
سبەى
یانەی ئینتەرمیامی ئەمەریکی پاداشتێکی بێ وێنە و ناوازەی بۆ لیۆنێل مێسی ئامادەکردووە، بەجۆرێک کۆدەنگی لە ناو کارگێڕی یانەکەدا دروستبووە، بۆ ناونانی یاریگا نوێیەکەی ئینتەر میامی بە ناوی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئینتەرمیامی بیر لە چەند بژاردەیەک دەکاتەوە، بۆ ناونانی یاریگا نوێیەکەی، بەڵام ناوی لیۆنێل مێسی بژاردەی سەرەکییە و لە ئێستاشدا دەنگێک لە ناو کارگێڕی یانە ئەمەریکییەکەدا بەرزبووەتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، ئەویش وەکو رێزلێنانێک بۆ کاروانی وەرزشی مێسی بەتایبەتی لە ئینتەرمیامی و بە گشتی لە تۆپی پێدا، کە خاوەنی ژمارە پێوانەییە سەرسوڕهێنەرەکانە، کە دیارترینیان بردنەوەی هەشت خەڵاتی بالۆن دۆری باشترین یاریزانی جیهانە.
سەرچاوەکان بەگشتی هاوڕان و دەڵێن پێشنیازەکە لە ناو یانەکەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لێکراوە، لە کاتێکدا مێسی لە دوای پەیوەندیکردنی بە ئینتەرمیامییەوە، ناوبانگییەکی زۆری بە یانەکە داوە و لە رووی زیادبوونی بێ وێنەی داهات و بازرگای و تەنانەت وەرزشی و بەرزبوونەوەی ئاستی تیمەکە لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا، سوودێکی زۆری بۆ ئەو یانە ئەمەریکییە هەبووە.
هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە لە چەند مانگی داهاتوودا ناوی یاریگا نوێیەکەی ئینتەرمیلامی یەکلایی دەبێتەوە و ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن، کە ناوی لێبنرێت یاریگای لیۆنێل مێسی.
مێسی کە لە ساڵی 2023دا کۆتایی بە گەشتە سەرکەوتووەکەی لە ئەوروپا هێنا و لەوپەری زەریای ئەتڵەسی و بەدیاریکراوی لە یانەی ئینتەرمیامی گیرسایەوە، لە مانگی رابردوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەمەریکییەکەدا تا ساڵی 2028 نوێکردەوە.
