"رێککەوتنى ژێر بەژێر"؛ کورد روبەڕووى "ئاڵنگاریی" دەبێتەوە بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار

#پۆستى سەرۆک کۆمار#عێراق#هەڵبژاردن#حەلبوسى
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • راوێژکاری راگەیاندنی بارزانی: ئەگەر کورد نەگاتە رێککەوتنی جددی و چارەنووسساز، رەنگە لە دانوستاندنەکانی داهاتووی بەغداد روبەڕووى ئەنجامى نەرێنى ببێتەوە
  • محەمەد حەلبوسی سەرکردەیەکى دیارى سوننەکان و سەرۆکى حزبى تەقەدوم خواستى خۆى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار نیشانداوە
  • چاوەڕواندەکرێت بۆ خولى داهاتووش پۆستى سەرۆک کۆمار ببێتەوە خاڵى ناکۆکى لەنێوان پارتى و یەکێتیدا
Primary Asset

پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ماوەى 20 ساڵە پشکى کوردە و لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە

سبەى

چاوەڕواندەکرێت کورد لە بەدەستهێنانەوەى پۆستى سەرۆک کۆمارى داهاتووى عێراق روبەڕووى “ئاڵنگاريى” بێتەوە، لەگەڵ خواستى بەشێک لەسوننەکان لەو بارەیەوە بۆ وەرگرتنى پۆستەکە، راوێژکارى راگەیاندنى بارزانیش دەڵێت رێکنەکەوتنى کورد لەناوخۆدا کاریگەرى لەسەر دانوستانەکان لەبەغداد دروستدەکات.

پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ماوەى 20 ساڵە پشکى کوردە و لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە لەبەرانبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.

پۆستەکە دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەڕێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.

کیفاح مەحمود راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت، خواستی کورد بۆ وەرگرتنەوەى پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتدەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی پۆستەکە بە “تەشریفاتى” ناودەبات.

وتیشى "هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەمیشە لەسەر بنەمای عورفى سیاسی بووە، لەکاتێکدا پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنە".

پۆستى سەرۆک کۆمار ماوەى دوو خولە بووەتە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى، بەڵام پۆستەکە تا ئێستا لەلاى یەکێتى ماوەتەوە، کە بەپشکى خۆى دایدەنێت لەبەرانبەر پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لەساڵى 2005 ەوە بەدەست پارتییەوەیە.

چاوەڕواندەکرێت بۆ خولى داهاتووش ئەو پۆستە ببێتەوە جێگەى ناکۆکى لەنێوان هەردوو حزبدا، بەو پێیەى پۆستەکە بەستراوەتەوە بە دابەشکردنى پۆستە باڵاکان لە هەرێمى کوردستان، لەگەڵ رێکنەکەوتنى هەردوو حزب لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێم و دواخستنى بۆ دواى هەڵبژاردن.

کیفاح مەحمود دەڵێت، ئەگەر کورد نەگاتە رێککەوتنی جددی و چارەنووسساز، رەنگە لە دانوستاندنەکانی داهاتووی بەغداد روبەڕووى ئەنجامى نەرێنى ببێتەوە. هەروەها کاریگەرییەکانی "رێککەوتنى ژێر بەژێرى کۆتا خولەک لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا" لەسەر وەرگرتنەوەى پۆستەکە بەدوور نازانێت.

خواستى حەلبوسی

بەپێچەوانەی پێداگریی کورد لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار، محەمەد حەلبوسی سەرکردەیەکى دیارى سوننەکان و سەرۆکى حزبى تەقەدوم خواستى خۆى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار نیشانداوە، دواى ئەوەى لە تشرینی دووەمی 2023 بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی سەرۆکى پەرلەمانى لە دەستدا.

حەلبوسى لە بانگەشەى هەڵبژاردندا لە ئەنبار جەختیکردەوە، خۆى بۆ هەر پۆستێک کاندید دەکات کە سوننەکان بڕیارى لێبدەن، لەناویاندا پۆستى سەرۆک کۆمار.

ئەم لێدوانە کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی ئاماژەیە بە گۆڕانکاریی لە نەریتى سیاسی پێکهاتوو لە ساڵی 2005ەوە، کە پۆستى سەرۆک کۆمارى بۆ کورد و سەرۆک وەزیرانى بۆ شیعە و سەرۆکى پەرلەمانى بۆ سووننە دیاریکردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە تەقەدوم خواستی حەلبوسی بۆ وەرگرتنى پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت "پۆستەکانى سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان جێگای گفتوگۆیە لە نێوان کورد و سوننەدا، بەپێچەوانەی سەرۆکی وەزیرانەوە کە بۆ شیعەکانە".

وتیشى "هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی سوننە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لەم قۆناغەدا پرسێکی گرنگە بۆ وڵاتەکە، چونکە ئەم وڵاتە نوێنەرایەتی عێراق دەکات لە جیهانی عەرەبی. جگە لەوەش هاوپەیمانی ستراتیژیی نێوان شیعە و کورد بەو بەهێزییە نەماوە کە جاران هەبوو، هەروەها پێموایە عەرەبی سوننە ئەمڕۆ لە عەرەبی شیعە نزیکترن، ئەمەش دەتوانێت سیمای حکومەتی داهاتوو دابڕێژێت".

پێشتر عەبدولکەریم عەبتان سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەى حەلبوسى رایگەیاندبوو، ئەگەر هەیە لەگەڵ کورد رێکبکەون بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان پێ بدرێت، لەبەرانبەر پێدانى پۆستى سەرۆک کۆمار بە پێکهاتەی سوننە.

ئاماژەى بەوەشکردبوو، بەپێی دەستوور، سەرۆک کۆمار دەتوانێت رەشنووسی یاسا پێشکەش بکات، هەروەها بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیران، دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و سەرۆک وەزیران لەکاربخات. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی