
سبەى
دۆزینەوەیەکی زانستی، دەرگا بە رووی پەرەپێدانی زیاتری ماسولکەی زیرەک دەکاتەوە، کە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات و جوڵەی سروشتی بۆ جەستە دەگەڕێنێتەوە و نزیکە لە کارکردن هاوشێوەی ماسولکەی ئاسایی مرۆڤ.
توێژەران لە ئەمەریکا ماسولکەیەکی دەستکردیان پەرەپێداوە کە بە AI کاردەکات و هاوشێوەی ماسولکەی مرۆڤ نەرمە و توانای وەڵامدانەوەی خێرای هەیە. هەروەها توانای فێربوونی هەیە و بەشێوەیەکی خۆکردانە خۆی لەگەڵ جوڵەکانی جەستەدا دەگونجێنێت.
توێژەرانی پەیمانگای تەکنەلۆجیای جۆرجیا کە توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری Materials Horizonبڵاوکردووەتەوە، لە ماسولکەکەدا ریشاڵێکیان بەکارهێناوە، کە هاوشێوەی ریشاڵی ماسولکەیی مرۆڤە.
ئەم ریشاڵانە کە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکەن، فێردەبن و جوڵەکانی پێشوویان لەبیر ناکەن، ئەوەش وایکردووە جوڵەی نەرمتر بە ئەندامە دروستکراوەکانی جەستە ببەخشن.
بە تێپەڕبوونی کات، ریشاڵەکان شتێکی هاوشێوەی بیرەوەری ماسولکەیی پەرەپێدەدەن، ئەمەش رێگەیان پێدەدات بەبێ کێشە خۆیان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا بگونجێنن. ئەو تەکنەلۆجیایە دەستبەرداربوونی مرۆڤایەتی لە ئەندامی دەستکردی باو نزیدەکاتەوە.
ئەم ماسولکە دەستکردانە ناوازەن، بەو پێیەی نەک تەنها وەڵامی فەرمانەکان دەدەنەوە، بەڵکو لە ئەزموونەوە فێر دەبن. کە لە ئەنجامدا جوڵەی ئەندامە دەستکردەکە دەکاتە جوڵەیەکی سروشتی.
توێژەرانی پەیمانگاکە ئاشکرایان کردووە هەنگاوەکانیان لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو کار لەسەر ماسولکەی دەستکردی زیرەکتر و نەرمتر دەکەن، بەو هیوایەی لە داهاتوویەکی نزیکدا کەسانی کەمئەندام هاوشێوەی کەسانی ئاسایی بجوڵێن و هەڵسوکەوت بکەن.
