
بەپێی بەدواچونێکی سبەی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 مزگەوت قیبلەکانیان هەڵەبون و لەلایەن ئەوقافی شارەکانەوە ڕاستکراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگاکانی هەرێم دەڵێن، دیارینەکردنی قیبلە بە شێوەی زانستی هۆکاری هەڵەکانە.
لە هەڵەبجە نزیکەی 15 مزگەوت قبیلەکانیان هەڵەبون
پارێزگای هەڵەبجە لە قبیلەی هەڵەدا پشکی شێری بەرکەوتوە، ئارام جەمال بەڕێوەبەری ئەوقافی پارێزگاکە بە سبەی ڕاگەیاند، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان قیبلەی نزیکەی 15 مزگەوت هەڵەبون، کە بەشێکیان دوای ڕوخاندن و دوبارە دروستکردنەوەیان چاککراون، بەشێکی دیکەشیان لە ڕێگەی جوڵاندنی ڕاخەر و بەرماڵەکانەوە چاککراون. باسی لەوەشکرد، مزگەوتی مێژویی خورماڵ یەکێک لەو مزگەوتانەی قیبلەکەی هەڵەیە بەڵام بەهۆی ئەوەی مزگەوتێکی مێژوییە تەنها لە ڕێگەی جوڵاندنی ڕاخەر و بەرماڵەکانیانەوە ڕاستکراوەتەوە.
لە هەولێریش نزیکەی 10 مزگەوت قیبلەکانیان هەڵەبون
تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە سبەی ڕاگەیاند، لە سنوری هەولێر نزیکەی 10 مزگەوت قیبلەکانیان هەڵە بوە، بەڵام دواتر توانراوە بەشێوەی زانستی ڕاستبکرێنەوە. لەسەر شێوازی چاککردنەوەی قیبلەکانیش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕاستکردنەوەی قیبلەی مزگەوتەکان لە ڕێگەی جوڵاندنی ڕاخەر و بەرماڵەکانیانەوە بوە تا گرفت بۆ نوێژخوێنان دروست نەبێت.
لە سلێمانی قیبلەی سێ مزگەوت هەڵە بووە
هاوژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە سبەی وت، لە ئەمساڵدا قبیلەی سێ مزگەوتیان ڕاستکردوەتەوە کە هەڵەبون، بەهۆی ئەوەشی کە مزگەوتەکان دوای دروستکردنیان زانراوە قیبلەیان هەڵەیە بۆیە بە جوڵاندانی ڕاخەر و بەرماڵ قیبلەکانیان ڕاستکراونەتەوە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ناوی مزگەوتەکانی ئاشکراکرد کە بریتین لە: "مزگەوتەکانی چوارتاق، شیوەکەڵ و ڕێبواران".
ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی توێژینەوەیەک کە دوو خوێندکاری بەشی زانستی ئایینیی سلێمانی لە ساڵی 2015 - 2016 ئەنجامیانداوە، "قیبلەی 15 مزگەوت لە سلێمانی هەڵە بووە". بەڵام هاوژین ڕەئوف لەسەر ئەو بابەتە ڕایگەیاند، ئەوەندەی ئەوان ئاگاداربن تەنها قیبلەی ئەو سێ مزگەوتە هەڵە بوە.
لە دهۆک تەنها یەک مزگەوت قیبلەی هەڵە بوە
لە پارێزگای دهۆک هەزار و 100 مزگەوت هەن بە وتەی محەممەد خالید، بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆک لەو ژمارەیە تەنها قیبلەی یەک مزگەوت هەڵە بوە، ئەو مزگەوتەش دوو ساڵ پێش ئێستا توانراوە قیبلەکەی ڕاستکرێتەوە.
بۆچی قیبلەی مزگەوتەکان هەڵەیە؟
زۆرینەی بەڕێوەبەری ئەوقافی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هۆکاری هەڵەبونی قیبلەی مزگەوتەکان بۆ دیارینەکردنی قیبلەکان بەشێوەی زانستی دەگەڕێنەوە، ئارام جەمال بەڕێوەبەری ئەوقافی هەڵەبجە وتی، "بەشێکی ئەو مزگەوتانەی قیبلەکانیان هەڵەبوە، مزگەوتە کۆنەکان بون یان ئەو شوێنانە بون کە لە بنەڕەتدا بۆ مزگەوت دروستنەکراون".
نوێژ لەناو ئەو مزگەوتانە دروستە کە قیبلەکانیان هەڵە بوە؟
تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر ڕونیکردەوە، ئەوان پرسی لیژنەکانی فتوایان کردوە و لیژنەکە پێی وتون کە ئەنجامدانی نوێژ لەو مزگەوتانەدا دروستن چونکە ڕێژەی هەڵە بونەکە تەنها چەند نمرەیەکی کەمبون و توانراوە بە ئاسانی چارەسەر بکرێن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت هەن
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بۆ سبەی ناردون، لە هەرێمی کوردستان 6083 مزگەوت هەن، هەروەها لە 3800 مزگەوت وتاری هەینیی هەیە کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا دەکەن.
