدەکان
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسییدا ئاماژەى بەوەکرد، ئامارى کۆتایی کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردن حەوت هەزار و 744 کاندیدە و 848 کاندید دووخراونەتەوە.
کاندیدى هاوپەیمانێتییەکان زۆرترین ژمارەى کاندیدەکان پێکدەهێنن کە زیاترە لە 4 هەزار کاندیدە، پاشان حزبەکان بە زیاتر لە 3 هەزار کاندید، تاکەکەسى 75 کاندید، کە 22 کەسیان کێبڕکێی کورسییە گشتییەکان دەکەن، ئەوانەى تریش کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاکان دەکەن.
هەروەها کاندیدى پێکهاتەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: 19 کاندیدى مەسیحى، 14 سابیئەى مەندائی، 7 کاندیدى ئێزیدى، 4 کاندیدى شەبەک، 9 کاندیدى فەیلى.
لەناو پارێزگاکاندا بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید، پاشان نەینەوا بە هەزار و 47 کاندید، دهۆکیش کەمترین کاندیدى هەیە کە 59 کاندیدە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.
كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.
لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە.
