
سبەی
ساڵی 2025 بە شەپۆلێک جەنگی گەورە و ململانێی کورتخایەن و ئاگربەستی فشەڵەوە کۆتاییهات، ململانێ درێژخایەنەکانی وەک شەڕی ئۆکراین و غەززە و سودان، تا دەگاتە پێکدادانی کورتی نێوان هیندستان و پاکستان، شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمەریکا. شرۆڤەکارانی سەربازی و سیاسی پێشبینی دەکەن ساڵی 2026 ئەو قەیرانانە و گرژییە ناوچەییەکان بەردەوامییان هەبێت لەگەڵ پێشبینی سەرهەڵدانی ململانێی نوێ لە جیهاندا.
ساڵی 2025 بە زنجیرەیەک جەنگ دەستی پێکرد، نەک هەر دەرئەنجامی مرۆیی و ئابووریی فراوانی لێکەوتەوە، بەڵکو کاریگەریی بەرچاویان لەسەر پێکهاتەی ئاسایشی جیهان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی و سەربازیی هەبوو.
جەنگەکانی ئۆکراین و غەززە و سودان، پێ دەنێنە ساڵی سێیەم و چوارەمی خۆیانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسی بەرچاویان بۆ کرابێت. لە مانگی ئایاردا ململانێیەکی سەربازی لە نێوان هیندستان و پاکستاندا سەریهەڵدایەوە، سەرەڕای ئەوەی بە نێوەندگیری ئەمەریکا بە خێرایی کۆتایی پێهات، بەڵام هەستیاری و لاوازی دۆخی ئاسایشی باشووری ئاسیای تێدا دەرکەوت.
شرۆڤەکاران پێیانوایە؛ لە ژینگەیەکی وادا ئەگەری هەیە ساڵی 2026 شەڕی نوێ یان بەردەوامیی پەرەسەندنی قەیرانەکانی ئێستا بەخۆیەوە ببینێت، چونکە هێشتا ململانێی سیاسی، مێژوویی و پێکهاتەییەکان چارەسەر نەکراون و ململانێ ناوچەیی و هەرێمییەکان ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان هەیە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە شەڕی بە وەکالەتەوە تا پەرەسەندنی ململانێیەکان
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی ساڵی 2025 شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بوو، سەرەتا بە هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی ئیسرائیل دەستیپێکرد، لە کاردانەوەشدا هێرشی مووشەکی بەرفروانی ئێرانی لێکەوتەوە. ئەوەش بە خاڵی وەرچەرخان و بەزاندنی هێڵە سوورەکان لەلایەن تاران و تەلئەڤیڤەوە پێناسە کرا.
شرۆڤەکارانی سەربازی پێیانوایە ئەم ململانێیە نەک هەر کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو دەکرێت سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان بێت لە داهاتوودا، ئەگەری دەستپێکردنەوەی "قۆناغی دووەمی جەنگ" لە ساڵی 2026 لە ئارادایە، چونکە ئەستەمە بەبێ چارەسەری سیاسی-دیپلۆماسی گرژییەکان بەتەواوەتی کۆتاییان پێبهێنرێت.
پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، لە بەرامبەردا هەوڵی ئیسرائیل بۆ بەشداریکردنی ئەمەریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، دەکرێت ببێتەوە هۆی پەرەسەندنی قەیرانەکە.
ململانێی هند و پاکستان و سێبەری دەستپێکردنەوەی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان جارێکی دیکە نیگەرانی سەبارەت بە ئاسایشی باشووری ئاسیای لێکەوتەوە. ململانێ سەربازییە کورتخایەنەکەی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2025، هەرچەندە بە نێوەندگیری نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام دەریخست کە ناکۆکییە ڕەگداکوتاوەکان لەسەر کشمیر هێشتا چارەسەر نەکراون. شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر هەیە لە ساڵی 2026 ململانێیەکی سنووردار بگەڕێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەردوو وڵات خاوەن چەکی ئەتۆمین، تەنانەت پێکدادانێکی سنوردار و کۆنترۆڵکراو دەکرێت لێکەوتەی ناوچەیی و جیهانی لێبکەوێتەوە.
ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان نیگەرانییەکی گەورەیە. دۆخی هەستیاری سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، هێرشی ناوبەناو، فشارەکانی تەلئەڤیڤ بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی حیزبوڵڵا، مەترسی پەرەسەندنی ململانێیەکانی زیاتر کردووە. شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەگەر هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا یان کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان شکست بهێنێت، ئەگەری هەیە شەڕێکی بەرفراوانتر دەستپێبکاتەوە و تەواوی ناوچەکە بخاتە ناو قەیرانێکی نوێوە؛ قەیرانێک کە پریشکەکەی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە.
دەریای سوور و یەمەن: هەڕەشەیەک بۆ سەر بازرگانی جیهانی
هێرشی ناوبەناوی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب یەکێک بوو لە ئاڵنگارییە جیهانییەکان لە ساڵی 2025 و پێدەچێت لە ساڵی نوێدا ناسەقامگیریی لەو ناوچەیە بەردەوام بێت.
بەفەرمی ناساندنی دەوڵەتی سۆماڵیلاند لەلایەن ئیسرائیلەوە لەلایەن شرۆڤەکارە سەربازییەکانەوە وەک بەزاندنی هێڵێکی سوور ئەژمار دەکرێت، پێدەچێت هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە نەخشەی ناوچەکە دەستی پێکردبێت.
ئەوروپا؛ شەڕی ئۆکراین و مەترسی پەرەسەندنی ناسەقامگیری
زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراین تێدەپەڕێت، سەرەڕای هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، بەڵام ئاڵۆزی پرسەکە و پێداگری لایەنەکان لەسەر داواکارییەکانی خۆیان ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە نیشان نادات، شرۆڤەکارانی سیاسی پێشبینی فرانبوونی زیاتری جەنگەکە دەکەن لە ساڵی نوێدا.
چین و تایوان؛ ڕکابەریەکی گەورەتر
نیگەرانییەکی دیکە بۆ ئاسایشی جیهانی لە ساڵی 2026، گرژییەکانی چین و تایوانە. شرۆڤەکارانی سەربازی هۆشداییان داوە پەرەپێدانی هێزی سەربازی چین و دەستوەردانەکانی ئەمەریکا لە تایوان، ئەگەری هێرش یان فشاری سەربازی بۆ سەر ئەو دورگەیە زیاتر کردووە. هەرچەندە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی گەورە نییە لە ئارادانییە، بەڵام زیادبوونی گرژییەکان پێشبینیکراوە و مەترسی پێکدادان هەر ماوە.
دەرئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ
شەڕ و گرژییە سەربازییەکان تەنیا بە دەرئەنجام و لێکەوتەی ئاسایشی و سەربازی سنووردار نابن، بەڵکو کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەورەیان لەسەر وڵاتانی بەشدار و دەرەوەی ئەو جەنگانە دەبێت. ملیارەها دۆلار پارەی تەرخانکراو بۆ پڕچەککردنی سوپا و ژێرخانی سەربازی خەرج دەکرێت، لەبەرامبەردا کاریگەریی گەورەی ئابوری و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، بە ملیۆنان کەس ئاوارە دەبن، بە هەزاران کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە، بازاڕەکانی وزەی جیهانی و بازرگانی نێودەوڵەتیش دەکەوێتە ژێر فشارەوە، ئەوەش لاوازبوونی زیاتری ئابووری جیهانی لە ساڵی نوێدا لێدەکەوێتەوە.
