هەیبەت حەلبوسى بەسەرۆکى نوێی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەڵبژێردرا

#هەیبەت حەلبوسى
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەیبەت حەلبوسی سیاسییەكی عێراقییە و لەدایكبووی 1980یە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەرە لە زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی موستەنسریەی بەغداد، ئەندامى خولەکانی چوارەم و پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە. لەخولى پێشوودا سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە بووە.
Primary Asset

سبەى

هەیبەت حەلبوسى سەرکردە لە هاوپەیمانى تەقەدوم بەسەرۆکى نوێی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەڵبژێردرا.

لەیەکەم دانیشتنى خولى نوێی ئەنجومەنى نوێنەران، كە رۆژی 29-12-2025 بەڕێوەچوو، 292 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی یاساییان خوارد، عامر فایز، سەرۆكی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەران دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن كردەوە و هەریەك لە هەیبەت حەلبوسی و سالم عیساوی و عامر عەبدولجەبار خۆیان بەربژێر كرد، موسەنا سامەرائیش لە بەربژێربوون كشایەوە.

لە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی ئەنجومەندا، حەلبوسى 208 دەنگى بەدەستهێنا لەکۆى 309 پەرلەمانتارى ئامادەبوو، هەروەها سالم عیساوى 66 دەنگ و عامر عەبدولجەبار نۆ دەنگى بەدەستهێنا، لەگەڵ 29 دەنگى پوچەڵ.

هەیبەت حەلبوسی سیاسییەكی عێراقییە و لەدایكبووی 1980یە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەرە لە زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی موستەنسریەی بەغداد، ئەندامى خولەکانی چوارەم و پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە و لەهەردوو خولەکەدا سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە بووە.

 یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی حزبی تەقەدوم كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی دوورخراوەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆكایەتی دەكات و ئامۆزاى حەلبوسییە.

ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەكان، كە لە حزبە براوەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پێكهاتوون، شەوی 28-12-2025 بەربژێركردنی هەیبەت حەلبوسی راگەیاند بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لەدوایین هەڵبژاردنى پەلەمانى عێراق، هەیبەت حەلبوسی زۆرترین دەنگی پارێزگای ئەنبارى بەدەستهێنا کە 51.568 هەزار دەنگ بوو. 

هەیبەت حەلبوسی لەناو سوننەكان بە دەستەڕاستی محەمەد حەلبوسی دادەنرێت، لە خولی پێشووشدا سەرۆكی فراكسیۆنی تەقەدوم بوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بەشێوەیەك سوننەكان پێیان وایە محەمەد حەلبوسی بە بەربژێركردنی هەیبەت حەلبوسی وەكو ئەوەیە خۆی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، بەبێ ئەوەی پێویست بكات خۆی بچێتە ئەنجومەن.

بەپێی ئەو عورف و دابونەریتە سیاسییەی لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق پەیڕەو كراوە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننەكان، جێگری یەكەم بۆ شیعەكان و جێگری دووەم بۆ كورد دیاریكراوە.

دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆك كۆماری عێراق بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد رۆژی (29ـی كانوونی یەكەمی 2025) دانیشتنی یەكەم ئەنجامبدەن.

رۆژی (14ـی كانوونی یەكەمی 2025) دادگای باڵای فیدراڵی لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا وردبینی بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد. دواتر دادگای فیدراڵی نوسراوی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق كرد.ەت حەلبوسى بەسەرۆکى نوێی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەڵبژێردرا

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی