بایکۆتی سەدرییەکان چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق؟

#سەدر#هەڵبژاردن
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکەدا بە تەواوەتی کەمببێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەندین ملیۆن کەس کە لایەنگری سەدرن بایکۆتی هەڵبژاردنەکە دەکەن، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق کە موقتەدا سەدر پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی هەیە لەو ناوچانەدا.
Primary Asset

سەدرییەکان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هەڵبژاردووە

سبەى

لە کاتێکدا سەدرییەکان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هەڵبژاردووە، بەشێک لەسەرکردەکانی ماڵی شیعە، ئامادەنەبوونی سەدر بە مەترسی نابینن و دەڵێن چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکان، بەو پێیەی نوێنەرایەتی 65%ی شیعەکان دەکات.

هەمان رووخسارەکان

سەدرییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا و 73 کورسیان مسۆگەر کرد. بەڵام ساڵی دواتر دوای ناڕەزایەتییەکی توند بەرامبەر بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە پەرلەمان کشایەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە گەیشتنە لوتکە، کاتێک لایەنگرانی سەدر هێرشیان کردە سەر بینای پەرلەمان و گەمارۆیان دا.

لەو کاتەوە موقتەدا سەدر لە ژیانی پەرلەمانی دوورکەوتووەتەوە. لەو شارەشی کە ناوی بنەماڵەکەی هەڵگرتووە و لە دەروازەی شاری بەغدادیە، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بووە بە سیمایەکی دیاری ناوچەی سەدر، بە پێچەوانەی هەندێک لە گەڕەکەکانی دیکەی بەغداد.

سەدرییەکان کە زۆرینەیان لە ناوچەی سەدر کۆبوونەتەوە دەڵێن، ئەوان هەموویان پشتگیری سەدر دەکەن. هاوکات داوای رابەرەکەیان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان جێبەجێدەکەن. سەدرییەکان باسیان لەوە کردووە هەڵبژاردنەکان هەمان رووخسارەکان دەهێنێتەوە شانۆی سیاسی، لەبەرئەوە داوای گۆڕانکاری دەکەن و دیگای موقتەدا سەدر بە دروستتر دەزانن، بۆ رزگارکردنی عێراق لەو گێژاوەی تێیکەوتووە. 

چەکی گروپەکان

بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، دیارترینیان داواکاری وەرگرتنەوەی چەکە لە گروپەکانی سەر بە ئێران و تێکەڵاوکردنیان لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەت. لەکاتێکدا چەکداماڵینی هەموو گروپەکان، بەبێ جیاوازی، داواکارییەکی دووبارەبووەوەی ئەمریکا بووە لە عێراق.

لە بەرامبەردا محەمەد شەیاع سودانی بەڵێنی داوە هەموو چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕوای وایە، کە ئەو خواستە نایەتەدی تا ئەو کاتەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا هەبێت.

سودانی روونی کردەوە پلانی چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و تا مانگی ئەیلولی 2026 پرۆسەی کشانەوەی ئەو هێزانە کۆتایی دێت. سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعشیش سەرۆکی وەزیرانی عێراق وتوویەتی، مەترسیی رێکخراوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. 

بەهۆی بەشداری نەکردنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردندا، قورسایی سەرەکی شیعەکان لە هەڵبژاردنەکاندا لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەبێت، کە هاوپەیمانییەکی شیعەی جیا لە سەدرییەکانە، کە حکومەتی ئێستای بە سەرۆکایەتی محەمەد شەیاع سودانی لێ پێکهێنراوە.

لەو بارەیەوە هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، کە سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگییە بە پێگەى بی بی سی راگەیاندووە، چەککردنی گروپەکان تەنیا کاتێک روودەدات، کە ناوچەکە سەقامگیر بێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆکردنەوەی چەک تەنها بڕیارێکی حکومەت نییە و پێویستە لەسەر ئەو پرسە حکومەت هەماهەنگی تەواو لەگەڵ گروپەکاندا بکات.

زەبری چاوەڕوانکراو

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوودا 41%  بووە. بەڵام خەمڵاندنەکانی دیکە باس لەوە دەکەن، کە ژمارە راستەقینەکان زۆر کەمترن لە ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆن.

چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکەدا بە تەواوەتی کەمببێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەندین ملیۆن کەس کە لایەنگری سەدرن بایکۆتی هەڵبژاردنەکە دەکەن، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق کە موقتەدا سەدر پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی هەیە لەو ناوچانەدا.

بەڵام هومام حەمودی نیگەران نییە و دەڵێت: رەنگە ئامادەنەبوونی سەدرییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، کاریگەری لەسەر هاوسەنگی ماڵی شیعە هەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نابێت کە هاوکێشەکان تێکبدات.

هومام حەمودی متمانەی بە سەرکەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە و وتى، "هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندی ئێمە یەکلایی دەبێتەوە، چونکە ئەو هێزە نوێنەرایەتی 65%ی شیعەکان دەکات".

سەبارەت بە دروستکردنی حکومەتیش هەندێک پێیان وایە پێکهێنانی حکومەت کارێکی ئاسان نابێت. هادی جەلو سەرۆکی روانگەی عێراقی بۆ ئازادییە رۆژنامەوانییەکان دەڵێت، ئەمریکا نایەوێت گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ببنە بەشێک لە حکومەتی داهاتوو، لە کاتێکیشدا ئەگەر جوڵەکان بە پێچەوانەی خواستی ئەمەریکاوە بن، ئەوا بەهەموو توانایەوە رێگری دەکات لە پێکهێنانی حکومەت.

جەلو دەشڵێت، نەبوونی سەدرییەکان، رەنگە دیمەنی سیاسی لە عێراقدا بگۆڕێت، چونکە دەکرێت پێکهاتەی سوننە ئەو دۆخە بەکاربهێنن، کە لەڕووی جوگرافییەوە لە هێزە شیعەکانەوە نزیکن و دەتوانن زەبری سیاسی لە هێزە شیعەکان بدەن.

لەدەرەوەی هەموو ئاڵۆزییە سیاسییەکان، سەرنجی زۆربەی عێراقییەکان، لەسەر ژیانێکی شایستە دەمێنێتەوە، بەڵام گومانیان لە توانای ئەم هەڵبژاردنانە هەیە، کە بتوانێت راستییەک دروستبکات، هەست بکەن بەشیان لە وڵاتەکەدا هەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی