ترس چى لە مێشک دەکات و چۆن بەخێرایی بڵاودەبێتەوە؟

#ترس
4 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • توێژینەوەکان دەریدەخەن کە مرۆڤ دەتوانێت بترسێت تەنها بە بیستنی ئەزموونی کەسانی دیکە. واتە کەسانی ترساو دەتوانن هەستی ترس لە کەسانی دیکەدا چالاک بکەن
Primary Asset

سبەى

نوێترین توێژینەوە قسەی جیاواز لەسەر هەستی ترس دەکات، بەو پێیەی دەڵێت ترس هاوشێوەى پەتا لەناو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە. زانایەکی درونناسیش پێیوایە زۆرێک لە هەستەکان لە سروشتی خۆیاندا کۆمەڵایەتین و لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشی دەکرێن.

ترس هەستێکی باوی مرۆڤە، بەڵام ئەوەی زۆر کەس درکی پێناکەن ئەوەیە، کە دەتوانێت لە ناو خەڵکدا بڵاوبێتەوە بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار. مرۆڤی ترساو دەتوانێت بە خێرایی ترس بۆ دەوروبەری خۆی بڵاوبکاتەوە بەبێ ئەوەی درکی پێبکات. بە نموونەی کەسێک کە لە گەشتکردن بە فڕۆکە دەترسێت و وا لە کەسانی دیکە دەکات هەمان هەستیان لا دروستببێت و لە گەشتکردن بە فڕۆکە سڵ بکەنەوە. 

پێگەی Popular Scienceراپۆرتێکی بڵاوکراوەتەوە و هاتووە کە ترس تەنها هەستێکی کەسی نییە، بەڵکو لە رێگەی بینین و بۆنکردن و تەنانەت نا ئاگاییشەوە بڵاودەبێتەوە.

ئاراش جاڤانباخت دەروونناس لە زانکۆی وەین ستەیت دەڵێت، ئێمە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیین کە لە کەسانی دیکەوە فێر دەبین. کەواتە، بە کورتی: بەڵێ، ئەگەر تۆ لەلایەن کەسانی ترسنۆکەوە دەورە دراویت، ئەوا تۆش هەست بە ترس دەکەیت.

دەروونناسەکە دەڵێت هەستی ترس تاڕادەیەکی زۆر بە رەچاوکردنی هەڕەشە جەستەییەکان پەرەی سەندووە. بەجۆرێک فێربوونی ئەوەی لە کەسانی دیکە و ئاژەڵە دڕندەکان بترسن، یارمەتی مرۆڤەکانی داوە بۆ مانەوە.

زاناکان دووپاتی دەکەنەوە کە هەستکردن بە ترس، ئەو بەشەی مێشک چالاک دەکات کە وەڵامی هەڕەشەکان دەداتەوە. کە دەبێتەهۆی چالاککردنی سیستمی دەمار و هۆرمۆنى ئەدرنالین لە جەستەدا بەرزدەکاتەوە، ئەوەش لێدانی دڵ خێراتر دەکات و رێژەی هەناسەدان زیاد دەکات. ئەمە هەمووی بەشێکە لە وەڵامی ئامادەبوون بۆ مەترسییەکی چاوەڕوان کراو، کە وزەیەکی زیاتر دەدات بە مرۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی یان رزگاربوون لە هەڕەشەکان.

جاسێک دیبێک کە زانایەکی دەروونناسە هاوڕایە و دەڵێت مرۆڤ بە سروشتی خۆى لاسایی یەکتری دەکاتەوە. زۆرێک لە هەستەکان لە سروشتی خۆیاندا کۆمەڵایەتین. ئێمە نەک تەنها ئەزموونیان دەکەین، بەڵکو لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشیان دەکەین.

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە مرۆڤ دەتوانێت بترسێت تەنها بە بیستنی ئەزموونی کەسانی دیکە. واتە کەسانی ترساو دەتوانن هەستی ترس لە کەسانی دیکەدا چالاک بکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ترس دەتوانێت بە شێوەیەکی نائاگایی درمی بێت. ئەم دۆزینەوانە ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەتوانین ترس لە کەسانی دیکەوە وەربگرین، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ئەو دۆخە ترسێنەرە ئەزموون بکەین.

زانا دەروونناسەکە دەشڵێت، ترس دەتوانێت بە چەندین شێوە بگوازرێتەوە. مرۆڤەکان بە بینین و بیستن دەترسن، لەکاتێکدا ئاژەڵەکان بە بۆن و بیستن دەترسن. ساڵانێک بوو زاناکان گومانیان لەوە هەبوو کە مرۆڤ بتوانێت بۆنی ترس بکات. بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لە رێگەی گۆڕانکارییە کیمیاییەکانی مێشکمان دەتوانین بۆنی ترس بکەین. ئەویش بەپێی راپۆرتێکی پێگەی Popular Science.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی